کۆچبەرێکی کورد: قاچاخچی بە زۆر کۆچبەرم پێدەخەنە چووپ و بارهەڵگرەوە

ليست هناك تعليقات

 


کۆچی گەنجان مژارێکی هەنووکەیی هەرێمی کوردستانە و هەریەکێک لەوان کە کۆچ دەکەن خاوەنی چیرۆکێکی تایبەت بە خۆیانن. یەکێک لەو گەنجانەی کە کۆچی کردووە و گەیشتووەتە فەرەنسا. بە گوتەی خۆی دەیەوێت بگەڕێتەوە هەرێمی کوردستان، بەڵام قاچاخچی ناهێڵێت و بە زۆر کاری پێدەکات.

شاسوار جەلال، کۆچبەرێکی 19 ساڵانی کوردە لە فەرەنسا. ئەو خەڵکی هەڵەبجەی تازەیە و ماڵیان لە گەڕەکی سیروانییەکانە. بەر لەوەی رێگەی کۆچ بگرێتە بەر، لە هەرێمی کوردستان کرێکاریی کردووە.

شاسوار جەلال گوتی: "لەبەر کەمدەرامەتی و نەبوونی هەوڵم دا بچمە ئەوروپا. سەرەتا بە پاسپۆرت بە گەشت چوومە بیلاڕووس کە پارەیەکی زۆریان لێسەندین -- نووسینگە گەشتیارییەکان هەوڵی خواردنی پارەی گەنجان دەدەن. لە بیلاڕووسەوە لەناو سەرما و سەختییەکی زۆردا قاچاخچی بردینیە پۆڵەندا. لەوێیشەوە چووین بۆ ئەڵمانیا. لە ئەڵمانیایشەوە چووینە هۆڵەندا و لەوێیشەوە چووینە فەرەنسا. ئێستا لە فەرەنسام."

شاسوار لەبارەی هەڵسوکەوتی قاچاخچییەکانەوە لەگەڵ کۆچبەراندا ئاماژەی بەوە دا کە لەو رێگەیەدا قاچاخچی ستەمێکی زۆرت لێدەکات، پارەیەکی زۆرت لێدەستێنێت و بە زۆر سواری چووپ و بارهەڵگرت دەکەن. ئەو گوتی: "قاچاخچییەکان تاوەکو ئەڵمانیا 140 گەڵا [14 هەزار دۆلاریان]یان لێ وەرگرتم."

ئەو کۆچبەرە کوردە کە دەیەوێت بگەڕێتەوە گوتی: "ئێستا لە فەرەنسا قاچاخچی بە زۆر کارم پێدەکات و دەبێت لەناو چادردا بخەوم. قاچاخچییەکە داوای پارەم لێدەکات و دەڵێت، دەبێت دوو دەفتەر دۆلار بدەیت ئینجا دەهێڵم بچیت بۆ هەر وڵاتێک کە خۆت دەتەوێت."

شاسوار باسی لەوە کرد کە ئەو کاتەی لە هەرێمی کوردستان بووە وازی لە خوێندن هێناوە و خەریکی کرێکاری بووە، لەبارەی سەختییەکانی ژیانی کۆچبەریی خۆیەوە ئەوەی خستەڕوو کە رۆژانە دوو ژەم نان دەخوات، ئەویش رێکخراوێک دەچێت خواردنی نیوەڕۆ و ئێوارانیان دەداتێ کە هەر ئەوەیان هەیە و ئەوەیش بەو جۆرە نییە کە تێر بخۆم.

ئەو کۆچبەرە باس لەوە دەکات کە ئێستا ماڵەوەیان ئاگایان لە دۆخی نییە و، لە ماڵەوە بە دڵخۆشییەوە بۆ ژیانێکی تازە و خۆش رۆیشتووە و دەڵێت: "نامەوێت پەیوەندی بە ماڵەوە بکەم، لەبەر ئەوەی لە دۆخیکی وادا نیم و نامەوێت ئەوان بێتاقەت بکەم."

شاسوار نزیکەی چوار مانگە هەرێمی کوردستانی جێهێشتووە و دوو مانگ و نیو دەبێت گەیشتووەتە فەرەنسا. ئەو دەڵێت: "ئێستا قاچاخچی بە زۆر کارم پێدەکەن کە کارەکەیش ئەوەیە بە زۆر خەڵک بخەمە ناو چووپ و بارهەڵگرەوە. بۆیە داوا دەکەم حکومەتی هەرێمی کوردستان یارمەتیم بدات بۆ ئەوەی بگەڕێمەوە نیشتمانی خۆم، چونکە من ئێستا لەژێر قەرزێکی زۆردام."

هاوکات د. عەلی دۆڵەمەڕی، نوێنەری حكومەتی ھەرێمی كوردستان له فەرەنسا بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "ئەو کۆچبەرانەی هاتوونەتە فەرەنسا بە ئارەزووی خۆیان هاتوون. ئەو کۆچبەرانەی دەیانەوێت ئارەزوومەندانە بگەڕێنەوە دوو رێگەیان لەپێشە: یەکەمیان ئەوەیە داوا لە فەرمانگەیەکی حکومەتی فەرەنسا بە ناوی ئۆفی بکەن و دەڵین، دەمانەوێت بە ئارەزوومەندانە بگەڕێینەوە، بەلام پێویستی بە کاتە تاوەکو نۆرەیان دێت و تکتی فڕۆکەیان بۆ دەکڕن. دووەمیشیان ئەوەیە کە کۆچبەرەکە خۆی تکتی فڕۆکە بکڕێت، پاشان دەچێت بۆ باڵیۆزخانەی عێراق و، لەوێ کاخەزێکی دەدەنێ کە دەتوانێت لە فڕۆکەخانەکانی فەرەنساوە بۆ وڵاتەکەی خۆی بگەڕێتەوە. جگە لەم دوو رێگەیە هیچ رێگەیەکی دیکە نییە."

د. عەلی دۆڵەمەڕی لەبارەی کێشەکەی شاسوارەوە گوتی: "کێشەی ئەم کەسە پەیوەندیی بە حکومەتی هەرێمی کوردستان و باڵیۆزخانەی عێراقەوە نییە، ئەمە کێشەیەکی کەسیی خۆیەتی و خۆی بە ئارەزوومەندانە هاتووە. بەڵام بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان ئەو کەسەی لە فەرەنسا بێت، ئەگەر هاتو بەڵگەی مانەوە و نیشتەجێبوونی نەبێت، هیچ کەسێک کاری بۆ ناکات، چونکە بە نایاسایی لەو وڵاتە دەژی. ئەگەر کەسێکیش یارمەتیی بدات، ئەگەر پۆلیس بیانگرێت ئەو کەسە بە قاچاخچی دەناسرێت، چونکە یارمەتیی کەسێکی داوە کە بەبێ بەڵگەی نیشتەجێبوون و ڤیزا لەو وڵاتەیە."

نوێنەری حكومەتی ھەرێمی كوردستان له فەرەنسا جەختی لەوە کردەوە کە هیچ کەس و لایەنێک ناتوانێت کار بۆ ئەم جۆرە کەسانە بکات، بەڵام ئەگەر بیانەوێت بە ئارەزوومەندانە بگەڕێنەوە، ئەوان دەتوانن بۆ گەڕانەوە یارمەتییان بدەین.

هەفتانە ژمارەیەکی زۆر کۆچبەر لە فەرەنسا و بێلاڕووسەوە دەیانەوێت بە ئارەزوومەندانە بگەڕێنەوە، چونکە دەبینن رێگەکە سەختە و رێگەی مەرگە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif