بۆچی گەنجی کورد بەلەسەیە؟

ليست هناك تعليقات


د. موئمین زەڵمی

هەموومان بەرپرسیارین، سەرنج بدەن، نە پڕۆژە، نە بیرکردنەوە، و نە خەمخواردنێکی جیددی نیە بۆ سێ نەوەی یەکلەدوایەکی ئەم چارەکە سەدەیە، بە دەسەڵات و ئۆزسیۆنیشەوە دە/١٠ ساڵە نەوەیەکمان بەجێهێشتووە خۆی ناناسێ، ئێستاش لەگەڵ نەوەیەکداین، ئەلفوبێی مامەڵەکردنی نازانین، بۆ دە/١٠ ساڵی داهاتووش نەوەیەکمان لە پێشە، نە تینمان هەیە لەگەڵی بین و نە دەزانین دەبێ بە کام ئەپڵیکەیشن ڕازی بکەین پیاسەیەکمان لەگەڵ بکات.

نەوەیەک کەتەنها قوربانییە، قوربانی پێفرۆشتنەوەی خەباتی شاخ، قوربانی پێهەڵداهەڵگوتنەوەی ئەلفوسەنای نەسیحەت، قوربانی بانگەشەی ناتەبای نیشتماندۆستی و ئایینپەروەری و دیموکراتخوازی گەورەکان، قوربانی خواستی زۆر و داهاتی کەمی خێزانەکان، قوربانی شەپۆلێکی جیهاننگەرایی بێ رەحم کە گەورەکان لە پێناو چێژی خۆیاندا، هەموو دەرگاکانی کوردستانیان بۆ کردەوە و بە چەپڵەوە پێشوازییان لێکرد، قوربانی مۆدێل و ڤێرژن و بلۆکی زەبەڵاحی سەرمایەداری، قوربانی حەزی گەورەکان. هەزاران گەنج هیچ نەسیحەتێکی دینی و نیشتیماندۆستی و کۆمەڵایەتی ڕایانناگرێ و ڕێگای هاتونەهاتی ئاو و دەریا و جەنگەڵی هەندەران دەگرنەبەر، سەدان گەنج لەسەر پارکینگ و فوول لایت و پارەی کافتریا و قومار ڕۆژانە لەقەرەباڵغییەکی بێدەنگدا بێدەنگ دەبن، کە گەورەکانیش دەدوێنی، تۆمەتی نەزانی و عەوامی و بەلەسەیی دەخەنە پاڵیان، ئاخر زۆر زەحمەتە تێگەشتن لەم نەوەیەی کە تەنها خۆی دەزانێ چی دەوێ و بە دوایی چیدا وێڵە، گەنجێک دڵنیایی و متمانەی نیە ئەمڕۆیەکی ئارامی هەبێت، بە کام پاڵنەرەوە بتوانێ ژیانی هاوبەش پێکەوە بنێ و ئارامیی بەدەستبهێنێ، کاتێک تەخشان و پەخشانکردنی پارەی بازرگان و سەرمایەدارەکان تەنها بۆ ژمارەیەکی کەمی گەنجانە وئەوانیتر دەبێ یان تەماشەکار بن، یان کۆچ بکەن و یان بۆ یەکجاری لەم هۆڵی تەماشاییە بچنە دەرەوە و کۆتایی بە شانۆی ژیانیان بهێنن.

سەیرێکی لەفزوکەلامی خۆت بکەرەوە، تۆی گەورە هێشتاش پێت وایە گەنجی کورد بەلەسەیە، نەخێر گەنجی کورد، گەورەکان بە هەموو تاقم و تیپ و حزب و گرۆکانەوە نەیانتوانیوە تەنها وەڵامی یەک پرسیاری بدەنەوە، ئایا ئەو چۆن لەگەڵ ئەم ژیانە جەنجاڵە، بێ هیوا و نائومێدییە ڕابێت، ئیتر ئەم تۆمەت بەخشینەوەیەش ڕابگرن.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif