بۆچی پرۆژە بڕیارەکەی پەرلەمانی فرەنسا دەنگی نەهێنا

ليست هناك تعليقات


 سالار محمود
-
ھەوڵدەدەم بەکورتی و لە ١٠ خاڵدا وڵامی ئەو ناونیشانە بدەمەوە.

ئامادەکردنی پرۆژە بڕیاری ناساندنی کۆمەڵکوژی کورد لە کوردستانی عیراق وەک ھەوڵێک بۆ ناساندن، گرنگ بوو. لەوەش گرنگتر چوە ناو بەرنامەی کاری پەرلەمان و، خرایە دەنگدانەوە. بەڵام دەنگی پێویستی نەھێناو نەبوو بە بڕیار.

یەکەم: دەستخۆشی و گەیاندنی پێزانین بۆ ئەو پەرلەمانتارو پارتانەی پشتگیری پرۆژەکەیان کردوە گرنگە. بەئامانجی بەردەوامیدان بە پەیوەندی و ھاوسۆزی.

دووەم: دیراسەکردنی ھۆکارەکانی پشتگیری نەکردنی پرۆژەکە لەلایەن ئەوانی ترەوە گرنگە.

سێیەم: بە درێژایی ئەمڕۆ میدیای پارتەکانی کوردستان بێبایەخ و کەمتەرخەمانە لەو ھەوڵەو لەو پرۆژە گرنگەیان روانی و رووماڵ کرد.

چوارەم: دەرکەوت پرسی ناساندنی جینۆسایدی کوردستان لە ئەجندای سیاسی کورددا ئەولەویەتی نیە.

پێنجەم: دیبلۆماسیەتی کورد لەفرەنسا لاوازو بێ کاریگەرە. تەنانەت ناتوانن ئەو پرۆژانەی خەڵکی تر بۆ کوردی دەکات، ھاوپشتی بۆ دروست بکەن و رای سیاسی و گشتی ناوەوەی کوردستانی لێ بەئاگا بھێنن.

شەشەم: رەوەندی کوردی نادیدە گیراوە، ئەگینا کەمپەین بکرایە پێشترو، پەیوەندی و ھاوپشتی لەگەڵ ئەو ھێزە گەورە مرۆییە بکرایە، ئەوان دەیانتوانی بە چالاکی مەدەنی لەبەردەم پەرلەمان و ساڵۆنەکانی تر. رۆڵ ببینن.

حەوتەم: پرۆژەکە لە بنەمادا بیرۆکەی لایەنەکانی دەرەوەی حکومەتی فرەنسا بووە، بۆیە زۆرینەی پەرلەمانی پشتیوانیان لێ نەکردوە.

ھەشتەم: لۆبی ئەرمەنی توانیویانە جینۆسایدی گەلی ئەرمەن بە پرۆژە بڕیارێکی ھاوشێوە لە پەرلەمانی فرەنسا بناسێنن. ئەوەی کوردستان سەرکەوتوو نەبوو. دیارە لۆبی کوردی بوونی نییە.

نۆیەم: فرەنسا ئەندامی ھەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشە، ئەو پرۆژە ببوایەتە بڕیار پەلی دەکێشا بۆ ئاستی باڵاتر. مەبەست ئەوەیە کاریگەری بڕیار لەپەرلەمانی فرەنسا وەک پەرلەمانی وڵاتانی تری ئەوروپا نیە.

دەیەم: ئەم ھەوڵە گرنگەی کە دراو ئاکامی نەبوو لەم قۆناغە باببێتە دەرفەتی بەھۆشداریدان بە حکومەتی ھەرێم و حزبەکان بۆ دەستپێکی قۆناغێکی نوێی کارکردن لەسەر بە جیھان ناساندنی جینۆسایدی کورد.

ئەم پرسە جارەنوسسازە ھەرگیز کۆن نابێ. جینۆساید تاوانی نێودەوڵەتیەو یاسای نێودەوڵەتی ھەیە بۆ بەرەنگاربونەوەی.



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif