لوبنان و عیراق دوو ھاوشێوە لە داگیرکاریی و تیرۆردا

ليست هناك تعليقات


بڵێسە جبار فرمان
-
لوبنان ئەو وڵاتەیە سنووری لەگەڵ سوریا و ئیسرائیلدا ھەیە و ساڵانێکی زۆر شەڕی ناوخۆی بە خۆیەوە بینیوە.

لە ساڵی 1975 تا ساڵی 1990 دووچاری شەڕی ناوخۆ بوو، بەھۆیەوە تووشی داگیرکاری بوو لەلایەن سوریاوە.

لە ساڵی 1976 و ساڵێک دوای دەستپێکی شەڕ، سوپای سوریا ھاتە ناو خاکی لوبنانەوە، لەژێر ناوی ناوبژیوانی و دەرکردنی سوپای ئیسرائیل، ئەو وڵاتەی داگیرکرد و سیاسەت و ئابووری ئەو وڵاتەی خستە ژێر رکێڤی خۆیەوە.

ئەم چوونە ناوەوەی سوپای سوری لەلایەن بەشێک لە ھێزە سیاسییەکان و خەڵک بە داگیرکاریی و لەلایەن ھەندێکی دیکەوە بە ھاوکار دەبینران.

لەگەڵ ئەوەی سوپای سوریا دژێکی زۆری ھەبوو، بەڵام ساڵانێکی زۆر لە لوبنان مایەوە و سیاسەتی ئەو وڵاتەی بە تەواوی کۆنترۆل کردبوو.

سەرۆک کۆماری ئەو کاتی وڵات ئێمیل لەحود بە یەکێک لە نزیکەکانی رژێمی سوریا دادەنرا. ئێمیل لەحود پلەی جەنەڕاڵی ھەبوو لە سوپای لوبنانی. بەپێی دەستووری ئەو کات کەسانی سەربازی بۆیان نەبوو خۆیان بۆ سەرۆکایەتی وڵات کاندید بکەن.

گۆڕانکاری لە دەستووری لوبناندا

لە ساڵی 1998 دەستووری لوبنان لەژێر فشاری سوریا گۆڕانکاری بەسەردا ھات و بە شێوەیەک گۆڕا کە رێگا درا بە کەسانی پلەدار لە سوپای لوبنانی خۆیان بۆ سەرۆکی وڵات بپاڵێون. بەو ھۆیەوە ئێمیل لەحود بوو بە سەرۆک کۆمار.

سەرۆکی وڵات لە دەستووری لوبناندا بۆ ماوەی 3 ساڵ لەلایەن پەرلەمانەوە ھەڵدەبژێردرێت و بۆی ھەیە دوو خول لەو پۆستەدا بمێنێتەوە.

لە ماوەی مانەوەی سوپاسی سوریا لە لوبنان چەندین حزب دروست بوون کە دژ بە مانەوەی ئەوان و دەستوەردانیان بوون لە کاروباری وڵات.

رەفیق حەریری یەکێک بوو لە دژە سەرسەختەکان و جەماوەرێکی زۆری ھەبوو.

سیاسەتە میانڕەوەکەی و کردنەوەی وڵاتەکەی بەڕووی وەبەرھێنانی سعودی و بیانی بووە ھۆی بەرەوپێشچوونی ئابووری لبنان.

حەریری چەندین جار لەلایەن سوریاوە ھەڕەشەی لێکراوە، بەڵام لەسەر سیاسەت و رەوتی کرانەوەی بەڕووی سعودیە بەردەوام بوو.

سوریا فشارێکی زۆری دەکرد بۆ سێیەم بارە کاندیدکردنەوەی ئێمیل لەحود کە پێچەوانەی دەستووری ئەو وڵاتە بوو.

رەفیق حەریری دژ بە پێشێلکردنی دەستوور وەستایەوە و دژ بە سێیەم جار کاندیدکردنەوەی ئێمیل لحود بوو. 

ھەموو ئەو فشارانەی لەسەر حەریری بوو لەلایەن سوریاوە ئەویان پاشگەز نەکردەوە لەو سیاسەتەی گرتبوویەبەر دژ بە داگیرکاری سوریا و دەستوەردانەکانی ئەو وڵاتە لە کاروباری ناوخۆی لوبنان.

ئەم سیاسەتەی حەریری دژ بە خواستی سوریا و ئەو لایەنانەش بوو کە نزیک بوون لەو وڵاتەوە.

رەفیق حەریری لە ئوکتۆبەری 2004 دەستی لە پۆستەکەی کێشایەوە و خۆی بۆ ھەڵبژاردنەکانی 29/5/2005 ئامادە دەکرد.

بەھۆی نەھجی سیاسەتی دژ بە سوریای، چەند مانگێک بەر لە ھەڵبژاردنەکان و لە 14/2/2005 لە رێگای بۆمبی چێندراوەوە رەفیق حەریری سەرۆکوەزیرانی دەست لە کار کێشراوەی لوبنان تیرۆر کرا.

دوا بەدوای کوژرانی رەفیق حەریری، خۆپیشاندان دژ بە داگیرکاری سوریا دەستی پێکرد. ئەو خۆپیشاندانە بە شۆڕشی (ئەلئەرز) ناونراو بەھۆیەوە لە 27/4/2005 دوای زیاتر لە 30 ساڵ داگیرکاری سوریا، سوپای سوریا لوبنانی بەجێھێشت.

لەگەڵ ئەوەشدا پەرلەمانی ھەڵبژێردراو لە 2005 نەیتوانی دژ بە خواستی سوریا بوەستێتەوە و لە دەرەوەی دەستوور ئێمیل لەحود بۆ خولی سێیەم ھەڵبژێردرا تا 30/11/2007.

حزبوڵڵای لوبنانی بە تیرۆرکردنی رفیق حەریری و کوشتنی 200 کەسی تر تۆمەتبار کراو لە 18/8/2020 ئەندامێکی ئەو حزبە بە غیابی لەسەر ئەو تاوانە لە دادگای دانھاغ حوکم درا.

عێراق؛ لە زۆر رووە ھاوشێوەی لوبنانە

عێراقیش وەکو لوبنان فرە مەزھەب و فرە کیانە، ساڵانێکی زۆر جەنگی بەخۆیەوە دیوە، خاوەنی ئابوورییەکی داڕماوە و زیاتر داگیرکاری و دەستێوەردانی وڵاتانی دراوسێ بەسەریدا زاڵە.

لە دوای روخانی رژێمی بەعسەوە چەندەھا حزب و سەرکردە دروست بوون کە وەلائی خۆیان بۆ وڵاتانی دراوسێ نەشاردووەتەوە.

لەدوای ئاشکرابوونی دەرئەنجامی کۆتا ھەڵبژاردنەکان و کەمبوونەوەی دەنگی ھەندێک لایەنی نزیک لە وڵاتانی دراوسێ، بە ئاشکرا ھەڕەشەی تێکدان و روخانی حکومەت و تیرۆرکردنی ئەندامانی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردن و ئەو سەرکردانە دەکەن کە کار بۆ سەروەری عێراق دەکەن.

بە ئاشکرا قەیس خەزعەلی و … ھەڕەشەیان لە سەرۆکوەزیران کرد و دووپاتیان کردەوە کە دان بە دەرئەنجامی ھەڵبژادندا نانێن و قبووڵی ناکەن.

ھەرچەندە ھەوڵی تیرۆرکردنی مستەفا کازمی شکستی ھێنا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەرھاویشتەکانی لەسەر گۆڕەپانی سیاسی عێراق زۆر بەرجەستەیە.

کازمی لەگەڵ ئەوەی سەرۆک وەزیرانە لە ھەمان کاتدا فەرماندەی ھێزە چەکدارەکانی عێراقە.

من باس لەوە ناکەم کە ئەم ھێرشە لاوازی سوپای عێراق و دەزگا ھەواڵگرییەکانی دەرخست، بەڵکو روونی کردەوە کە جیاوازی لە بۆچوونی سیاسی و شێوازی بەڕێوەبردنی وڵات لە ئێستا بە دواوە بەشێوازێکی تر چارەسەر دەکرێت دوور لە گفتوگۆ .

لایەنە ناڕازییەکان هەوڵی گۆڕینی ھاوکێشەکە دەدەن،

ئەو لایەنانەی رازی نین بە دەرئەنجامی ھەڵبژاردنەکان، بۆ گۆڕینی ھاوکێشەکە بە لای خۆیاندا دەست بۆ سەرەوەی ھەرەمی دەسەڵات دەبەن و لەڕێگای ھەڕەشە و تیرۆرەوە خواستی خۆیان و پاڵپشتەکانیان دەچەسپێنن.

ئەمە لە ھەموو کات زیاتر روونی دەکاتەوە کە ھەڵبژاردن لە عێراقدا بێجگە لە بانگەشەکردنی دیموکراسی ھیچی تر نییە.

دابەشکاری دەسەڵات و کورسی پەرلەمان لە ژوورە تاریکەکان و لەنێوان ھێزە سیاسییەکاندا دەکرێت.

ئەم ھەوڵە تیرۆریستییە خامۆشکردنی کۆتا تروسکایی باوەڕبوون بوو بە دیموکراسی لە عێراقدا و خاپورکردنی ئەو ھەنگاوانەی نراون بۆ بونیادنانی ژێرخانی ئابووری عێراق.

لەگەڵ کرانەوەی عێراق بە رووی وڵاتانی عەرەبی و وڵاتانی کەنداودا، ھەوڵی تێکشکاندن و لەناوبردنی ئەو کەس و لایەنانە ھاتە ئاراوە کە ئەو ھەوڵە دەدن.

عێراق ھاوشێوەی لوبنان بەرەو چارەنووسێکی نادیار و داڕمانی ئابووری زیاتر ھەنگاو دەنێ و سیستمی دیموکراسی تێیدا شکست خواردووە.



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif