پووتین: نابێت قەیرانی گازی سروشتی بخرێتە ئەستۆی رووسیا

ليست هناك تعليقات

 

لە بەریتانیا و یەکێتیی ئەوروپا، لەوەتەی قەدەخەی هاتووچۆ کۆتاییهاتووە و بازاڕ و کارگە گەورەکان کراونەتەوە، خواستێکی زۆر لەسەر گازی سرووشتی دروستبووە.

نەبوونی بڕی پێوستی گازی سرووشتی بۆ پڕکردنەوەی ئەو خواستە، هاوکات لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی سەرما و سۆڵە، وایکردووە کە نرخی ئەو سووتەمەنییە بە رێژەی 250% بەرزتربێتەوە لەو نرخەی کە لە سەرەتای ئەمساڵ هەیبوو.

بەشێک لە وڵاتە ئەوروپییەکان رووسیا بە هۆکاری قەیرانەکە دەزانن و دەڵێن مۆسکۆ نایەوێت بڕی پێویستی گازی سرووشتی هەناردەی ئەوروپا بکات بۆ ئەوەی وڵاتە ئەوروپیەکان ناچاربن پەلە لە بەگەڕخستنی بۆڕیی نۆرد ستریم دوو بکەن.

رووسیا یەک لەسەر سێی گازی سرووشتیی بەریتانیا و یەکێتیی ئەوروپا دابین دەکات، سەرۆکی ئەو وڵاتە دەڵێت؛ نابێت هۆکاری دروستبوونی قەیرانی گازی سرووشتی لە ئەوروپا بخرێتە ئەستۆی مۆسکۆ.

ڤیلادمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا گوتی "لە چەند دەیەی رابردوودا، هەنگاو بە هەنگاو کەموکوڕیی سیستەماتیک لە کەرتی وزەی ئەوروپادا دروستکراون. ئەوە ئەوان بوون کە بوونە هۆی دروستبوونی ئەو قەیرانە گەورەیە لە بازاڕی ئەوروپا."

بڕیارە لەگەڵ بەگەڕخستنی بۆریی نۆرد ستریم دوو، هەناردەی گازی سرووشتیی رووسیا بۆ ئەوروپا دوو هێندە زیادبێت. بەڵام بەشێک لە وڵاتە رۆژئاواییەکان دژی ئەوەن ئەوروپا پەنا بباتە بەر ئەو پڕۆژەیە، چونکە پێیانوایە بەو شێوەیە، دەکەوێتە ژێر هەژموونی مۆسکۆ.

هەروەها ئۆکراینای هاوپەیمانیی ئەوروپاش دژی پڕۆژەکەیە، چونکە لەگەڵ دەستبەکاربونی بۆڕییەکە، چیدیکە گازەکە بەنێو خاکی ئەو وڵاتەدا ناگوازرێتەوە و لە ئەنجامدا کێڤ ساڵانە یەک ملیار و 100 ملیۆن دۆلاری باج و گومرکی گواستنەوەکە لەدەستدەدات.

سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا لەوبارەیەوە دڵنیایی بە سەرۆکی ئۆکراینا دەدات.

ئۆرسۆلا ڤۆندەر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا رایگەیاند "بۆ کۆمیسیۆن ئەوە روونە کە ئۆکراینا وڵاتێکی گوێزەرەوەی متمانەپێکراوە و هەر بەوشێوەیەش دەمێنێتەوە."

دروستبوونی قەیرانی وزە لە وڵاتانی ئەوروپا لە کاتێکدا کە بەشێک لەو وڵاتانە بۆ رێگیریکردن لە گۆڕانی کەشوهەوا پشتبەستنیان بە خەڵۆز و سووتەمەنییە کاربۆنیەکان کەمکردووەتەوە، بەڵام ئێستا هەندێکیان پەنایان بردووەتە بەر کەمکردنەوەی باج لەسەر خەڵۆز بۆ ئەوەی بەشێک لە پێداویستیی وزەکەیان پێ پڕبکەنەوە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif