ئابووریی سێبەر؛ بەرهەمێکی دیکەی گەندەڵی لە کوردستان

ليست هناك تعليقات


 

رۆژی 29ـی ئەیلوول، ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رەشنووسی پرۆژەی ستراتیژیی نیشتمانیی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان پەسندکرد، هیوادارم لەنێو ئەم پرۆژەیەدا ئاماژە و زانیاریی پێویست هەبن بۆ کەمکردنەوەی قەبارەی ئابووریی سێبەر، وەک بەشێک لە گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان. 

تاوەکو ئێستاش حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگی بەو جۆر و چالاکییە ئابوورییانە نادات کە لە دەرەوەی ئابووریی فەرمین. هەر کەس و گرووپێک بۆخۆی لە هەوڵی بەدەستهێنانی زۆرترین داهاتن. ئەم دۆخە دووبارەی مێژوویەکی نزیکی ئابوورییە لە جیهاندا، کە ئابووریزانان گرنگییان بەو چالاکییە ئابوورییانە نەدەدا کە لە دەرەوەی ئابووریی فەرمی هەبوون، بەڵکو تەنیا سۆسیۆلۆجیست و ئەنترۆپۆلۆجستەکان گرنگیان بەو جۆرە چالاکییانە دەدا. لە کۆتایی پەنجاکان و سەرەتاکانی شەستەکانی سەدەی رابردوو، چەمکی ئابووریی نافەرمی (یان ئابووریی سێبەر) لە یەکێک لە توێژینەوەکان لەسەر وڵاتانی جیهانی سێ، بۆ یەکەمجار بەکارهات. واتە سەرهەڵدانی ئەو جۆرە چالاکییانە و دەرکەوتنیان وەک دیاردەیەکی ناسراو، لە وڵاتانی جیهانی سێیەمەوە دەرکەوت و دواتر بۆ وڵاتانی سۆڤیەتی پێشوو، هەروەها وڵاتانی تازە گەشەسەندوو، وڵاتانی قۆناخی راگوزەر بەکارهات. ناساندنی ئەم چەمکە وایکرد ئەو چالاکییانە بناسرێت کە پێشتر لە هەژمارکردنی گەشەی ئابووری و داهاتی وڵاتدا فەرامۆش کرابوو. لەگەڵ زیادبوونی گەشەی ئابووریدا، ئەم چالاکییانە و چەمکەکانیش بۆ گوزارشتکردن لێیان، گەشەیان کردووە، بۆ نمونە بە ئابووریی ژێرزەمینەکان، ئابووریی سێبەر، ئابووریی شاراوە، ئابووریی دووەم یان ئابووریی خێزانی، بەکارهاتووە، بەڵام مەبەست لەم چەمکە لە سەرەتاوە تاوەکو ئێستا، بریتییە لە خۆبەدوورگرتن لە رێسا و یاسا دەوڵەتییەکان و پێدانی باج. 

سێ پێوەری سەرەکی هەن کە بەتەواوی لە چوارچێوەیەکی سیاسیدایە بۆ ئابووریی سێبەر، وەک: یەکەم: نەبوونی یاسا و رێسای پێویست لە حکومەت. دوو: چالاکییە نایاساییەکان. سێ: هەڵەی گەورە لە ئەنجامدانی هەژمارکردنی داهاتی نیشتمانی. قەبارەی ئەم ئابوورییە وەک رێژەیەک لە بەرهەمی نیشتمانی هەژمار دەکرێت، لەسەر ئاستی جیهان و لە 145 وڵاتدا لە ساڵی 2015، ئەم رێژەیە گەیشتە 33.7٪ـی کۆی بەرهەمی نیشتمانی.

ئابووریی سێبەر لە هەرێمی کوردستان، ئەو چالاکییە ئابوورییانە دەگرێتەوە کە رێکنەخراون بە یاسا، یان یاسایان هەیە و پشتگوێخراون. ئەم چالاکییانە هەموو یەکە ئابوورییە جیاوازەکان دەگرێتەوە، لە عەرەبانە و بۆیاخچییەکی سەر شەقام دەستپێدەکات، تاوەکو دەگات بە مساتەحە و بەشێک لە وەبەرهێنان و بازرگانی کارگە و گەورە کۆمپانیا. بەهۆی پەیوەستیی بە ژیان و داهاتی خەڵکەوە، دەتوانین بڵێین، دیاردەیەکی ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسیشە.

بەگشتی لە جیهاندا دوو لەسەر سێی ئەو داهاتەی لە ئابووریی سێبەر بەدەست دێت، لە ئابووریی فەرمیدا خەرجدەکرێتەوە، بەڵام گرفتەکە ئەوەیە لە هەرێمی کوردستان ئەم داهاتە لەو چالاکییانە خەرجدەکرێنەوە، کە خۆی بەشێکی گەورەن لە گەندەڵی و ئابووریی سێبەر. تاوەکو ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ یاسایەکی نییە بۆ چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم جۆرە لە ئابووری و بەهۆی سوودمەندی بەشێکی زۆر لە بەرپرسانی سیاسی، تادێت قەبارەی ئابووریی سێبەر گەورەتر دەبێت. لێکۆڵینەوەکان لەم بوارەدا ئەوە دەخەنەڕوو کە گەندەڵی، چۆنیەتی دەوڵەتداریی، کوالێتیی دامەزراوە دەوڵەتییەکان، بێکاری، لە هۆکارە سەرەکییەکانی گەشەی ئابووریی نافەرمین. بەتایبەتیش، ئەوە سەلمێندراوە کە ئاستی بەرزی گەندەڵی و لاوازیی دامەزراوە دەوڵەتییەکان هۆکارێکی سەرەکین لە بڵاوبوونەوە و گەشەسەندنی ئابووریی سێبەر.

لە سێ دەیەی رابردووی هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا، چالاکییە ئابوورییە نایاساییەکان بەردەوامییان هەیە، بەتایبەت لە چالاکییەکانی بازاڕی کار، خۆدزینەوە و نەدانی باج، بازرگانی و گواستنەوەی ترانزێت، بەم دواییانەش گۆڕینەوەی دراو و حەواڵەکردن، وەبەرهێنان و بازاڕی خانووبەرە، تەنانەت نەخۆشخانە و کافتریاش.

هێشتا داتایەکی دروست نییە لەوەتەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دانی بە بوونی گەندەڵیدا ناوە، بە چ ئاستێک و چۆن چۆنی کەمی کردووەتەوە. تاوەکو ئێستا خەیاڵ و تەرکیزی حکومەت بۆ رووبەڕووبونەوەی گەندەڵی تەنیا لەسەر کەرتی گشتییە، بەڵام قەبارەی گەندەڵی پەیوەست بەکەرتی تایبەت دەیان هێندە زیاترە، بەتایبەت لەو سێکتەرانەی حکومەت سەپۆرتیان دەکات، یان حیزبەکان بەرژەوەندیان تێیدا هەیە، بۆ نموونە کەرتی وەبەرهێنان و لەنێویشیاندا خانووبەرە و نەخۆشخانە و شوێنەکانی کات بەسەربردن. ئامارەکانی قەبارەی ئابووریی سێبەر لە عێراقدا بە هەرێمی کوردستانیشەوە ئەوەمان پێشاندەدەن کە رێژەیەکی زۆر بچووک نەبێت، ئەگینا کۆی کەرتی تایبەت لەژێر ئابووریی سێبەردا بەڕێوەدەبرێن. بەپێی ئامارەکانی بانکی جیهانی لە ساڵی 2012، %99.1ـی کەرتی تایبەت لە چوارچێوەی ئابووریی سێبەردا کاردەکەن. لەدوای ساڵی 2012وە رەوشی دامەزراوەیی لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش بەهۆی جەنگ و قەیرانی دارایی و بێکاری و پشێوییەکانی دوای شەڕی داعش و دابەزینی نرخی نەوت و ڤایرۆسی کۆرۆنا، خراپتربووە. بۆیە پێناچێت ئەم رێژەیە کەمیکردبێت ئەگەر زیادی نەکردبێت.

لەرووی تیۆری و پراکتیکەوە زۆربەی رایەکان لەسەر ئەوە کۆکن کە بەشێوەیەکی گشتی داکشانی ئابووری و بێبازاڕی یەکێک لە هۆکارە سەرەتاییەکانی گەشەکردنی ئابووریی نافەرمی یان سێبەرە. بەشێوەیەکی گشتی هۆکارەکانی هاندانی گەشەی ئابووریی نافەرمی، ئەشێ ئابووری و نائابووریشبن. هۆکارە ئابوورییەکان پەیوەندییان بە دەرفەتی کار، نەگونجاویی بازاڕی کار و کەمبوونەوەی ئاستی قازانج و بەرزبوونەوەی تێچووی بەرهەمهێنانە لەئابووری فەرمیدا. هۆکارە نائابوورییەکان، گونجاویی ئەم جۆرە ئابوورییەیە بۆ کارکردن و ئاستی رەزامەندیی ئەوانەی کاری تێدا دەکەن، هەروەها دەرفەتی زیاتری کات بەسەربردن، بەڵام هۆکارێکی سەرەکی لە هاندانی بەشداریکردن لە ئابووریی نافەرمی بەشێوەیەکی گشتی، رۆڵی دەوڵەتە لە ئابووریدا. لە هەرێمی کوردستان جگە لەم هۆکارانە، ئەوا هۆکاری سیاسی و نەگونجاویی و خراپی و هەندێکجاریش زۆری و بۆری یاساکان و چەندین هۆکاری دیکەن هەن کە وادەکەن قەبارەی ئابووریی سێبەر گەورە و گەورەتر ببێت. ئەو هۆکارانەی یارمەتی گەشەکردنی قەبارەی ئابووریی نافەرمی لە هەرێمی کوردستان دەدات، ئەمانەن:

- خێرا گەشەکردنی هێزی کار، حکومەت خۆی ناتوانێ دەرفەتی کار بڕەخسێنی، چاوپۆشی لە هەر جۆرە چالاکییەکی ئابووری دەکات کە هاووڵاتییەکانی دەیکەن.

- هاندان و خێراکردنی پرۆسەی بەشاربوون؛ ئابووریی نافەرمی لەم کەرتەدا قازانجێکی خێرا و خەیاڵی گەورەی بە هەڵسوڕێنەرانی ئەم ئابوورییەداوە کە زۆرینەیان کارەکتەری سیاسی و دەوڵەتین.

- کەمبوونەوەی نەمانی هەلی کارکردن لە کەرتی گشتیدا؛ ساڵانێکی زۆرە بەهۆی زۆریی ژمارەی فەرمانبەران، کەرتی گشتی توانای وەرگرتنی فەرمانبەری نوێی نییە.

- گرفت و بەربەستە زۆرەکان لە دامەزراندنی بزنسی نوێدا؛ دیسانەوە بەهۆی چەندین بواری تایبەت کە لەڕێگەی ئابووریی نافەرمییەوە، قازانجێکی زۆر بە هەڵسوڕێنەرانی دەدات، گرفت و بەربەستێکی زۆر هەیە لە دامەزراندنی بزنسی نوێ. تەنانەت بۆ هەندێک بوار دەبێت بەرتیل و شەراکەت پێشکەش بە بەرپرسانی سیاسی و دەوڵەتی بکرێت.

- بەشێکی گەورەی ئەوانەی سەرکردایەتیی ئەم ئابوورییە دەکەن، بەرپرسانی باڵای حیزبەکان و شەریکەکانیانن، یان ئەوانەی لە پاڵ سێبەری کۆمپانیاکانی حیزبدا بازرگانی و وەبەرهێنانی نایاسایی دەکەن.

- نەبوونی یاساو رێسای پێویست بۆ رێکخستنی ئەم ئابووریە و کەمکردنەوەی قەبارەکەی.

- لاوازیی دامەزراوە دەوڵەتییەکان و پشتگوێخستنی فۆرمی دەوڵەتیی لە ئابووریدا بە بیانووی بازاڕی ئازاد.

- رەچاونەکردن و نەزانینی جێبەجێکردنی سیاسەتە ئابوورییەکان بەپێی بازنەی ئابووری، بۆ نموونە، حکومەت لەکاتی داکشانی ئابووری و بێبازاڕی و بێکاریدا، رێژە و ئاستی باجی زیادکردووە.

- هەرێمی کوردستان لە ساڵانی سەرەتای گەشەی ئابوورییەکەی سەرکەوتووبوو لە راکێشانی وەبەرهێنانی بیانی، بەبوونی یاسایەکی سەرنجڕاکێش بۆ وەبەرهێنان، بەڵام هەر زوو ئەم یاسایە بوو بە سەری گەنیو بۆ ئابووریی هەرێمی کوردستان و هەر لە سایەی ئەم یاسایەدا، ئابووریی نافەرمی بەخێرایی گەشەیکرد. لە راستیدا ئەم ئاستە باڵایەی ئابووریی نافەرمی بووەتە کێشە و ئاڵنگاری بۆ ژینگەی بزنس و ئەو کۆمپانیا و خاوەنکارانەی بە فەرمی کارەکانیان ئەنجامدەدەن، دەتوانین بڵێین ئاڵنگارییەکی بەهێز لە بەردەم گەشەی ئابووری و ژینگەی کار و بزنس لە کوردستان، ئابووریی سێبەرە. تێچوو گرفتی زۆری یاساییانەی بەشداریکردن لەبزنسدا، لاواز دەکات. 

لەپێناو چارەسەرکردنی یان بچووککردنەوەی قەبارەی ئەم جۆرە ئابوورییە، پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرەتا کار بۆ بەهێزکردنی دامەزراوە دەوڵەتییەکان بکات، کە ئەمە مەرجی سەرەکییە لە بەهێزکردنی ئابوورییەکەی. هەروەها گۆڕینی تەواوی میکانیزمی وەبەرهێنان بە کۆی سێکتەرە جیاوازەکانی، ئەم سێکتەرە هۆکارێکی سەرەکییە لە خێرا گەشەکردنی قەبارەی ئابووریی نافەرمی. رێکخستنی میکانیزمی ئاڵوگۆڕ و هاتووچۆپێکردنی پارە لەنێوان خاوەنکار و کڕیار و فرۆشیاراندا، یارمەتیدەرێکی کارایە لە کەمکردنەوەی ئەم جۆرە لە ئابووری. خاڵێکی دیکەی ئەرێنی هاندان و رەخساندی دەرفەتی کارە لە سێکتەرە فەرمییەکاندا، تاوەکو بەو هۆیەوە قەبارەی ئابووریی سێبەر کە پەیوەستە بە بازاڕی کارەوە، بچووکتر ببێتەوە.



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif