د.ئاڤێستا كمال: ژن لە کایە سیاسییەکەدا ناتوانێت وەك پێویست بڕیار بەدەست بێت

ليست هناك تعليقات



دوای دوو ساڵ ئەزموونی وەکو کەسی دووەمی حزبێکی سیاسیی، ئاڤێستا کەمال دەڵێت “رۆڵی ژنان لە ناو حزبە سیاسییەکاندا نزیکە لەوەی کە تەنها نمایش و ڕووکەش بێت نەک بڕیاربەدەست و کاریگەر”.

“ژنان ئەگەر لە حزبە سیاسییەکاندا بشگەنە شوێنی گرنگ و بڕیاردەر بن زیاتر بە بیرکردنەوە و کارکردنی پیاوانە دەگەنە ئەو شوێنە و مامەڵە دەکەن، بۆیە هیچ کات لە ناو حزبە سیاسییەکاندا ژنان رۆڵی کاریگەر نابینن” ئاڤێستا کەمال، مامۆستای زانکۆ کە پێشتر یاریدەدەری سەرۆکی هاوپەیمانیی نیشتمانی بووە وای بە (چاوی خەڵک) وت.

کێشەکە لە کۆمەڵگەی کوردیدا رەگوڕیشەی قوڵی هەیە، بەربەستە کۆمەڵایەتی، ئابوری و کولتورییەکان وایانکردووە ژنان نەتوانن وەکو پێویست بگەنە ناوەندەکانی بڕیار لە حزبە سیاسییەکاندا.

پارتی دیموکراتی کوردستان کە بەپێی دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ٤٥ کورسی بەدەستهێناوە، حزبی یەکەمی کوردستانە، لەکۆی ٥١ ئەندامی سەرکردایەتی ئەو حزبە تەنها پێنج دانەیان ژنە، ئەوەش بەو واتایە دێت کە تەنها رێژەی کەمتر لە ٪١٠ی ئەندامانی سەرکردایەتی پارتی ژنن.

هەرچی لە یەکێتی نیشتمانیی کوردستانە کە دووەم گەورەترین حزبە، لەکۆی ١٢٤ ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی، تەنها ١٧ ئەندامیان ژنە، ئەوەش دەکاتە رێژەی ٪١٣.٧ی کۆی ئەندامانی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی.

بزووتنەوەی گۆڕان سێیەم گەورەترین حزی هەرێمی کوردستانە، بە بەراورد بە دوو حزبەکەی پێش خۆی حزبێکی نوێیە و ماوەی ١٢ ساڵە دامەزراوە، خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان کە ئۆرگانی باڵای حزبەکەیە، هیچ ژنێکی تێدا نییە.

“ژن لە کایە سیاسییەکەدا ناتوانێت بڕیار بەدەست بێت گەر بڕیاریش بدات ئەوا لە پشتی پەردەوە پیاوەکان ڕۆڵیان گێڕاوە یان بۆچوونەکانی ئەوان دووبارە دەکاتەوە”

نەبوونی ژنان لەناو ئۆرگانە باڵاکانی حزبەکاندا هۆکاری زۆر لە پشتەوەن، ئاڤێستا کەمال، جێگری سەرۆكی هاوپەیمانی پێشوو، تایبەت بە (چاوی خەڵک) دوا “کێشەی یەکەم لە خودی ژنانەوە دەستپێدەکات، کە دەیەوێت چی بکات و لەگەڵ کێ کار بکات، ئایا حیزبی سیاسی دەیگەیەنێتە ئەو ئامانجانەی چاوی لێیەتی؟ لەسەروو هەمووشییەوە ئایا ئەو ژنە هۆشیارییەکی تەواوی هەیە دەربارەی خۆی و ئەوانەی کاریان لەگەڵ دەکات”.

“ژن لە کایە سیاسییەکەدا ناتوانێت بڕیار بەدەست بێت گەر بڕیاریش بدات ئەوا لە پشتی پەردەوە پیاوەکان ڕۆڵیان گێڕاوە یان بۆچوونەکانی ئەوان دووبارە دەکاتەوە، چونکە هزری پیاوی ڕۆژهەڵاتی ئیگۆی لەوە زیاترە مێینەیەک بڕیاری لەسەربدات” ئاڤێستا کەمال وا دەڵێت.

بۆ چارەسەرکردنی ئەو بەربەستانەی لەکاتی بەشداری سیاسییدا دێنە بەردەم ژنان، چەندین رێکخراو بە شێوەی بەردەوام کار دەکەن و دەیانەوێت ژنان وا رابهێنن بتوانن بەسەر بەربەستەکاندا سەربکەون و بگەنە شوێنی درووستکردنی بڕیار لەناو حزبە سیاسییەکاندا.


.

بە گوێرەی راپۆرتێکی هاوبەشی هەردوو رێکخراوی UNDO و NDI لە جیهاندا ژنان رێژەی نزیکەی ٪٤٠ تا ٪٥٠ی ئەندامانی حزبەکان پێکدەهێنن، بەڵام لە ئۆرگانە کاریگەرەکانی وەکو سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسیدا، رێژەی ژنان هاوتا نییە بەو رێژەی ئەندامێتییە، بەڵکوو زۆر کەمترە.

لە هەرێمی کوردستان نزیکەی ٤٠ حزبی سیاسیی کە مۆڵەتی فەرمییان هەیە کار دەکەن، لەوانە هیچ یەکیان سەرۆکەکەیان ژن نییە و کەمترینیشیان لەناو ئۆرگانە باڵاکانی حزبەکەدا ژنان هەن.
چاوی خەڵك -تایبەت



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif