کازمی: "هاووڵاتییانی عێراق شایستەی ژیانێکی باشترن لەوەی کە ئێستا هەیە"

ليست هناك تعليقات

سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی رایگەیاند عێراق وڵاتێکە شایستەی ئەوەیە کە هاووڵاتییانی لە رەوشێکی زۆر باشتردابن لەوەی کە ئێستا هەیە.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، مستەفا کازمی لە نووسینگەی تایبەتی خۆی لە بەغدا پێشوازیی لە ژمارەیەک لە بریندارانی خۆپیشاندانەکانی تشرینی کرد.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، لە میانی دیدارەکەدا مستەفا کازمی گوتەیەکی پێشکەش کرد و گوتی: "ئێوە لەپێناو داواکاریی واقیعی و لەپێناو ژیانێکی شایستەدا خۆپیشاندانتان کرد، بەڵام بەداخەوە رووبەڕووی هێرش بوونەوە، هەموومان کەوتینە دۆخێکەوە کە کەس ئیرەیی پێ نابات".

مستەفا کازمی رەخنەی لەو دەسەڵاتدارانەی عێراق گرت کە لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ـەوە حکوومڕانی عێراقییان کردووە و گوتی: "ئەوەی کە لە ئێوە داواکراوە ئەوەیە کە لە دوای ٢٠٠٣ـەوە ئەزموونانەمان فێرببن کە عێراق لەسەر دەستی دیکتاتورییەت پێیدا تێپەڕێ، کارمان کرد تاوەکو ئەوەی لە رابردوودا روویدا دووبارە نەبێتەوە، بەڵام بەداخەوە بەهۆی دووری دەسەڵاتداران لەهەستکردن بە بەرپرسیارییەتی لەبەرامبەر وڵات و گەلەگەیاندا، دووبارە بوویەوە".

گوتیشی: "عێراق وڵاتێکە شایستەی ئەوەی کە هاووڵاتییانی لە رەوشێکی زۆر باشتردابن لەوەی کە ئێستا هەیە".

مستەفا کازمی باسی لە قۆناغی بوونی بە سەرۆکوەزیرانی کرد و گوتی: "لە دۆخێکی نائاساییدا هاتین، هەوڵمان دا بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانتان بەتەواوەتی و بێ کەموکوڕی، لە ئەنجوومەنی وەزیران بڕیارێکمان دەرکرد بۆ قەربووکردنەوەی قوربانیانی خۆپیشاندانەکان و چارەسەرکردنی برینداران، بەڵام بەداخەوە پەرلەمانی رەتی کردەوە".

گوتیشی: "شەو و رۆژ بەردەوامین لە کارکردن لەپێناو دروستکردنی بنەمایەکی سادە ئەوەیش گەڕانەوەی شکۆمەندییە بۆ هەموو عێراقییەک، پێویستە لە دۆخە سەختەکانیشدا گەشبین بین".

کازمی ستایشی رۆڵی خۆپیشاندەرانی کرد و گوتی: "ئێوە لەبری هەموو عێراقییەکان بەرپرسیاریەتییان هەڵگرت، پەیامێکتان ئاراستەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی کرد کە دەرفەتێکمان هەیە بۆ گۆڕانکاریی".

سەرۆکوەزیرانی عێراق راشیگەیاند کە ژمارەیەک لە داواکاریی خۆپیشاندەران جێبەجێ کراوە و گوتی: "هەندێک لە داواکارییەکانتان جێبەجێ کراوە، لەبارەی ناونیشان یان دروشمی نیشتمانیی، سوپاس بۆ خودا ئێمە لە رێگەداین بەرەو هەڵبژاردنی پێشوەختە، ئومێدەوارین سەرکەوتووبین لە گۆڕینی ئەم دۆخەی ئێستا".

گوتیشی: "هەندێک لە ئێوە دەڵێن: چیمان دەستکەوت جگە لە کورسی کەمئەندامان و کێشەی تەندروستیی، ئێمە بە جیددی کاردەکەین بۆ دەستبەرکردنی سەرجەم داواکارییەکانتان".

کازمی باسی لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی بە بریندارەکان کرد و گوتی: "پێشتریش چاوم بە ژمارەیەک لە بریندارانی خۆپیشاندانەکان کەوت، هەندێکمان لەسەر حیسابی دەوڵەت رەوانەی دەرەوەی وڵات کرد یان لە وڵاتانی دۆستمان پێشوازییان لێکرا، کەمتەرخەم نابین لەگەڵتاندا، ئەوەی کە دەیکەین یەکسان نییە بەو قوربانییەی کە داوتانە".

سەرۆکوەزیرانی عێراق گەشبینی خۆی بە داهاتووی عێراق نیشاندا و گوتی: "ئێمە خۆمان رادەستی قەدەر ناکەین، من گەشبینم بە داهاتوو، داهاتوومان باشتر دەبێت، هەڵبژاردن لەسەر دەستی حکوومەتێک ئەنجام دەدرێت کە لە بەرامبەر هاووڵاتییەکانیدا هەستی بە بەرپرسیارییەتی کردووە و هەموو هەنگاوێکی ناوە بۆ کەمکردنەوەی ئاستەنگەکان لە بەردەمتاندا".

مستەفا کازمی بەڵێنی بە بریندارانی خۆپیشاندانەکانی تشرین دا کە لە هەر پلە و پۆستێکدا بێت بەرگرییکاری مافەکانیان دەبێت و گوتی: "وەک مرۆڤێکی عێراقی، بەرپرسیارییەتی لە بەرامبەرتاندا دەگرمە ئەستۆ، ئێوە وەک منداڵ و کەسوکاری ئێمەن، لێرە لەم پێگەیەدا بم یان نا بەرپرسیارییەتیی هەڵدەگرم، بەڵێنتان پێ دەدەم چاودێری و بەداوادچوون بۆ پرسە مرۆییەکانتان بکەم، ئەمە بەڵێنێکە بەئێوەی دەدەم".

​​​​​​​دوای خۆپیشاندانەکانی مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٩ کە لە بەغدای پایتەخت و شارەکانی دیکەی ناوەڕاست و باشووری عێراق بەڕێوەچوو، حکوومەتی پێشووی عێراق بە سەرۆکایەتی عادل عەبدولمەهدی ناچار بە دەستلەکارکێشانەوە کرا.

مانگی ئایاری ساڵی ٢٠٢٠، ئەنجوومەنی نوێنەران متمانەی بە حکوومەتی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی دا، ئەمەش وەک قۆناغی راگوزەر و ئامادەکاریی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە هات.

بڕیارە هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ ئەنجام بدرێت.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif