ئا: كاوە ڕەش
لەنزیك سنوری نێوان بیلاڕوس و پۆڵندا، ڕۆژنامەوانی ئەوروپای تۆڕی بی،بی،سی، (نایك بەیكی) چاوی دەكەوێت بەژمارەیەك كۆچبەر، كەلەناو دارستانەكانی سەرسنور گیریان خواردوەو ڕەوشی ژیانیان مەترسیدارە. شەوان پلەی سەرما دەگاتە ئاستی بەستن و تائێستا چوار كۆچبەر لەسەرمان لەوێ ڕەقبونەتەوە.
لەبەرامبەر سەرهەڵدانی كۆچی نایاسایی لەو سنورەدا، هەریەكە لەئەندامانی یەکێتی ئەوروپا، پۆڵەندا، لاتڤیا و لیتوانیا، دۆخی فریاگوزاری لەناكاویان ڕاگەیاندوە، بەهۆی هاتنی هەزاران كۆچبەر کەهەوڵ دەدەن لەبیلاروسەوە تێ بپەڕن بۆیەکێتی ئەوروپا.
هاوكات یەكیەتی ئەوروپا، ئەلێکساندەر لوکاشینکۆ، سەرۆکی بیلاروسیا، تۆمەتبار دەكات بەوەی كەکۆچبەران وەک چەک بەکاردێنێت، لەدژی ووڵاتانی ئەوروپا، لەبەرامبەر كۆمەڵێك سزای ئابوریدا كەبەسەریدا سەپێندراوە. لەلایەكی دیكەوەش ووڵاتی پۆڵەندا، بەتەواوت ڕێگا بەچالاكوان و كارمەندانی ڕێكخراوە مرۆییەكان و ڕۆژنامەنووسان نادات بگەنە ناوچە سنوورییەکان و ڕێگای لێی قەدەغە کردون.
بۆ هاوكاریی و بەئاگابون لەڕەوشی كۆچبەرانی گیرخواردوو، ڕۆژنامەوانەكەی تۆڕی (بی، بی ،سی) ژمارەیەك كۆچبەر دەدۆزێتەوە لەدارستانەكانی نێوان بیلاڕوس و پۆڵندا، كە بەشێكیان خەلكی نەیجیریاو عێڕاقن و لەسەرمان هەڵدەلەرزن.
دەڵێن سێ هەفتەیە لەلایەن پاسەوانانی سەرسنوری بیلاڕوس و پۆڵەندا دێن و دەڕۆن، هیچ كامیان ڕێگایان پێ نادەن بچنە ناو وڵاتەكەیانەوە. ئەوان دەڵێن; وەك تۆپی پێ، یاریمان پێ دەكەن، سەربازانی بیلاڕوس، لێمان دەدەن و دەمان نێرنە سەر سنوری پۆڵندا، دواتر سەربازانی پۆڵەند، دەمانگرن و بەلێدان دەمان نێرنەوە سنوری بیلاڕوس.
یەكێك لەكۆچبەرەكان دەڵێ، شەوان لەنێوان كاتژمێر ٨بۆ١٢سەربازانی بیلاڕوس پێمان دەڵێن بەڕێ بكەون بۆ سنوری پۆڵەندا ئێستا سنور كەسی لێنیە، دەبێ بەژێر تەلبەندەكەدا خۆمان بەزەویدا بخشێنن و بپەڕینەوە ئەودیو سنور، بەڵام كاتێك سەربازانی پۆڵەندا دەمانگرن، دیسانەوە بەلێدان دەمانێرنەوە سنوری بیلاڕوس.
ڕۆژنەمەوانەكەی بی،بی،سی دەڵێ، وەك دیارە ژمارەیەكی زۆر كۆچبەری لێرە دەبیندرێت، بەشێكیان ڕەوشیان خراپە، بۆیە داوای پزیشكیان كردوەو ئێستا چاوەڕێن كە سەربازەكان ڕێ بدەن بگاتە لایان، چونكە بەشێكیان لەڕەوشێكی ترسناكی تەندروستیدان و لەسەرمان هەڵدەلەرزن.
قەیرانی كۆچبەران لەناوەڕاستی ئەوروپادا، بۆتە جێگای نیگەرانی ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ، بەوەی نازانن چی لەوێ دەگوزەرێت بەهۆی ڕێگا نەدان بەڕێكخراوە مرۆییەكان ڕۆژنەمەوانان، بۆ گەیشتنیان بەو ناوچانەی كۆچبەران گیریان لێخواردوە.
بەپێی ڤیدیۆیەك كە دەسەڵاتدارانی بیلاڕوس بڵاویانكردۆتەوە، نیشانی دەدات، لاشەی ژنێكی عێڕاقی لەسەرمان ڕەق بۆتەوە لەسەر سنوری نێوان بیلاڕوس و پۆڵەندا كەوتوە.
كە هاوسەرەكەی دەردەكەوێت دەڵێ، سێ كەسی دیكەش هەر ئەو شەوە لێرە لەسەرمان ڕەق بونەتەوەو گیانیان لەدەستداوە.
هەر لەناو دارستانەكان گەنجێكی عێڕاقی تەمەن ٢٠ساڵان بەناوی جەعفەر دەڵێ، سێ ڕۆژە، بێ خواردن و خواردنەوە دەژی، لەگەڵ ئەوەش بەهۆی سەرمای زۆرەوە، توشی نەخۆشی هایپۆسێرمیا بوە.
بۆ ڕێگری كردن لەكۆچبەران پارلەمانی پۆڵەندا، دەنگی بەیاساكە داوە كە ڕێگا بەپۆلس و سەربازانی وڵاتەكەی دەدات، دەتوانن ڕێ لەكۆچبەران بگرن و بیان گەڕێننەوە ئەودیو سنوری وڵاتەكەیان. هەرچەندە ئەو بڕیارە دژی یاسا نێودەوڵەتیەكانە دەربارەی كۆچبەران.
سەرۆكوەزیرانی پۆڵەندا، ماتیوزس مۆڕاویكی، دەڵێ "هەڕەشەی جدیی و ڕێكخراو لەسەر سنوری وڵاتەكەمان هەیە بۆیە بەدڵنیایەوە، ڕێ نادەین بۆشایی دروست بێ، بۆ گوشارخستنە سەرمان بەناردنی كۆچبەران".
وڵاتانی ئەوروپا، بیلاڕوس تۆمەتبار دەكەن بەبنیادنانی قەیرانی كۆچبەران لەسەر سنورەكانی ئەوروپا. لەبەرامبەریشدا بیلاڕوس سیاسەتی وڵاتانی خۆرئاوا بەبەرپرس دەزانێ لەو دۆخەی كۆچبەران.
بەشێك لەكۆچبەران دەڵێن، ئەگەر بیلاڕوس دیپۆرتیان بكاتەوە ئاساییە، دەڵێن "لەوڵاتی خۆمان بمرین باشترە نەك لەناو ئەودارستانەدا لەسەرمادا ڕەق ببنەوە، بەڵام ئەوان بەڵگەنامەو پاسپۆرت و سیم كارتەكانیان لەلایەن سەربازانی بیلاڕوسەوە دەستی بەسەردا گیراوە، بەوتەی خۆیان ناتوانن پەیوەندی بەكەس و كاریشیانەوە بكەن".
ئاوێنە
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق