جۆ بایدن: گۆڕانی کەشوهەوا بووەتە قەیرانی هەموو کەس

ليست هناك تعليقات

سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا بووەتە "قەیرانی هەموو کەس" و ئاماژە بەوە دەدات، کاتی ئەوە هاتووە وڵاتەکەی کاری رژدی بکات بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو دیاردەیە بۆ ئەوەی رێگە لە دووبارەبوونەوەی قەیرانەکانی وەک باهۆزی ئایدا و کەوتنەوەی ئاگری دارستانەکان بگرێت.

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا سەردانی هەندێک ناوچەی کرد کە باهۆزی ئایدا زیانی گەورەی پێگەیاندوون، لەوانەش چەند ناوچەیەکی نیوجێرسی و نیویۆرک و چاوی بەو کەسانە کەوت کە بەهۆی باهۆزەکەوە ماڵ و موڵکی خۆیان لەدەستدابوو.

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ماوەی چەندین ساڵە زاناکان، ئابووریناسان و پسپۆڕانی دیکە هۆشداری لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا دەدەن و ئێستاش ئەو کاریگەرییانە دەرکەوتوون. بایدن لە نیویۆرک لەو بارەوە گوتی: "هەڕەشەکە لێرەیە. بارودۆخەکەش باشتر نابێت. پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا دەکرێت خراپتر بێت؟ بەڵێ، بەڵام دەکرێت رێگری بکەین لەوەی خراپتر بێت".

گوتەکەی بایدن لەکاتێکدایە، باهۆز، لافاو و ئاگر لە ماوەی ئەم چەند مانگەی رابردوودا زیانی گەورەیان بە ئەمریکا گەیاندووە.

لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا و بەهۆی باهۆزی ئایداوە لانیکەم 50 کەس لە 6 ویلایەتی رۆژهەڵاتی ئەمریکا گیانیان لەدەستداوە. لەو ژمارەیە 27 کەسیان لە ویلایەتی نیوجێرسی و 13 کەسیان لە ویلایەتی نیویۆرک بوون.

ئیدارەی بایدن داوای 1 تریلیۆن دۆلاری کردووە بە مەبەستی بوژاندنەوەی ژێرخانی وڵاتەکەی و چاوەڕێی کۆنگرێسە رەزامەندی لەسەر پێشانبدات.

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەدا، "دەبێت گوێ بگرین لە زانا و ئابووریناسان و پسپۆڕانی بواری ئاسایشی نیشتمانی. ئەوان پێمان دەڵێن کە ئەم وڵاتە و جیهانیش لەمەترسیدایە. ئەوەی ئەوان دەیڵێن زێدەڕۆیی نییە. ئەوان ماوەی دەیەیەکە پێمان دەڵێن کە ئەم جۆرە کەشوهەوا تووندە لە ساڵانی داهاتوودا تووندتر دەبێت و ئێستاش گەیشتووینەتە ئەو قۆناخەی ئەوان باسیان دەکرد."

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif