ليست هناك تعليقات

سه‌رۆكی ئه‌مریكا، جۆ بایدن به‌ تیشك خستنه‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ بڕیاری كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی وڵاته‌كه‌ی له‌ ئه‌فغانستان بڕیارێكی دروست بووه‌، داكۆكی له‌وه‌ كرد كه‌ چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌یان نه‌ده‌كرد سوپای ئه‌فغانستان له‌و ماوه‌ كه‌مه‌دا به‌رامبه‌ر تاڵیبان چۆك دابدات.

جۆ بایدن دوای پرۆسه‌ی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی وڵاته‌كه‌ی له‌ ئه‌فغانستان له‌ میانی كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانییدا له‌ كۆشكی سپی رایگه‌یاند کە چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌یان نه‌ده‌كرد له‌ پرۆسه‌ی كشانه‌وه‌ له‌ ئه‌فغانستان به‌رگریی سوپای ئه‌فغانستان هێنده‌ زوو بشكێت و گوتی: "شه‌وی رابردوو، شه‌ڕی ٢٠ ساڵه‌ی ئه‌مریكا له‌ ئه‌فغانستان كۆتایی پێ هات. ئه‌مه‌ درێژترین شه‌ڕ بووه‌ له‌ مێژووی ئه‌مریكا. ئه‌مریكا به‌ گواستنه‌وه‌ی زیاتر له‌ ١٢٠ هه‌زار كه‌س گه‌وره‌ترین هه‌ڵمه‌تی گواستنه‌وه‌ی له‌ رێگای هێڵی ئاسمانییه‌وه‌ له‌ مێژوودا ئه‌نجام دا، هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ سه‌ركه‌وتنێكی نائاسایی بوو. سوپاسی ئه‌و كارمه‌نده‌ دیپلۆماتكار و سه‌ربازییانه‌مان ده‌كه‌م كه‌ له‌ ئه‌فغانستان ئه‌ركدار كرابوون".

سه‌رۆكی ئه‌مریكا ئاماژه‌ به‌وه‌ دا كه‌ له‌ مانگی نیسانی رابردوودا، بڕیاری كشانه‌وه‌یان داوه‌ له‌ ئه‌فغانستان و ٣١ی ئابیشیان وه‌ك دوا رۆژی كشانه‌وه‌كه‌ ده‌ستنیشان كردووه‌ و گوتی: "چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌مان ده‌كرد هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی ئه‌فغانستان كه‌ ٢٠ ساڵه‌ راهێنانیان پێ ده‌كه‌ین و زیاتر له‌ ٣٠٠ هه‌زار كارمه‌ندن له‌ شه‌ڕی ناوخۆ به‌رامبه‌ر تاڵیبان به‌هێز بێت، به‌ڵام چاوه‌ڕوانییه‌كه‌مان بۆ به‌رگریی له‌خۆكردنی حكوومه‌تی ئه‌فغانستان تا ماوه‌یه‌ك، راست ده‌رنه‌چوو".

بایدن به‌ سه‌رنج خستنه‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ پێنج هه‌زار و ٥٠٠ هاووڵاتیی ئه‌مریكییان له‌ ئه‌فغانستانه‌وه‌ گواستووه‌ته‌وه‌ و ١٠٠-٢٠٠ هاووڵاتییه‌كیشیان له‌وێ ماونه‌ته‌وه‌، گوتی: "له‌ سه‌دا ٩٠ی ئه‌مریكییه‌كانمان له‌ ئه‌فغانستان گواستووه‌ته‌وه‌. رێككه‌وتی كۆتایی دیاریی نه‌كراوه‌ بۆ ئه‌وانه‌ی له‌وێ ماونه‌ته‌وه‌. ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت له‌وێ نه‌مێنن، یارمه‌تییان ده‌ده‌ین. وه‌زیری ده‌ره‌وه‌، ئه‌نتۆنی بلینكه‌ن له‌ هه‌وڵه‌ دیپلۆماتییه‌كانی به‌رده‌وامه‌ بۆ گواستنه‌وه‌ی هه‌موو هاووڵاتییه‌كی ئه‌مریكی و هاوپه‌یمانه‌ ئه‌فغانستانییه‌كانمان".

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق