دوای کابول، ناوه‌ڕۆكی په‌یامه‌ گرنگه‌كەی ئه‌مه‌ریكا

ليست هناك تعليقات


كارزان سەباح هەورامی

دوای کابول.. ناوه‌ڕۆكی ئه‌و په‌یامه‌ گرنگه‌ی ئه‌مه‌ریكا به‌ سه‌ركردایه‌تی كوردستانی داوه‌

ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر ئه‌فغانستان، ره‌نگبێت تازه‌ترین تاكتیك و په‌یامی ئه‌مه‌ریكا له‌ ناوچه‌كه‌ ئه‌وه‌ بێت كه‌ كشانه‌وه‌یان یه‌كسانه‌ به‌دۆخی ئه‌فغانستان، ئه‌م پێناسه‌یه‌ ته‌واو به‌سه‌ر عێراقیشدا دروسته‌، به‌ڵام كشانه‌وه له‌ ئه‌فغان زیاتر له‌راده‌ستکردن ده‌چێت، دوای 20 ساڵ له‌رووداوه‌كانی 11ی سێپتێمبه‌ر ئه‌مه‌ باشترین ده‌رئه‌نجامی تاكتیك و پاره‌ و پلان و خوێنی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بوو به‌تایبه‌ت له‌م دوو وڵاته‌ عێراق و ئه‌فغانستان.

ره‌نگبێت ئێمه‌ نه‌توانین خوێندنه‌وه‌ی ورد بۆ دۆخه‌كه‌ بكه‌ین به‌تایبه‌ت له‌ داهاتوو، چونكه‌ دیار نییه‌ پلانی ده‌زگای هه‌واڵگری ئه‌مه‌ریكا بۆ ناوچه‌كه‌ چییه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ ره‌نگ بێت ئه‌م جاره‌ پرسی تاڵیبان زیاتر له‌ تاكتیك بچێت، چونكه‌ شاندی باڵایان له‌ قه‌ته‌ره‌ و دانووساند ده‌كه‌ن، پێشووتریش شاندی تاڵیبان له‌ گفتوگۆدا بوون له‌گه‌ڵ واشنتۆن، ره‌نگ بێت ئه‌م جاره‌ دراوسێیه‌كی نوێ له‌ ناوچه‌كه‌ بۆ ئێران و رووسیا و چین دروست بێت، ئه‌ویش (ده‌وڵه‌تی به‌ناو ئیسلامی تاڵیبانه‌)، ره‌نگه‌ دۆخه‌كه‌ وه‌ك پێش 2001 لێبێته‌وه‌ و ئه‌وێ ببێته‌ مۆڵگه‌ی تیرۆر، به‌ڵام خوێندنه‌وه‌ی تازه‌ش په‌یدا بووه‌ كه‌ واقیتره‌،لێره‌دا پرسیاری زۆر دروست ده‌بێت، یه‌كێك له‌وانه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ یاریه‌كی گه‌وره‌ نه‌بێت بۆ ده‌بێت ئیداره‌ی نوێی ئه‌مه‌ریكا قبوڵی بكات به‌شكستخواردوویی له‌ ئه‌فغانستان بێته‌ ده‌ره‌وه‌؟ و خۆیان بخه‌نه‌ به‌رده‌م ره‌خنه‌ی رای گشتی و هاوپه‌یمانه‌كانیان، لێره‌وه‌ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ ده‌درێته‌وه‌ كه‌ ره‌نگه‌ ئه‌م جاره‌ تاڵیبان ده‌رسی له‌ رابردوو وه‌رگرتبێت، و بیه‌وێت یاریه‌كی دیپلۆماسی له‌گه‌ڵ زلهێزه‌كان بكات, ده‌نا چۆن رێگا به‌شاندی فه‌رمی تاڵیبان ده‌درێت له‌گه‌ڵ نوێنه‌رایه‌تی زلهێزه‌كانی جیهان كۆببێته‌وه‌؟! له‌م لاشه‌وه‌ خه‌ریكه‌ ده‌وڵه‌تی ئه‌فغانستان ده‌ڕووخێنێت.

ئێستا ترسی گه‌وره‌ دروست بووه‌ به‌وه‌ی ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر ئه‌فغانستان هات سیناریۆكه‌ی به‌سه‌ر عێراق و هه‌رێمی كوردستان بێته‌وه‌، چونكه‌ به‌پێی رێككه‌وتنی ئه‌مه‌ریكا و عێراق ده‌بێت تا كۆتایی ئه‌مساڵ هێزه‌ شه‌ركه‌ره‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق بكشێنه‌وه‌، ئه‌وه‌ی له‌ ئه‌فغان روویدا هاوكێشه‌ی عێراقیشی پێچه‌وانه‌ كرده‌وه‌، ئه‌و ده‌نگه‌ به‌هێزه‌ی داوای كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا ده‌كات قۆناغ به‌ قۆناغ له‌ عێراق پاشه‌كشه‌ ده‌كات، هه‌ربۆیه‌ پێش ده‌رچونی ئه‌و هێزانه‌، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، پێشنیاری كۆنگره‌ی وڵاتانی دراوسێی عێراقی كردووه‌، كه‌ بڕیاره‌ كۆتایی ئه‌م مانگه‌ له‌به‌غدا ئه‌نجام بدرێت، به‌شدار بوانی ئه‌و كۆنگره‌یه‌ بریتین له‌ توركیا و میسر و ئه‌رده‌ن و سوریا و ئێران و ئه‌مه‌ریكا و سعودیه‌ و قه‌ته‌ر، عێراق له‌وه‌ گه‌یشتووه‌ كه‌ پێش ئه‌وه‌ی وه‌ك ئه‌فغانی لێبێت، پێشووتر له‌سه‌ر پارێزگاری ئه‌م شێوه‌ به‌رێوه‌چوونه‌ی وڵات رێككه‌وتنی هه‌رێمایه‌تی بكرێت، به‌تایبه‌ت له‌نێوان ئێران و ئه‌مه‌ریكا و ناكۆكیه‌كانی نێوان (توركیا و خلیج) و (خلیج و ئێران) و (سوریا و توركیا) بۆ ئه‌وه‌ی عێراق به‌یه‌كجاری له‌نێوان ئه‌م گرفتانه‌دا هه‌ره‌س نه‌هێنێت. هه‌رچه‌نده‌ پێشنیاری كۆبوونه‌وه‌كه‌ گرنگ و كاریگه‌ر بوو، به‌تایبه‌ت بۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق كه‌ ده‌توانێت مانه‌وه‌شی بۆ خولی داهاتوو مسۆگه‌ربكات، به‌ڵام له‌ئه‌گه‌ری شكستی ئه‌م هه‌وڵه‌ ئه‌وه‌ ئه‌گه‌ر عێراق به‌ وریاییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ نه‌كات، ده‌چێته‌ به‌رده‌م دووبژارده‌ یه‌كه‌م شه‌ری ناوخۆیی، دووه‌م: دروستبوونی عێراقێكی ترسناك بۆ ناوچه‌كه‌. چونكه‌ بژارده‌ی ئه‌مه‌ریكاش له‌دژی ئێران له‌رێگای وه‌شاندنی گورزی سه‌ربازیه‌وه‌، عێراقیش به‌ساغی لێی ده‌رناچێت، ئه‌مه‌ راستییه‌ بۆ بیرهێنانه‌وه‌ی خوێنه‌ران كۆتایی مانگی رابردوو واشنتۆن زۆرێك له‌ گروپه‌چه‌كداره‌كانی عێراقی خسته‌ ئه‌و لیسته‌وه‌ كه‌ به‌هه‌ره‌شه‌ له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی ده‌زانێت.

بابه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ چوار چێوه‌ی ئه‌م گۆڕانكارییانه‌ گرنگه‌ و پێویستی به‌قسه‌كردنی زیاتر هه‌یه‌، سه‌ركردایه‌تی هاوپه‌یمانان كه‌ 68 ده‌وڵه‌تی جیهان له‌خۆی ده‌گرێت به‌سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا، راسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ په‌یامیان داوه‌ به‌ هه‌رێمی كوردستان كه‌ پشتیوانی له‌ هه‌رێمێكی به‌هێز و ئارام له‌ناوچه‌كه‌ ده‌كه‌ن، پێش كشانه‌وه‌ی هێزی شه‌ركه‌ریان پلانیان هه‌یه‌ پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق ئیداره‌ی ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان بكه‌ن، جارێكی دیكه‌ ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكا ناگه‌رێته‌وه‌ بۆ ئه‌و پشت تێكردنه‌ی كه‌ له‌ كوردستانیان كرد له‌ 16ی ئۆكۆتبه‌ر كه‌ ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی ئه‌وه‌بوو له‌و شوێنانه‌وه‌ گه‌وره‌ترین گورز له‌ پێگه‌و باره‌گاكانی ئه‌مه‌ریكا درا، ئیداره‌ی نوێی ئه‌مه‌ریكا دڵنیایی داوه‌ سه‌ركردایه‌تی سیاسی كوردستان كه‌ پشت له‌ هاوپه‌یمانه‌كانیان ناكه‌ن، ره‌نگ بێت بۆ رای گشتی و هاوپه‌یمانه‌كانیشیان بێت كه‌ جارێكی دیكه‌ ئه‌وه‌ روونه‌دات كه‌ له‌ 2017 كردیان.

راسته‌ هێزی شه‌ڕكه‌ری ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق نامێنێت، به‌ڵام سیاسه‌تێكی به‌هێز و دیپلۆماسیه‌تێكی گه‌وره‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ ناوچه‌كه‌ بوونی ده‌بێت، دوای سه‌ری ساڵ ئه‌مه‌ریكا رێككه‌وتنی گه‌وره‌ی خۆی له‌بواری وزه‌ و ته‌ندروستی و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و بازرگانی له‌گه‌ڵ عێراق ده‌خاته‌بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌، هه‌ولێر وه‌ك ناوه‌ندێكی گرنگی ناوچه‌كه‌ به‌به‌هێزی گه‌ره‌نتی مانه‌وه‌ی ده‌كرێت، به‌ڵام پێش هه‌موو شتێك ئه‌مه‌ پێویستی به‌ پلان و یه‌كگرتوویی ناوماڵی كوردستان هه‌یه‌، روویایه‌كی روون و یه‌كگرتوو بۆ قۆناغه‌كه‌ گرنگه‌، به‌شێكی په‌یوه‌ندی به‌ رۆڵی كورده‌وه‌ ده‌بێت كه‌ چۆن بتوانێت موماره‌سه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانی خۆی بكات له‌به‌غدا، تائێستا كورد یاریكه‌رێكی به‌هێز نه‌بووه‌ له‌به‌غدا نه‌یتوانیوه‌ تاكیتكی نوێ بكات، سیاسه‌تكردن له‌ عێراقدا پێویستی به‌ كۆد هه‌یه‌، به‌شێكی هاوپه‌یمانییه‌، به‌شێكی هێزه‌ به‌شێكی هاوكێشه‌ی نێوده‌وڵه‌تییه‌، كورد له‌نێوان ئه‌م ئه‌گه‌رانه‌دا لایه‌نێكی هه‌ڵبژاردبوو كه‌ ئه‌ویش نه‌یده‌توانی به‌ته‌نیا دۆخه‌كه‌ بگۆرێت، بۆیه‌ ئه‌م جاره‌ ده‌بێت له‌رێگای هاوپه‌یمانی زۆرینه‌وه‌ی كورد بچێته‌وه‌ ناو بریاره‌كانی عێراق و رۆڵی هه‌بێت له‌ دانان و یه‌كلا كردنه‌وه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی دیكه‌ ئه‌وه‌ی له‌رابردوو كراوه‌ دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق