ئابوری ئەفغانستان، گرفتەگەورەکەی بەردەم تـــــاڵیبان

ليست هناك تعليقات


ســـــــەرکۆ یونس
ئابووریناس

لەدوای دەستبەسەراگرتنی سەرجەم شاروهەرێمەکان و کابولی پایتەخت لەلایەن بزوتنەوەی تاڵیبانەوە، بزوتنەوەکە لەهەوڵی هێورکردنەوەی باری دەروونی خەڵک و هەوڵی پاراستن و جێگیربوونی ئەمن و ئاسایش و هەستانەوەی دامەزراوە حکومییەکان دەکەن.

بەڵام گەورەترین بەربەست و گرفتەمەزنەکە ئابوری لەرزۆک و داتەپیوی ئەو وڵاتەیە بەهۆی شەڕی بەردەوام و گەندەڵی بەرفراوانی کاربەدەستانی حکومەتی پێشوو، بەربەستی سەرەکییە لەبەردەم دەستەڵاتدارانی بزوتنەوەی تاڵیبان و حکومەتی داهاتوودا.

ئەفغانستان، لەکۆی (190) وڵاتی جیهاندا، پلەی (173) ی ڕیزبەندی ئابوری وڵاتاندایە، واتە لەخراپترینەکانی جیهاندایە.

بەنزیکەی نیوەی دانیشتوانی ئەو وڵاتە، لەژێر هێڵی هەژارییەوە ئەژین. سێ بەشی دانیشتوان، واتە نزیکەی (14) ملیۆن کەس، بەدەست برسییەتییەوە دەناڵێنن...

لەماوەی ڕابردودا، بەشێوەیەکی گشتی ئابوری و حکومەتی ئەو وڵاتە بۆ جێ بەجێکردنی خزمەتگوزارییەکان، پشتی بەهاوکاری و کۆمەکی نێودەوڵەتی دەبەست.

لەئێستادا، ئابوری ئەفغانستان، بەدەست دەیان قەیران و گرفتی گەورەی ئابوری وداراییەوە دەناڵێنێت، کۆرۆنا ڤایرۆسیش بارەکەی قورس وگرانتر کردووە.

لەلایەکی ترەوە، بەهای دراوی ئەو وڵاتە، بەردەوام لەدابەزیندایە، بەجۆرێک یەک دۆلاری ئەمەریکی هاوتایە بە (86) ئەفغانی ئەفغانستان.

لەدواین ڕاپۆرتی بانکی نێودەوڵەتی هاتووە، ئابوری ئەو وڵاتە لەوپەڕی لاوازی ودارماندایە، پشتی بەهاوکاری و یارمەتی وڵاتان بەگشتی و وڵاتانی ناتۆ بەتایبەتی بەستووە.

لەلایەکی ترەوە، کەرتی تایبەت لەئەفغانستان، بەتەواوەتی لاوازە وبەشدارییەکی ئەوتۆ لەئابوریدا ناکات.

پێشتر سندوقی دراوی نێودەوڵەتی، مەترسی خۆی لەناسەقامگیری ئابوری خستبووە ڕوو، لەهەمانکاتدا سندوقەکە پێ ی وایە، لەپاش دەستبەسەرداگرتنی سەرجەم دامەزراوە حکومی و سەرەکییەکاندا لەلایەن تاڵیبانەوە، ئابوری ئەو وڵاتە بەشێوەیەکی خێراتر لەداڕمان و کەوتن نزیک دەبێتەوە.

لەڕاپۆرتەکەی سندوقی دراوی نێودەوڵەتیدا پێشبینی ئەوە دەکات، کەتوانای دامەزراوەکانی دەوڵەت بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانی پەروەردە و تەندروستی و خزمەتگوزاریەگشتییەکانی تر، لەماوەی کەمتر لەساڵێک بەتەواوی دابڕمێت، بێگومان ئەمەش لەسەر جۆری سیاسەتی حکومداری تاڵیبانەوە دەوەستێت.

سەرەڕای هاوکاری نێودەوڵەتی، لەدوای (20) ساڵ، ئاستی کورتهێنانی ساڵانەی بودجەی گشتی هەمیشە گەورە و زیاتر بووە.

بودجەی ساڵانەی حکومەت، زیاتر لە نیوەی هاوکاری دارایی وڵاتان و کەمتر لەچارەکێکی ئەو بڕە پارانەی کەئەفغانیەکانی دەرەوەی وڵات، ساڵانە بۆ کەسوکاریان حەواڵەیان کردووە پێکدێت.

پێشبینی دەکرێت، بەهۆی ئەم گۆڕانکاریانەوە نزیکەی یەک ملیۆن کرێکارو فەرمانبەر ومووچەخۆر لەدامەزراوەکانی دەوڵەت بێکار ببن، ڕێژەی بێکاری لەو وڵاتە گەورەتر ببێت وڕێژەکە بۆ نزیکەی (40%) دەستی کاری ئەفغانی.

ئەمە سەرەڕای ئەوەی بەسەدان مناڵ، لەسەرجەم کایەکانی ژیاندا کاری قورس و گران ئەنجام دەدەن....

لەلایەکی ترەوە، کەرتی کشتوکاڵ، کەبەشادەماری ئابوری دادەنرا، بەهۆی ووشکەساڵی و کەمبونەوەی ئاوەوە لەپاشەکشەدایەو توانای ڕەخساندنی هەلی کاری نەماوە.

چاودێران، ترسی ئەوەیان هەیە کەبزوتنەوەی تاڵیبان نەتوانێت بەو دەرامەتانەی لەبەردەستدان، خزمەتگوزارییەگشتییەکان دابین بکات، کەلەئێستادا لەنزمترین ئاستدایە، بەتایبەت کەرتەکانی پەروەردە و تەندروستی و ژێرخانی ئابوری، هەموو ئەمانە بوونەتە ڕێگر لەبەردەم گەشەپێدانی ئابوری ئەو وڵاتە.

لەلایەکی ترەوە، پێشبینی دەکرێت بەرهەمهێنانی حەشیش لەناوچەکانی باکوری ئەو وڵاتە زیاد بکات، داهاتی حەشیش بۆ تاڵیبان، سەرچاوەی سەرەکی دابینکردنی پێداویستیەکانیان بووە، بەتایبەتی مووچەو بژێوی نزیکەی (100) هەزار ئەندامی کارای بزوتنەوەکە.

شایانی وەبیرهێناوەیە، ئەمەریکاو وڵاتانی ناتۆ، ساڵانە بەنزیکەی (15) ملیار دۆلار، کۆمەک و هاوکاریان پێشکەش بەحکومەتی کابول کردبوو، هەر ئەمەش سەرچاوەی سەرەکی ئابوری وڵات بووە.

لەپاش رێکەوتنی ئەمەریکاو تاڵیبان لەقەتەر، وادیارە ئەمەریکا داوای پابەندبونی سیاسی لەبزوتنەوەکە هەیە، لەبەرامبەر بەردەوامی هاوکاریە داراییەکاندا، ئەمەش گومان لەڕێکەوتنەکەو هاتنەسەر حوکمیان دەکات.

لەئایندەدا، هەڵسوکەوتی تاڵیبان لەناوخۆ و سیاسەتی دەرەوەی کابول، بەرامبەر وڵاتانی دراوسێ و جیهان، ڕاستی ودروستی ئەم گومانانە ڕووندەکاتەوە...

لەلایەکی ترەوە، هەڵسوکەوتی سیاسی سەرکردەکانی ئێستای تاڵیبان، واپێ دەچێت جیاواز بێت لەڕەفتاری سەرکردەکانی بیست ساڵ لەمەوپێش، وادەردەکەوێت گۆڕانکاری ڕیشەیی لەسیاسەت وکاری ڕێکخراوەیی و حکومڕانی تاڵیباندا گۆرانی بەسەردا هاتبێت، ئەو تێبینیانە لەلێدوانی ووتەبێژ و سەرکردەکانی تردا بەئاشکرا دیاربوو.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif