ڕووداوەکانی تونس و ئیسلامیەکانی کوردستان

ليست هناك تعليقات



(۱)

پێویستی وبایەخی خوێندنەوەی کۆی ئەزمونی تونسی، بەکێشەی ئیسلامییەکانیشەوە

بەھۆی بچوکبوونەوەی جیھان و گەشەسەندنی ھۆیەکانی پەیوەندی و بەجیھانی بوونی ھەندێ پرس، گومانی تێدا نیە ڕووداوەکانی تونس ڕەنگدانەوەیان لە کوردستان و لەو نێوەندەشدا لە نێو ئیسلامییەکاندا دەبێت. دۆخی نەخوازراوی ئیسلامییەکانیش لێرە لە ڕووی جەماوەری وەستاویان،وادەکات، ئەگەر وریا نەبن، بەرەنجامگیری ھەڵەو پاساوئامێز لەو ڕووداوانە دەکەن، کەھێشتا نەگەیشتونەتە کۆتایی خۆیان و دیارنیە کوت و مت چ بەرەنجامێکی کۆتاییان لێدەکەوێتەوەو لە کوێ و چۆن ستار دەگرن؟

ھێندەی ئاگادار یش بم ڕووداوەکان لەنێوەندە ئیسلامییەکەی کوردستاندا، بە سێ شێوە خوێندنەوەیان بۆ کراوە:

١- وەسفکردنی ڕووداوەکان بە کودەتا، وەك بەشێك لە ھەوڵی تۆخکردنەوەی مەزڵومییەتی ئیسلامییەکان بەگشتی و ڕەخنەگرتن لە فیکرو تەوژمی بەرامبەر بەوەی، تەنھا بەڕواڵەت ودروشم دیموکراسی قەبوڵەو بەکردەوە بەھاوپێوەرەکانی ژێرپێدە دات وپشتیان تێدەکات، بەتایبەتیش کاتێك مەسەلەکە پەیوەندی بە پارتە پاشخان ئیسلامییەکان وئیسلامییەکان بەگشتیەوە ھەبێت؟!

٢- کردنیان بەپاساو بۆ بەڕاستی نیاشاندان وئاساییبونی پاشەکشەو وەستاوی ئیسلامییەکانی کوردستان، لەچوارچێوەی ئیدارەدانی ململانێ حیزبیە ناوخۆییەکان وھەوڵدان بۆ بێدەنگە لێکردنی کادرو ئەندام لە بەرامبەر ئەو واقیعەو وێناکردنی وەك بەرھەھی دانایی سەرکردان؟! چونکە جیھان و ھێزەکان ئیسلامی قبوڵ ناکەن؟!

٣- گومانکردنی ھەندێك کەس لە وەی، گەمەی دیموکراسی و ناتوندوتیژی، ڕێگە ڕاستەکە بێت بۆ گەیشتنە دەسەڵاتی ئیسلامییەکان و ناچارکردنی ناوخۆو دەرەوە بۆ ئەوەی ڕێزیان لێبگرن و مامەڵەیان لەگەڵدا بکەن و بیر لەوە نەکەنەوە لە گۆرەپانەکە بیانکەنە دەرەوەو قاچاخیان بکەن؟ نمونە ھێنانەوەکەش لای ئەو کەسانە لەم رووەوە بە تاڵیبانە؟!


ئێمەش لەڕێی خۆمانەوە ھەوڵدەدەین زۆربەکورتی ھەندێ سەرنجی بەرایی لەسەر ھەریەك لەو خوێندنەوانە تۆماربکەین:

یەکەم : کێشەکان وپاشەکشەی دیموکراسی تەنھا بەململانێی ئیسلامی- عەلمانی لێکنادرێنەوە:

ناوزەدکردنی ڕێوشوێنە لە پێشگیراوەکانی سەرۆکی تونس بە کودەتاو ڕەخنەگرتن لە زۆرینەی عەلمانییەکانی ئەو وڵاتە بەناوی بەھاکانی دیموکراسیەوە لەلایەن بەشێکی بەرچاوی ناوەندە ئیسلامییە حەرەکیەکەی کوردستانەوە، بەوەی باوەڕیان بەم بەھایانە نیە ئاساییە. بە مەرجی ئەوەی بەھاکان بە دەستکەوتێکی مرۆڤایەتی و بژاردەیەکی ستراتیژی بزانرێن و سازشیان لەسەر نەکرێت. بە مەزڵوم نیشاندانیش لە سنورێکدا ئاساییە، بەڵام نابێت کەس پێی وابێت دەتوانێت کۆی دۆخەکەی پێ شرۆڤە بکرێت، یاخود وابزانرێت کێشەو قەیرانەکان لەم خاڵەدا قەتیس دەبن وزەمینەو واقیعێك بوونی نیە بۆتە ھۆی سەرکەوتنی ھەوڵی کودەتاو چەپڵە لێدانی خەڵکێکی زۆر بۆ ھەنگاوە تاکڕەویەکان ودەستدرێژیکردنە سەر بنەما دیموکراسیەکان. ئیسلامیەکان جیاکاریان دژ دەکرێت، ھەوڵدەدرێت لە وڵاتانی جوگرافیای بەھاری عەرەبی کێشەکان لەواندا قەتیس بکرێت ولێپرسراوێتی کۆی قۆناغە راگوزەریەکەیان بخرێتە ئەستۆو پاکتاوبکرێن ولەم ڕێگەیەشەوە کۆتایی بە ئەزمونە دیموکراسیەکانی ناوچەکە بھێنرێت، ڕاستیەکەو شاردنەوەی ئاسان نیە. بەڵام ئەمە تەنھا کێشەی ئەزمونی دیموکراسی ناوچەکەو تونس نیە، بەڵکو ئەگەر مەبەست لەڕەخنەکانمان بونیاتنانی ئەزمونێکی دیموکراسیی نیشتیمانیی پێگەیشتوو لەداھاتوی وڵاتی خۆمان وزیاتر پێگەیشتن وھوشیاربونەوەی عەقڵی سیاسی ئیسلامی بێت بەکێشەو ئاڵۆزییەکانی واقیع و خۆی، پێویستە وێنەکە بەفراوانتر ببینرێت وبخرێتە چوارچێوەی پەیبردن بەکێشەکانی کۆمەڵگەو قۆناغ وتەوژمێکی ڕاگوزەرەوە. بۆئەوەی تێگەیشتنێکی ھەمەلایەنەمان بۆ ڕەگ وڕیشەی کێشەو لاوازیەکان لەلا بخەمڵێت. ھەر لەم چوارچێوەشدا پێویستە تیشك بخەینە سەر واقیعی تونس وواقیعی دەرونحیزبیی وئاستی پێگەیشتویی سیاسی پاشخان ئیسلامییەکانی ئەو وڵاتە، کەلەئێستادا زیاتر لەپارتی نەھزەدا بەر جەستە دەبن:

١- واقیعی کۆمەڵگەی تونس: مونسیف مەرزوقی بیرمەندو سیاسەتمەدارو سەرۆککۆماری پێشوتری تونس، لەوتارێکیدا دەیەوێت لێکدانەوە بۆ ڕەفتارو سروشتی جەماوەرێکی زۆری تونسی وھەندێ وڵاتی تری ناوچەکە بخاتەڕو، کەچۆن ئامادەن لەسۆنگەی بروابون بە بونی فریاد ڕەسەوە، لەھەندێ ساتەوەختدا بڕژێنە سەر شەقامەکان وپشتیوانی لەوکودەتاو ھەوڵانە بکەن، مەبەستیان کۆتایھێنانە بەئەزمونەدیموکراسیەکانی ناوچەکەوگێرانەوەی ملھوڕی وتاکرەوی سیاسی پێشوو؟! وە ئاھەنگ بگێڕن بۆ ڕزگاربون لە پەڕلەمانێکی بێزراوو حکومەتێکی ناکارا، بێگوێدانەئەوەی لەڕێی چ میکانیزمێکەوە ئەنجام دەدرێت وئاکامی بەچی دەگات. ھەروەھا ئەم جەماوەرەئامادەیی دوبارە ھەڵخڵەتاندنی بەبونی چارەسەرێکی کۆتایی بۆسەرجەم کێشەکانی تێدایە؟! لەڕوانگەی ئەم جەماوەرە سادەوە، چارەسەرەکان لە مەنزومەو یاساودامەزراوەکاندا نین، بەڵکو بەدەستی تاکە کەسێکی فریاد ڕەسە کە لەمێژە چاوەرێی ھاتنی دەکرێت وستەمکارێکی دادپەروەرە؟! بەم جۆرە ھەژاری ونەفامی ونەبونی ھوشیاری ھاوڵاتێتی ودرێژەکێشانی کولتوری خۆبەڕەعیەت زانین دەبێتە ھۆی گومڕاکردنیان، کاتێك بەخەبەریش دێنەوە( ئەگەر وازوو بێنەوە) زۆرشتیان لەدەست داوەو ئەوھێزە دەرەکیانەی لەپشت کۆتایھێنان بەئەزمونە دیموکراسیەکەوەبوون، پشتدەکەنە زۆربەی بەڵێنەکانیان، ھەندێکیشیان نەیانتوانیوە کێشەی وڵاتەکانی خۆیان چارەسەر بکەن. بۆنمونەش ڕێژەی ھەژاری لەمیسر لە٣٥/ لەکاتێکدا لەتونس ١٩/ یە. دژە دیموکراسیەکانی ناوخۆش کۆڵەوارن لەچارەسەر کردنی ڕیشەیی کێشەکان وگەندەڵی وخراپبەکارھێنانی دەسەڵاتیش ھێندەی تر تواناکانی دەوڵەت بەرەو لاوازی وداڕزان دەبات

٢- کێشەکانی نەھزەی تونسی: نابێت ئەم خوێندنەوە واتە لێکدانەوەی ڕوداوەکان بەڕق لەئیسلامییەکان وبونی ئیرادەیەکی ناوخۆیی وھەرێمی بۆلێدان ودوورخستنەوەیان، وامان لێ بکات، چاو لە کەم و کورتیەکانیان بپۆشین ولەم ڕوەوە لێیانەوە فێرببین. ڕاستە ئێستا نەھزە ھێزی سەرەکی گۆرەپانەکەیە، کە دژ بە ھەنگاوە نادیموکراتیەکانی سەعید وەستاوەتەوە، بەڵام سەرەڕای ئەوەئەویش بێکێشە نیە وخۆشی لەئێستادا دان بەبەشێك لەھەڵەکانیدا دەنێت، لەوانەش: بەرگریکردن لەحکومەتێکی ناکارا بێ ئەوەی خۆیان پێکیان ھێنابێت، ھاوپەیمانی حکومی وپەڕلەمانی لەگەڵ پاشماوەکانی ڕژێمی پێشوو وتۆمەتبار بەگەندەڵی، کەئەوەش وایکردووە بەگەندەڵی ئەوانەوە بکەوێتە بەر شاڵاوی ناشیرینکردن وبەدبینکردنی بەشێکی بەرچاوی جەماوەر، پاڵاوتنی سەرۆکی حیزبەکە بەوتەمەنەوەو لەوفەزا پڕکێشمەکێشە توندە، بۆسەرۆکی پەڕلەمان، پێش ئەوانەش ڕێگریکردن لەپاش ڕوخانی ڕژێمی پێشوو لە دەرکردنی یاسایەك بۆڕێگریکردن لە پیاوانی مەنزومە ستەمکارو گەندەڵەکەی ڕژێمی پێشوو تاماوەیە بەرچاو بەشداری لەژیانی سیاسیدا بکەن، کەبەیەکێ لەپێشمەرجەگرنگەکانی سەرکەوتنی قۆناغی ڕاگوزەری دوای شۆڕش وڕێگریکردن لەدوبارە گەڕانەوەی مەنزومەی پێشوو بەناونیشانی نوێوە لەقەڵەم دەدرێت وڕوێکی سازشکارانەی ناپێویستی نەھزە دەخاتەڕوو یەکجار نالۆژیکییە. جگەلەوە، بزوتنەوەی نەھزە چەندان تاکتیکی ھەڵەو کێشەی ناوخۆییشی ھەیە. لە دوو ساڵی رابردووشدا لە سۆنگەی ئەو کێشانەوە، چەندین کەس لە سەرکردەو کادر ەکانی، ڕیزەکانی ئەوحیزبەیان بەجێھێشتووە؟! لەبەرئەوەی لە جۆری بەڕێوەبردنی حیزبەکەو بەشێ لە سیاسەتەکانی نارازیبوون وداواو خواستەکا نیشیان بۆ بەخۆدا چونەوەو خۆ ڕاستکردنەوەو چاکسازی ناوخۆیی پشتگوێخراوە! دوای رووداوەکانی ئەم دوواییەش (١٣٠) پەڕلەمانتار، بەرپرس و ئەندامی سەرکردایەتی و بەشێ لە کادرە لاوەکانی نەھزە بەییاننامەیەکیان بڵاوکردەوەو ڕەخنەیان لە ئەنجومەنی جێبەجێکردنی حیزبەکە گرت و ھوشیاریشیان دەربارەی چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ واقیعی دوای کودەتا تەواو نەکراوەکە گرتووە. داوایان لە سەرکردایەتیەکەیان کردووە، لێپرسراوێتی کەم و کورتیەکان بگرێتە ئەستۆ. دان بەوەدا بنێت کە جۆری ھاوپەیمانێتیەکانی نەھزە لەماوەی ڕابردوو بەڕێوەبردنی قەیرانەکان، ئەوەندەی پەیوەندی بەمانەوە ھەبووە، سەرکەوتوو نەبووەو لە ئاست خواستەکانی گەلی تونسدا نەبووە.

ئەنجومەنی نیشتیمانی لاوانی نەھزەش، لە ڕێی بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەکەوە، ڕەخنەی توندیان لە ئەنجومەنی جێبەجێکردن گرت، داوای پێکھێنانی سەرکردایەتیەکی ڕزگاریی نیشتمانی بە بەشداری سەرکردە لاوەکانیان کردوە، لە پێناو تازەکردنەوەی ئەنجومەنەکە و سەرکردایەتی جێبەجێکردن، کە نەیتوانیوە بەباشی بەئەرکەکانی ڕابێت.

ھەروەھا، داوایان کردو وە لە ڕێی میکانیزم و شێوازو سیمای نوێوە، کە لە بیرکردنەوەی گەلەوە نزیکربن، ئیدارەیەکی باشی قەیرانەکە بکرێت. دوای گۆڕانکاری لە ئەنجومەنی جێبەجێکردن و زوو گرێدانی گۆنگرە شیان خستۆتە بەردەم بڕیاربەدەستانی نەھزەوە.

جگەلەوانەش، لاوانی نەھزە داوایان لەسەرکردایەتی کردووە، ھەڵسەنگاندنێکی بابەتی بۆ ئەزمونی بەشداریکردنی حیزبەکەیان لە دەسەڵاتدا بکات. ھەروەھا چیتر لاوان لە ناکۆکیە ناوخۆییەکاندا بەکارنەھێنرێن و لەو کۆت و بەندانە ڕزگاریانکەن و باشتر لە پەیامەکانی گەلی تونس تێبگەن.

ھەموو ئەمانە دەریدەخەن، کە نەھزەی تونسیش بەشێك لە لێپرسراوێتی دۆخی ئێستای تونسی دەکەوێتە ئەستۆو پێویستی بەخۆ نوێکردنەوەو گۆڕینی شێوازی بەڕێوەبردنی قەیرانەکان و جۆری ھاوپەیمانیەتەکان وڕێکخسنەوەی ئۆرگانەکانی و نوێکرندنەوەی سەرکردایەتیەکەی ھەیە. ئەگەر ئەوەش حاڵی پارتێکی کراوەو گەشەکردوو گەورەی وەکو نەھزەی تونسی بێت، داخۆ دەبێت ئیسلامییەکانی کوردستان لەم ڕوانەوە پێویستیان بەچی ھە بێت؟



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif