ساڵی‌ نوێی‌ خوێندن چۆن ده‌ست پێبكات؟

ليست هناك تعليقات

ڕه‌ئوف محه‌مه‌د ئالانی‌


به‌پێی‌ داوایه‌ك كه‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی‌ په‌روه‌رده‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، ئاراسته‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران كراوه‌، وابڕیاره‌ 14/9 ده‌رگای‌ قوتابخانه‌و خوێندنگه‌كان واڵابكرێن بۆ پێشوازی‌ له‌ساڵی‌ نوێی‌ خوێندن، ئه‌گه‌ر بارودۆخی‌ ته‌ندروستی‌ به‌ره‌وباشتر چوو، لیژنه‌ی‌ باڵای‌ ڕووبه‌ڕووی‌ كۆرۆنا، سه‌لماندی‌ دۆخه‌كه‌ گونجاوه‌, ئه‌وه‌ ده‌ست ده‌كرێته‌وه‌ به‌ خوێندنی‌ ناوپۆل.

له‌دوای‌ ساڵی‌ 2014 دۆخێكی‌ سه‌ختی‌ ئابوری‌ یه‌خه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانی‌ گرت، ئه‌وه‌ش به‌هۆی‌ ڕێكنه‌كه‌وتنی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم و ناوه‌ند و نه‌ناردنی‌ پشكی‌ به‌شه‌ بودجه‌ی‌ هه‌رێم و پابه‌ند نه‌بوونی‌ هه‌رێم به‌ ڕێككه‌تنه‌كانه‌وه‌، هاتنی‌ داعش و شه‌ڕو به‌رگریش دۆخه‌كه‌ی‌ ئاڵۆزتركرد، سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم نه‌وتی‌ خۆی‌ ڕاسته‌وخۆ ده‌فرۆشێت و داهاته‌كانی‌ ناوخۆو خاڵه‌سنوریه‌كانیش بۆخۆی‌ بوو، به‌ڵام ناڕوونی‌ ئه‌و داهاتانه‌و بێپلانی‌ و گه‌نده‌ڵی‌ و به‌هه‌ده‌ردان كارێكی‌ وایكرد، زۆربه‌ی‌ سێكته‌ره‌كان په‌كیان بكه‌وێت.

سێكته‌ری‌ په‌روه‌رده‌ له‌وانی‌ تر پێوه‌ی‌ ده‌ركه‌وت، به‌و هۆیه‌ی‌ موچه‌ پاشه‌كه‌وتی‌ كاتی‌ نادیاركراو پاشان موچه‌ی‌ چه‌ند مانگێك نه‌درا له‌هه‌ر ساڵێكدا، ئه‌مه‌ بووه‌ ده‌ربڕینی‌ ناڕه‌زایی‌ مامۆستایان و بایكۆتكردن و چوونه‌ شه‌قام بۆداواكردنی‌ موچه‌كانیان، له‌وكاته‌شدا خوێندنی‌ چه‌ند ساڵێ‌ په‌كیكه‌وت، دیاره‌ به‌رپرسی‌ ئه‌و دۆخه‌ ناسه‌قامگیره‌، ته‌نها حكومه‌ته‌و باجه‌كه‌شی‌ مناڵانی‌ كورد ئه‌یده‌ن، ئه‌وه‌ی‌ جێگه‌ی‌ پرسیاركردن و ڕامان بوو، حكومه‌ت جگه‌ له‌به‌كارهێنانی‌ زمانی‌ زبرو ئازاردانی‌ مامۆستایان، هیچ وه‌ڵامێكی‌ مامۆستایانی‌ نه‌دایه‌وه‌.

له‌پاش ئه‌وه‌ دۆخێكی‌ گشتگیری‌ ناته‌ندروستی‌ جیهانی‌ هاته‌پێش به‌هۆی‌ په‌یدابوونی‌ قایرۆسی‌ كۆرۆنا، ئه‌ویش فاكته‌رێكی‌ تربوو بۆ دواخستنی‌ بێ‌ مه‌به‌ستی‌ پرۆسه‌ی‌ په‌روه‌رده‌، ئه‌توانم بڵێم ناچاری‌ بوو، دیسان باجه‌كه‌ی‌ چووه‌ سه‌رشانی‌ مناڵان، به‌هۆی‌ بێبه‌ش بوونیان له‌ فێربوون و پرۆسه‌ی‌ په‌روه‌رده‌، هه‌رچه‌ند جۆرو سیسته‌می ئۆنلاین دانرا، به‌ڵام شكستی‌ خوارد و ئامانجه‌كانی‌ نه‌پێكا، ئه‌وه‌ش ئه‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ دانه‌نانی‌ پلانی‌ پێش وه‌خته‌ و باری‌ گرانی‌ سه‌رشانی‌ كه‌سه‌كاری‌ مناڵان، له‌ئه‌وروپا سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌باشی‌ ته‌كنه‌لۆژیا كاری‌ له‌ناو پرۆسه‌ی‌ په‌ره‌وه‌رده‌دا پێكراوه‌، هه‌موو مناڵێكیش له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌، ئایپادێکیان بۆ دابینكرا، تا پرۆسه‌ی‌ ئۆنلاین سه‌ربخه‌ن، به‌ڵام گرفته‌كان لێره‌ زۆر بوون و چاره‌سه‌ریش نه‌كران، خه‌ڵك هه‌بوو ئه‌یوت حكومه‌ت موچه‌ی‌ مامۆستایان نادات، ئیتر چۆن ئایپاد و مۆبایلی‌ باش بۆ مناڵان دابین ده‌كات؟.

دابڕان له‌ خوێندن له‌لای‌ مناڵان كاریگه‌ری‌ نه‌رێنی‌ ده‌كاته‌ سه‌ر ڕاده‌ی‌ ئاستی‌ گه‌شه‌كردن و قراوان بوونی‌ بیرو هه‌ست، چونكه‌ مناڵ له‌گه‌ڵ گه‌شه‌ی‌ جه‌سته‌دا پێویستی‌ به‌ زانین و په‌روه‌رده‌و فێركردنه‌، بۆئه‌و ماوه‌ زۆره‌ی‌ بێبه‌ش بوونیان ئه‌بێ‌ ئه‌و چه‌ند نه‌وه‌یه‌ پێویستی‌ پرۆسه‌ی‌ خوێندنیان چۆن قه‌ره‌بوو بكرێته‌وه‌؟ له‌كاتێكدا هیچ پلانێكی ڕوون و دیارنیه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌، هه‌ربۆیه‌ پارساڵ، بڕیاری‌ خوێندنی‌ ناوپۆل به‌ نۆبه‌ و كه‌كردنه‌وه‌ی‌ ژماره‌ی‌ قوتابیانی‌ پۆله‌كان درا، تاڕاده‌یك له‌وه‌ باشتر بوو كه‌ هیچ نه‌خوێندرێت، بۆئه‌مساڵی‌ خوێندنی‌ 2021/2022 به‌ڕای‌ به‌نده‌، پێویسته‌ چه‌ند هه‌نگاوێك بۆ ده‌ستپێكی‌ خوێندن له‌مساڵدا بنرێت، كه‌ ئه‌مانه‌ن:

1- دوو مانگی‌ یه‌كه‌م پێداچوونه‌وه‌ بكرێت له‌چه‌ند بابه‌تێك بۆ خوێندنی‌ بازنه‌ی‌ یه‌كه‌می‌ بنه‌ڕه‌تی‌ به‌تایبه‌ت وانه‌كانی‌ كوردی‌ و بیركاری‌

2- وه‌زاره‌تی‌ په‌روه‌رده‌ هه‌وڵ بدات كه‌موكوڕییه‌كانی‌ قوتابخانه‌و خوێندنگه‌كان به‌پێی‌ پێویست و كاری‌ له‌پێش دابین بكات

3- پڕۆگرامه‌كانی‌ خوێندن به‌ته‌واوی‌ بدرێن به‌ قوتابی‌ و خوێندكار

4- ناكرێ‌ له‌دوای‌ چه‌ند مانگ له‌ خوێندنی‌ بابه‌تێك گۆڕانكاری‌ تێدا بكرێت و كتێبیچكی‌ تر له‌جێی‌ دابنرێت، ئه‌و گۆڕانكاریانه‌ بخرێنه‌ ساڵی‌ داهاتوو، تا منالاَن سه‌ریان لێ تێكنه‌چێت

5- پێویسته‌ حكومه‌ت موچه‌ی‌ مامۆستایان به‌هه‌موو ده‌رماڵه‌و به‌رزكردنه‌وه‌و سالاَنه‌ دوانه‌خات و له‌كاتی‌ خۆیدا بیداته‌ مامۆستایان

6- ئه‌و ئه‌ركه‌ی‌ سالاَنی‌ ڕابردوو به‌ناوی‌ خوێندنی‌ (بریتش كانسل) خرابووه‌ سه‌ر كه‌سوكاری‌ قوتابی‌ و خوێندكار دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌، حكومه‌ت پێداویستیه‌كان جێبه‌جێ بكات

7- خول بۆ مامۆستایان بكرێته‌وه‌ به‌لاَم، ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ وانه‌بێژن ، نابێ‌ بڕوانامه‌كانیان له‌ خوارماسته‌رو دكتۆراوه‌ بێت، نه‌ك بۆ ئیمتیاز چه‌ند كه‌سێك وه‌ك ناسیاوی‌ و مه‌نسوبیه‌ت دابنرێن

8- له‌پۆله‌كانی‌ تردا پێویسته‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی‌ ئاست بكرێت تا به‌ڕاپۆرت بدرێته‌ لیژنه‌یه‌كی‌ پسپۆڕو تایبه‌ت

9- خوێندنی‌ هه‌رێم، به‌راورد بكرێ‌ به‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی‌ له‌ئێمه‌وه‌ نزیكن، تا وه‌ك ئه‌وان هه‌نگاو بنرێت

10- پێداچوونه‌وه‌ به‌ خوێندنی‌ ئه‌هلی‌ و ناحكومی‌، وابكرێت هاوسه‌نگی‌ بپارێزرێت

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ پرۆسه‌ی‌ په‌روه‌رده‌ به‌ ساڵێك و دووان ده‌خاته‌وه‌ سه‌رسكه‌ی‌ ڕاستی‌ و دروستی‌ خۆی‌، به‌هیوام وه‌زاره‌تی‌ په‌روه‌رده‌، گوێ‌ له‌خه‌مخۆرانی‌ پرۆسه‌كه‌ بگرێت، ئه‌مه‌وێ‌ به‌وته‌یه‌كی‌ مسته‌فا نوره‌دین كۆتایی‌ به‌ وتاره‌كه‌م بێنم كه‌ ئه‌ڵێ‌ :

كه‌تامی‌ تاریكیی‌ نه‌زانی‌ كرد، بۆی‌ ده‌ركه‌وت كه،‌ زانین ڕووناكییه)‌)

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif