رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی: کۆچبەران دەتوانن لە لیتوانیاوە بگەڕێنەوە وڵاتەکانیان

ليست هناك تعليقات


 بەرپرسی ئۆفیسی لیتوانیای رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی باس لەوە دەکات کە ژمارەی کۆچبەران زۆر بەخێرایی لەبەرزبوونەوەدایە، بەتایبەتی لەم چەند هەفتەی رابردوودا و ئاستەنگی جۆراوجۆری بۆ دروستکردوون. لەهەمانکاتدا دەڵێت بژاردەی گەڕانەوەی خۆویستانە دەدەنە ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان.

 
لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاد لە 4 هەزار کۆچبەر کە زۆربەیان خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراقن بەشێوەیەکی قاچاخ لەنێو بیلاڕووسەوە چوونەتە نێو لیتوانیا. 
 
لە سەرەتای ئەم مانگەوە ژمارەیەک لەو کۆچبەرانە چەند جارێک قسەیان بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کردووە و دەڵێن، ژمارەیان نزیکەی 3500 کەسە و لە کەمپەکانی لیتوانیادان. لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانییەوە گەشتیان کردووە و خۆیان گەیاندووەتە بێلاڕووس، بەڵام لەوێوە بۆ لیتوانیا هەموویان بە قاچاخ رۆیشتوون و هەر لەگەڵ گەیشتنیان هەر کەسێکیان 14 رۆژ کەرەنتین کراوە.
 
ژمارەیەک لە کۆچبەرانی کورد لە کەمپی پابرادێ لە لیتوانیا گیریان خواردووە، بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست رووداو کەوتووە، بەشێک لە کۆچبەرەکان لەناو کەمپەکەدا لەژێر خێوەتدا دەمێننەوە و بەشێکیشیان لە زینداندان. بەپێی ئەو دیمەنانەش کە لە وێنە و ڤیدیۆکاندا دەردەکەوێت، دۆخی ژیانی کۆچبەرەکان باش نییە و ئاو چووەتە شوێنی مانەوەی بەشێکیان.
 
 
یۆڤیتا سانداتێ، بەرپرسی ئۆفیسی لیتوانیای رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی لە هەڤپەیڤینێکی تایبەت لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو وەڵامی ئەو پرسیارانە دەداتەوە کە لەبارەی دۆخی کۆچبەرانەوە لێی دەکرێت، بەتایبەت کۆچبەرانی کورد لە لیتوانیا کە لە دۆخێکی خراپدان.
 
دەقی هەڤپەیڤینەکە
 
رووداو: کە سەردانی کەمپی پابرادی کۆچبەرانمان کرد، کۆچبەران لەو کەمپە لە دۆخێکی زۆر خراپدان، ئایا ئێوە ئاگاداری دۆخی کۆچبەرانن؟
 
یۆڤیتا سانداتێ: سەرەتا سوپاس بۆ پرسیارەکە. پێموایە ئێستا لیتوانیا رووبەڕووی ئاستەنگێك بووەتەوە، ئەوەش بەهۆی زۆری پەناخواز و کۆچبەرانەوە کە لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا هاتوون. ئێمە ئاگاداری بارودۆخی نێو کەمپەکان و ئەو ئاستەنگانەین کە رووبەڕوویان بوونەتەوە. بێگومان ئاستەنگەکان جۆراوجۆرن، لەوانەش ئاستەنگی تەکنیکی و دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی وەک شوێنی مانەوە و خواردن و پێداویستیی تەندروستی. پێموایە حکومەتی لیتوانیا دەیەوێت لەم بارودۆخەدا ئەوپەڕی هەوڵی خۆی بدات، بەڵام ژمارەکە زۆر بەخێرایی لەبەرزبوونەوەدایە، بەتایبەتی لەم چەند هەفتەی رابردوودا. ئێمە پێشبینی هەندێک ئاستەنگمان دەکرد؛ هەروەها پێموایە کە ئەمە سەرەتایە و بەدڵنیاییشەوە نابێت تەنیا بیر لە پێشوازیکردن لەو خەڵکە بکەینەوە، بەڵکو دەبێت بیر لە تێکەڵکردنیشیان لەگەڵ کۆمەڵگە بکەینەوە و هەروەها بیر لەوەش بکەینەوە کە چۆن دەتوانین یارمەتییان بدەین بۆ ئەوەی ببنە بەشێک لە کۆمەڵگە، ئەگەر بێتو لێرە بمێننەوە. 
 
رووداو: ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی ئێستا لە لیتوانیان، چەندە بە تەواوەتی؟
 
یۆڤیتا سانداتێ: ئێستا زیاد لە 4 هەزار کەس هەن کە لە بیلاڕووسەوە هاتوون. شەوی رابردوو تەنیا دوو کەس هاتن. هەربۆیە بەجۆرێک لە جۆرەکان کەمبوونەوە لە ژمارەکەدا هەیە، بەڵام ژمارەکە بەگشتی سەروو 4 هەزار کەسە. ئێستا زیاد لە 2700 کۆچبەری عێراقی لێرەن. 
 
رووداو: هاتنی کۆچبەران لە بیلاڕووسەوە بەردەوامە یان وەستاوە؟
 
یۆڤیتا سانداتێ: ئێستا ژمارەیەکی کەمتر کۆچبەر لە بیلاڕووسەوە دێن؛ هەروەک گوتم، شەوی رابردوو تەنیا دوو کەس هاتن؛ پێموایە شەوی پێشتر نزیکەی 19 کۆچبەر هاتن. هەروەها گوێمان لە راگرتنی هەندێک لە گەشتە ئاسمانییەکان لەلایەن کۆمپانیاکانی هێڵی ئاسمانیی عێراقەوە لە بەغداوە بووە و دەکرێت ئەوەش کاریگەریی هەبێت. دەبێت بووەستین بۆ ئەوەی بزانین سبەی و رۆژانی دواتر چۆن دەبێت. 
 
رووداو: هاتنی ئەو هەموو کۆچبەرە لە بیلاڕووسەوە بۆ لیتوانیا چۆن دەبینن؟
 
یۆڤیتا سانداتێ: هەروەک گوتم، ئەوە بارودۆخێکە کە پێشتر بۆ لیتوانیا وێنەی نەبووە. پێموایە ئەوەی کە پەیوەندیی بە ئەوروپاوە هەیە، شتێکی لەو جۆرەمان لە 2015 بینی، ئەوەش کاتێک خەڵکی لە رێگەی وڵاتانی بەڵکانەوە دەچوون. بەڵام ئەمجارە سنووری لیتوانیا و بیلاڕووسە و بەدڵنیاییەوە ئەمەش راستەوخۆ پەیوەندیی بە زیادبوونی گرژییەکانەوە لەنێوان بیلاڕووس و لیتوانیا یان تەنانەت یەکێتیی ئەوروپا و بیلاڕووسەوە هەیە. ئەگەر بۆچوونی منت بوێت لەبارەی ئەوەی کە ئەمە چی لێدێت؟ ئەوە شتێكە کە ئێستا زانینی زەحمەتە، بەڵام پێموایە تاوەکو ماوەیەکی دیکە وەک ئاستەنگ دەمێنێتەوە. 
 
رووداو: هەندێک لە کۆچبەرەکان دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ عێراق، دەتوانی پێمان بڵێیت بۆچی پرۆسەی گەڕاندنەوەیان ئەوەندە دەخایەنێت؟
 
یۆڤیتا سانداتێ: پرۆسەکە لەلایەن حکومەتی لیتوانیا و بەشی کۆچەوە هاوئاهەنگیی بۆ دەکرێت. ئەوان ئێستا چاوخشاندنەوە بە داواکاریی بۆ وەرگرتنی کۆچبەرەکان دەکەن. پێموایە ئەو دامەزراوانە بەهۆی ئەو ژمارە زۆرەی داواکاریی تایبەت بە وەرگرتنی مافی پەنابەرییەوە کە وەریانگرتووە، هەندێک کاریان لەبەردەست ماوە کە دەبێت تەواوی بکەن. پێموایە ئەوان لە پێگەیەکدان کە دەتوانن لەسەر ئەو بابەتە قسە بکەن. ئەوەی کە پەیوەندیی بە بۆچوونی ئێمەوە هەیە وەک رێکخراوێکی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان، ئێمە بژاردەی گەڕانەوەی خۆویستانە دەدەینە ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت بگەڕێنەوە. واتە، پرۆگرامێکمان بۆ گەڕانەوەی ئەو کەسانە هەیە کە خۆویستانە دەیانەوێت بگەڕێنەوە؛ واتە رێکخراوەکەمان یارمەتی ئەو خەڵکە دەدات بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان، نەوەک تەنیا عێراق. داواکاریمان لە هەندێک کەس بەدەست گەیشتووە. بۆ نموونە ئێستا 10 داواکاریمان لایە کە پێشکەشکارەکانیان ئامادەیی خۆیان بۆ گەڕانەوە دەربڕیووە. ئێمەش بۆ ئەو مەبەستە یارمەتیان دەدەین. 
 
رووداو: هەست دەکەن ئەو کۆچبەرانە کراونەتە قوربانیی کارتێکی گوشاری سیاسی لەنێوان بیلاڕووس و وڵاتانی ئەوروپا؟
 
یۆڤیتا سانداتێ: پێموایە، بەدڵنیاییەوە سیاسەت زۆر لەم دۆخەدا تێکەڵ کراوە. ئەم بابەتە کەمێک پێش کۆچی کۆچبەران دەستیپێکرد. زۆر باش لەبیرمانە کاتێک فڕۆکەیەک لە یۆنانەوە چووە بیلاڕووس و ئەوەش سزادانی بیلاڕووسی لەلایەن یەکێتیی ئەوروپاوە بەدوادا هات. واتە شتەکە لەوێوە دەستیپێکرد، بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانییە لەم دۆخەدا ئەوەیە کە خەڵکی لەم نێوەندەدا گیریان خواردووە و بوونەتە نێچیری بەشێک لەم یاریە سیاسییە کە دەکرێت و روودەدات. 
 
رووداو: ئێوە دەتوانن چی بۆ ئەو کۆچبەرانە بکەن کە ئێستا لە کەمپەکان دۆخێکی زۆر خراپدان؟
 
یۆڤیتا سانداتێ: ئەوەی کە ئێمە وەک ئای ئۆ ئێم پێشکێشی دەکەین ئەوەیە، ئەو کەسانەی کە خۆویستانە دەیانەوێت بگەڕێنەوە، ئێمە یارمەتیان دەدەین بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە وڵاتی بنچینەیی خۆیان. ئێمە بەشێوەیەکی راستەوخۆ لە بەڕێوەبردنی کامپەکاندا بەشدارنین، بەڵام لەگەڵ حکومەت قسە دەکەین و باس لەوە دەکەین کە چۆن دەتوانین یارمەتیدەربین و دۆخی نێو کەمپەکان باشتربکەین. ئێمە کەسانی شارەزامان لە شوێنە جیاوازەکانی ئەوروپادا هەن، وەک یۆنان و دوورگەکانی کەناری و ئەوانیش دەتوانن یارمەتیدەربن. بارودۆخەکە بەگشتی نوێیە و پێموایە شێوازی پێکەوەکارکردنی کۆنکرێتیانەمان زۆر زوور زیاتر دەبێت.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif