پەیامێکی دۆستانە بۆ مامی بچوك

ليست هناك تعليقات



هاوکار عزەت
-
کاک قوباد ماوەیەکەو لە دوای ڕوداوەکانی هەشتی تەموزەوە دەستی کردوە بە زنجیرەیەک گۆرانکاری و کۆبونەوە و بڕیاری باش باش، کە دەکرا هەر لە سەرەتای دەستبەکاربونیەوە ئەو کارانەی بکردایە و لێی نەوەستایە، بەڵام دیارە وەک خۆی لە ساڵیادی کۆچی دوایی ڕەحمەتی مام جەلالی باوکیدا ئاماژەی پێکرد ئەویش هاوشێوەی سەرۆکی پەرلەمان کە هەر هەڤاڵێکی حزبەکەی خۆیەتی دەستی بەستراوەو ڕێگریی لە کارەکانی دەکرێت، بەڵام بیرمان بێت سەرەنجام تاڵەبانیی کوڕ ئەندامی سەرکردایەتی حزبەکەی و کوڕی تاڵەبانیی باوک و جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمیشە، بە پێی هەموو پێوەرێک دەبوو دەسەڵاتەکانی باشتر بەکار بهێنێت و ئەوکارانەی ئێستا دەیکات زوتر بیکردایە، بەڵام کورد وتەنی زەرەر لە نیوە بگەرێتەوە قازانجە.

ئێستاو دوای ڕوداوەکانی نێو یەکێتی و هەردوو ئامۆزاکە، قوباد تاڵەبانی بە هەر سێ ئەو خەسڵەتەی کە هەیەتی دەستی داوەتە کۆمەڵە کارێک کە نەک پێویستن بۆ کۆمەڵگەی کوردی و راستکردنەوەی ئەو چەوتیانەی لە ڕابردودا هەبوون، بەڵکو وەک هەناسەیەکی دەستکرد وایە کە ژیانی کەسێکی پێ ڕزگار دەکرێت ‌هێندە ئەو جوڵەو بڕیارانە گرنگ و پێویستن بۆ ئێستای کوردستان.

بڕیاری کۆتایی هێنان بە قۆرخکاری و پاراستنی بازرگانان لە سەرانە لێسەندن و نەهێشتنی ئۆتۆمبێلی جامڕەش و بێسەرەتا و دوا جاریش ناشتنی نەمام لە شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمود و پاشان ڕەوانەکردنی هێز بۆ دەروازە سنوریەکان، ئەمانە هەموو کاری پێویستن و هەرکەس بیکات جێگەی ڕیز و دەستخۆشیە، پێویستە کۆمەڵگە رێز لەو کەسانە بگرێت کە نیەتی چاکسازی و پاکسازییان هەیە، بەڵام ئایا ئەمەی قوباد تاڵەبانی دەیکات، چاکسازیی و پاکسازییە یان کارێكی حزبی و یەکلاکردنەوەی ململانێ بۆ براکەی لە بەرامبەر ئامۆزاکەی؟.

قوباد تاڵەبانی دەبێت بۆ ئەوەی وەک خۆی کارەکانی لێ وەربگیرێت و لە قەبارەی خۆیدا خوێندنەوە و چاوەڕوانی دروستبکرێت بۆ هەنگاوەکانی، چەند ڕێکاریک بگرێتەبەر، تا وێنەیەکی بۆ دروست نەکرێت دوایی توشی ئیحراجی و قسەی چاودێران و کۆمەڵگەی بکات و لەبری قازانج بە زیانەوە لە کارەکە بێتە دەرەوە، چونکە بە خوێندنەوەی واقیعەکە هەموو دەزانین مەحاڵە لە ئێستادا بتوانێت هەموو هەنگاو و بڕیارەکانی بکاتە کردار و هەموشی وەک خۆی بۆ بچێتە سەر، بەدڵنیاییەوە لە چەند هەنگاوێکدا ڕێگری دێتە بەردەم و ئەگەر ناچار بە ڕاگرتنی هەنگاوەکانی نەبێت ناچار بە گۆڕینی پلان و میکانیزیمی جێبەجێکردنی هەنگاوەکانی دەبێت!.

- تاڵەبانی کوڕ وەک جێگری سەرۆکی حکومەت و بە واژۆی ئەو پۆستەوە بڕیارەکان دەردەکات و کۆبونەوەکان دەکات، لەبەر ئەوە پێویستە کارەکانی و هەنگاوەکانی سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بگرێتەوەو ئەو بریارەی لە سلێمانی کاری پێدەکرێت لە دهۆک و زاخۆ و هەڵەبجەش کاری پێبکرێت، ئەو ئۆتۆمبێلەی لێرە قەدەغە دەکرێت بچێتە سەر شەقامەکان نابێت لە هەولێر بسوڕێتەوە بە بێ لێپرسینەوە، پێویستە ئەو هێزەی بەناوی نەهێشتنی قاچاخچێتییەوە دەینێرێتە باشماخ و پەروێزخان بتوانێت هیزێکیش بنێرێتە حاجی ئۆمەران و ئیبراهیم خەلیل چونکە ئەگەر لەوێ قاچاخچێتی زیاتر نەبێت کەمتر نییە، ئەمە دەیسەلمێنێت کە قوباد تاڵەبانی وەک جێگری سەرۆکی حکومەت بڕیار دەدات و مەبەستەکەی چاکسازییە نەک ڕێککردنەوەی ململانێی حزبی.

- ئەو هەنگاوانەی کە قوباد تاڵەبانی هەڵیگرتون هەموو هەنگاوی پێویست و پێرۆزن، ئەگەر جێبەجێبکرێن لە ماوەیەکی کەمدا ئاسەوار و ئەنجامەکانیان دەردەکەوێت، بۆیە پێویستی بەو هەموو هەڵا ئیعلامییە نییە کە میدیاکانی حزب و شەخسەکانی نێو حزب بۆی دروست دەکەن و لە ماوەی چەند کاتژمێریكدا بە چەند شێوازێکێ بەرهەمی میدیایی کاری لەسەر دەکرێت بە وێنەو ڤیدیۆ و راستەوخۆ و هەواڵی نوسراو، پێم وایە ئەو بابەتەی کە هێندە دەکرێتە بابەتی راگەیاندن و هەڵا دروستکردن هێندە جێی خۆی ناگرێت وەک ئەنجامی کارەکە و قورسایی بڕیارەکان جێی خۆیان ناگرن.

- نابێت قوباد تاڵەبانی ڕێگە بدات ئەو وێنایەی بۆ دروست بکرێت کە دەتوانێت هەموو شتێک بکات و هەرچی خەڵک بیری لێکردەوە ئەو دەتوانێت ئەنجامی بدات، ئەو ئێستا خەریکە لەلایەن کەسە نزیک و میدیاکانی نزیک لە خۆی و حزبەکەیەوە دەکرێتە سوپەرمان و پیاوی کارە سەختە مەحاڵەکان و ئاستی چاوەروانیەکان هێندە بەرز بونەتەوە کە بە دڵنیاییەوە بۆ ئەم قۆناغە ناتوانێت ئەو کارانە ئەنجام بدات بەوشێوەی کە چاوەڕێی دەکرێت، نمونە زۆرە لە ساڵانی رابردودا کە بۆ هەندیک کاراکتەرو حزب و رێکخراو هێندە ئاستی چاوەروانیەکان بەرز بوبونەوەو دواتر وا دەرنەچوو خەڵکی توشی بێهیواییەکی زۆر کرد، بۆیە پێویستە ئەویش هەمان ڕێگە نەگرێتە بەر و ئاستی چاوەڕوانیەکان هێندە بەرز نەکاتەوە لای هاوڵاتیان، چونکە سەرەنجام جارێکی تر بێهیوایی و دوردۆنگی لە بەرامبەر کردەی چاکسازی هێندەی تر فراوان دەبێت لە زیهنی تاکی کورددا.

- هەموو دەزانین قوباد تاڵەبانی وەک سەرۆکی لیستی هاوپەیمانی (کوردستان) لە نێوان گۆڕان و یەکێتیدا دیاریکراوە، میکانیزم و هۆکارەکانی دیاریکردنەکەی هەرچی بوون بابەتی ئێمە نییە، من وەک خۆم باشترین کاراکتەرێک بۆ ئەو هەڵبژاردنە وەک سەرۆکی لیست پێم باشبوبێت قوباد تاڵەبانی بوو چونکە ئەگەر نەتوانێت هیچ بکات دەتوانێت زمانێکی مەدەنیانە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەکار بهێنێت، بەڵام دەبێت ئەویش ئەوەی بێربێت بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن و بۆ پیشاندانی ڕویەکی جوانی مەدەنیانە و چاکسازی خۆی سیمای شار و زۆنێکی وەک زۆنی سەوز و شاری سلێمانی نەکاتە قوربانی و هەرچی هەیە بیخاتە ژێر پرسیاەوە و وا پیشان بدات کە ئەم زۆن و شارە بۆگەنی کردوە لە گەندەڵی و قوۆرخکاری و زەوتکردن و دزی و تاڵانکاری ئەو ئێستا هاتوە ئەو کارانە راستدەکاتەوە و گوڵاوپرژێنی دەکات، دەبێت قوباد تاڵەبانی ئەوەی بیر بێت فەلسەفەی بانگەشەی هەڵژاردن برتییە لە خستنەڕوی کاری باش و پیشاندانی کاری جوان و پرۆژەی نوێ نەک ناشیرینکردنی ئەوانی تر و سفرکردنەوەی هەموو رابردو، رابردویەک کە خۆت بەشێک بیت تیایدا و بەشێکی سەرەکیش.

- کۆتا خاڵ ئەوەی لە هەمووی گرنگترە ئەوەیە کە لێپیچینەوە و سزادان و بگرە شاربەدەرکردنی گەندەڵکارانیش کارێکی پیرۆز و جێی ستایشە، بەڵام نابێت تا ئەوکاتە بێت کە ئەو گەندەڵ و قۆرخکار و سەرپێچیکارانە لە بەرامبەر تۆن ئەو کارە بکەیت و و هەرکات ویستیان بێتە ژێر باڵی تۆوە هەم لێیان خۆش بیت هەم ڕێگەیان بدەیت بەردەوام بن، نابێت کەسێک کە بە گەندەڵ وسقۆرخکار ناوی هاتوە بە گرتنەبەری ڕێگەی دەباشان و خواردنەوەی چایەکی ماڵی گەورەی مام ئیدی هیچی لەسەر نەمێنێت و ببێتە شەریفی کوڕی ئەمین، پێویستە ئەو کەسەی کە تۆ بە گەندەڵ ناوی دەبەیت ڕێگەشی نەدەیت ڕێگەی دەباشان بگرێتە بەر بۆ ئەوەی خۆی بە ئاوی کۆشک بشواتەوەو وا دەربخرێت کە چیدی بێتوانە.

ئەگەر قوباد تاڵەبانی توانی ئەم کارانە بکات و بەو جۆرە هەنگاوەکانی هەڵبگرێت پێم وایە نەک من، هەموو تاکێکی ئەم کۆمەڵگەیە ڕێزی لێدەگرێت و نەک دەستخۆشی لێدەکات، بەڵکو هەموو دەبنە بەشێک لە هەنگاوەکانی.

 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif