پارتی لەبەردەم شکست و مانەوەدا

ليست هناك تعليقات


عوسمان گوڵپی
-
هەموو ساڵێک و لە ١٦ی ئابدا  پارتی دیموکراتی کوردستان، ساڵیادی دامەزراندنی دەکاتەوە کە لە ئێستادا لە حەفتاو پێنجەمین ساڵیدایە، ئەم هێزە سیاسیە لە دامەزراندنیەوە بۆ ئێستا سەرۆك و جومگە گرنگەکانی بەدەست یەك خێزانەوەن کە ئەویش بنەماڵەی بارزانیە، ئەگەرچی بنەماڵەیی بوون زۆر جار وەك تانەیەك ڕوو دەکاتە پارتی، بەڵام ئەوان نە حاشایان لەوە کردوە و نە ئەندامەکانیشیان نکۆڵی لێدەکەن، لەوەش زیاتر ئەو کەسەی دەبێتە پارتی بەرلەوەی پەیڕەوی نێو خۆی ئەو حیزبە بخوێنێتەوە ئەو بنەماڵەیەی وەك ڕابەرو بڕیاردەست قبوڵە، ئەمە وایکردوە کە بنەماڵەیی بوون نەك نەبووەتە خاڵی سلبی بەڵکو کردویانەتە خاڵێکی بەهێز بۆ خۆیان و وەك ڕێچکەیەك لەسەری دەڕۆن، لە هەڕەمی دەسەڵاتەوە بۆ ئەندامێکی ئاسایی وەك پشتێنەیەکی بەهێزی مانەوە تەماشایی دەکەن

ئەم حیزبە سیاسیە لە دروستبوونەوە بۆ ئێستا چەندین جار لە کەوتن نزیك بۆتەوە بەڵام نەکەوتوە بەڵکو لە هەندێك قۆناغدا لاواز و لە هەندێکیتردا بەهێز خۆی نمایش دەکات، کە من پێموایە هەندێك تایبەتمەندی پارتی وایکردوە ئەم حیزبە لە حیزبی شەریکی حکومڕانیەوە بکاتە حیزبی بەشدەری حکومڕانی و بە جیاوازیەکی زۆر ڕکا بەرەکانی جێ بهێڵێت و ببێتە حیزبی حاکم و لە هەڵبژاردنەکانیشدا لە ڕیزبەندی یەکەمدا جێگیربیت و ئەوانیتر شەڕی دووەمی و سێهەمی بکەن نەك یەکەمی، ئەگەرچی هەڵبژاردنێك خاوێن نەبێت نابێتە قیاس و دنیایەك تێبینی جدی لەسەر هەڵبژاردن هەیە نەك تەنها لە هەرێم بەڵکو لە عێراقیش، بەڵام ئەوە بۆ هەموو هێزەکان دروستە، کاتێك هیزەکان دەرئەنجامی هەڵبژاردن واژۆ دەکەن و لەسەر بنەمای دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکان مامەڵە دەکەن و لێکەوتەکانی دەبنە بەرکار، ئیدی دەکرێت بۆ هەموان ببێتە قیاسی بەراورد کاری.

گەر سەنج بدەین لە دوای ڕیفراندۆمەوە حکومەتی عێراقی و حەشدی شەعبی جوڵەیانکرد بەرەو ناوچە کوردستانیە ناکۆکی لەسەرەکان و دوای داگیرکردنی کەرکوك دەبابەکان ڕوویان کردە هەولێر و لە کەرکوکەوە تا پردێ و لە موسڵ و مەخموریشەوە نزیك بە پایتەخت بوونەوە و ئەمەش پارتی لە چەندین لاوە خستە ژێر فشاری جدی، بە جۆرێك لە کەوتن نزیك بووبوویەوە، بەهۆی بڕیاری ڕیفراندۆمیشەوە گەلە کۆمەکیەك لەسەر هەرێم هاتە ئاراوە و لەوەشدا پارتی بە ئەنجامدەرو ئاڵا هەڵگری جیابوونەوە و پەرتکردنی عێراق دانرا، هەر بۆیە تاڕادەیەکی زۆر دەرگا دیبلۆماسیە دەرەکیەکان لەسەر پارتی داخران، لە بەغدادیش پۆستێکی ئەوتۆی بەدەستەوە نەمابوو و جوڵەکان بەقازانجی نەبوون، بەڵام هەر هەمان ئەو پارتیە لە ماوەی ساڵێکدا توانی دەرگاکان بەڕووی خۆیدا بکاتەوە و لە بەغدادیش نەك جەنگی پۆستەکانی پێشوو بەڵکو شەڕی بەدەستهێنانی سەرۆك کۆماری دەکرد، بینیشمان کە چەندین پۆستی گرنگی لە بەغداد بەدەست هێنایەوە، لە هەرێمی کوردستانیش تەواوی جومگە گرنگەکان لای پارتین یان لای دۆستەکانی پارتین، بە جۆرێك کە هێزەکانیتر هەستی میوانیان تێدا زاڵترە تاکو خاوەن ماڵی، لە کاتێکدا پارتی وەك خاوەن ماڵ مامەڵە دەکات

دەکرێت بەشێك لەو هۆکار و خاسیەتانەی وایکردوە کە پارتی لە لێواری کەوتنەوە بگاتەوە بە لوتکەی هێزی خۆی ئەمانەبن.

١- پاراستنی تۆکمەیی نێو خۆیی و بچوککردنەوەی ڕا جیاییەکانیان لە نێو بازنەیەکی بچوکدا کە بازنە نێوخۆییەکەیە و پابەندیە حیزبیەکان لە چاو حیزبەکانیتردا زۆر زیاترە

٢- بوونی یەك سیاسەتی و یەك بڕیاری، بە جۆرێك کە قسەکەری سەرەتاو کۆتایی تا ئێستاش خودی سەرۆکی پارتیە، ئەوە وایکردوە هێزە سیاسیە عێراقیەکان بەرچاو ڕوونانە مامەڵەیان لەگەڵ بکەن، بە پێچەوانەی حیزبە فرەجەمسەر و فرە بڕیارەکانەوە کە ئاسان نیە بۆ مامەڵە لەگەڵ کردن، ئەمە بۆ سیاسەتی ناوچەکەش دروستە

٣- هەر ڕێگایەك دەگرێتەبەر کە درێژە بە مانەوەی بدات، واتە هیچ ڕێگایەك نیە هێڵی سوربێت کاتێك کە مەترسیەك ڕووبەڕووی دەبێتەوە(ئەمە قسەی زۆر هەڵدەگرێت)،

٤- پارتی خۆی بە خاوەن قەزیەی کوردی و ئاڵا هەڵگری تۆنی نەتەوەیی دەزانێت و توانیویەتی سودیشی لێ ببینێ، ئەگەرچی ئەو تۆنە نەتەوەییە کاڵ و تۆخی زۆری بەخۆیەوە بینیوە لە دۆخێکەوە بۆ دۆخێکیتر

٥- لە هەڵوێستەکانیدا هەندێك جار ڕەق و رق ئەستور دەر دەکەوێت، بەڵام لە واقیعدا لە سیاسەتی دەرەوەیدا هێزێکی نەرمە و هیچ کات لە ناکۆکیەکانیدا ناگاتە مریشکە ڕەشە، هەر بۆیە لەگەڵ نەیارەکانیشیدا هێڵێك دەهێكڵێتەوە بۆ چپەیەکی سیاسی و ئەمەش وایکردوە چاوەکان لەسەری لا نەچن و دەرگاکان بەڕوودا هەڵنەچنرێن بەڵکو بۆ کردنەوە کلیلێکیان پێویسبێ

٦- گرنگیدان بە پەیوەندی ئیقلیمی و جیهانیەکان و خۆ خزاندنە نێو هاوکێشە سیاسیەکانەوە، هەمیشە بەجۆرێك هەوڵیداوە گەر یاریزانی نێو هاوکێشەکانیش نەبووبێ، ئەوا لانیکەم خۆی بۆ یاریکردن ئامادەبکات، بە پچەوانەوە هێزەکانیتر لە هاوکێشە ناوچەییەکاندا تەماشاکەرن و شوێن ڕووداوەکان کەوتوون.

٧- سەرچاوەیەکی بەهێزی دارایی بۆ خۆی مسۆگەرکردوە (ئەگەرچی ئەو سەرچاوە داراییە بەهێزە لەسەر حسابی دارایی گشتیە)، بوونی سنورێکی جوگرافی فراوانی یەکلایی و هێزی تایبەت و پایتەخت و فرۆکەخانە، کە ئەمانە هەموو خاڵی حساب بۆ کراون لە هاوکێشە سیاسیەکانی ناوچەکەدا

٨- پێداگری و نەفەس درێژی لە بەرامبەر ڕکابەرو ئەو هێزانەدا کە ململانێی لەگەڵ دەکەن و گەران بەدوای دەرچەی حیزبیانە بۆ چارەسەری کێشەکان لەگەڵ حیزبەکانیتردا بە جۆرێك دڵخوازی خۆیبێت، بەم هەنگاوەشی زۆرترین هێزو کەسایەتی خستۆتە نێو بازنەی خۆیەوە

٩- بوونی کادیرانێکی پابەند بە حیزب و جەماوەرێکی گوێڕایەڵ، کە ئەمانە لە کاتی نیگەرانیکانیشیاندا پارتین و ناچنە 
سەنگەری دژایەتی حیزبەکەیان، هەر بۆیە کەمترین سەنگەر گواستنەوە دەبینرێت لەو حیزبەدا لە چاو هێزە سیاسیەکانیتردا.

*
حیزبی سیاسی چەند بەهێز و فراوانبێت، هێشتا ناکاتە ئەوەی لە بەردەم مەترسی ڕووخاندا نەبێت، چونکە ئەوە تەنها لێکەوتە خودیەکان نین دەبنە خاڵی لاوازی و بەهێزی، بەڵکو هۆکار گەلێك هەن کە کاریگەریان لەسەر مانەوە بە بەهێزی یان شکست هەیە و دەکرێت بەشێکیان نێوخۆیی بن و بەشێکیتریان لێکەوتەی هاوکێشە گەورەکانی ناوچەکەبن کە لەدەرەوەی ململانێ بچوکەکانن، هەر بۆیە پارتی لە هەموو دۆخەکاندا لە بەردەم ژمارەیەك مەترسی نێوخۆیی و دەرەکیدایە کە دەکرێت بەشێکیان ئەمانەبن


# گەورەبوونی قەبارەی زیاتری گەندەڵی و فراوانبوونی جیاوازی چینایەتی چ لە نێو خودی حیزبەکە و چ لە نێو هاوڵاتیاندا کە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت، ئەمە وادەکات بۆشاییەکی گەورە دروستببێت لە نێوان هەژارەکان و زەنگینەکان، ئەمەش دەبێتە فشارێکی هێواش و ڕۆژ بەڕۆژ ئەم فشارە دەروونیە زیاتر دەکات تا دەگاتە بەریەککەوتن

# ئیدارەدان و حکومڕانی خراپ مەترسیەکیتری نێوخۆیین لەسەر پارتی، چونکە هەر خراپ ئیدارەدانێكی حکومەتی هەرێم، راستەوخۆ بە کراسەکەی پارتیەوە دەنیشێت، چونکە ئەو حیزبە تەواوی جومگە گرنگەکانی حکومرانی بەدەستەوەیە، لەسەرو هەموویانەوە سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی هەرێم، ئەگەرچی پارتی شەریک و بەشداری حکومەتداری هەیە و لە سنورێکی فراوانی وەك ناوچەی سەوزیشدا دەسەڵاتدار نیە، بەڵام ئەمە کارناکاتە سەر ئەوەی کە منێکی هاوڵاتی بەرپرسیارێتی یەکەم و کۆتایی نەخەمە ئەستۆی ئەو حیزبە، بەڵکو هەر ئیدارەدانێکی خراپ و گەندەڵی و بەرتەسککردنەوەی ئازادی و شکستی کەرتە جیاوازەکان دەکرێنە ملوانکەیەك و دەکرێنە ملی ئەو حیزبە، بەبێ گوێدانە ڕێژەی سەدی و قەبارەی بەشداری شەریکەکانی لە پرۆسەی حکومەتداریدا، ئەوە وێنەیەکە و دەبێت پارتی بیبینێت

# ناکۆکی و ململانێی نێوخۆیی، پارتی لە بەردەم زەق بوونەوەی ململانێ و بەریەککەوتنی بەرژەوەندیە نێو خۆییەکاندا، بە تایبەت لە نێوان ئامۆزاکاندا( نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی)، ئەگەرچی سروشتی ئەم ململانێیە جیاوازە لە حیزبەکانیتر و پێموانیە بگاتە بەریەكکەوتن و پەرت بوون و هەندێك جار کاڵ و هەندێك جاریش تۆخ دەبێتەوە، بەڵام ناکۆکی نێوخۆیی تەنها لە کاتی پەرتبووندا زیانی نیە، بەڵکو زیانەکانی ناکۆکی نێوخۆیی لە تەسفیەکردنەکانەوە دەستپێدەکات تا جیابوونەوە و پەرتبوون، کەم نین ئەو هێزە کوردیانەی کە فشاری دەرەکی و هیز و جەنگ و ململانێ دەرەکیەکان لاوازی نەکردوون بەڵام کێشە نێوخۆییەکان بەجۆرێك بە چۆکیدا هێناون کە پێشبینی نەکراوبووە و نزیکترین نمونەکانیش( بزووتنەوەی یەکبونی ئیسلامی ، یەکیەتی نیشتیمانی ، بزووتنەوەی گۆڕان)، هەرچەند پارتی لە ڕووی پێکهاتەی دروستبوون و شێوازی ئیدارەدانی حیزبەکەیەوە دەکرێت بە نمونەیەکی جیاوازتر تەماشا بکرێت لە حیزبەکانیتر و تاڕادەیەك دوورە لە پێکدادانی نێوخۆیی، بەڵام ئەوە وا ناکات لەو مەترسیە دووربێت و دەکرێت لە هەر کاتێکدابێت ململانێکان زەق ببنەوە و جێ پەنجە لەسەر داهاتووی ئەو حیزبە دابنێن

# عێراق بە چەندین هۆکار بوەتە جێگای ملمانێی نێوان زلهێزان و وڵاتانی ناوچەکە، هەرێمی کوردستانیش وێڕای شوێنە جوگرافیەکەیی و خاڵە هاوبەشەکانی لەگەڵ عێراق، پرسی کورد و دابەشبوونەکەی وادەکات کە هەمیشە چاوی لەسەر بێت و پلانی تایبەتی ئامادەکراو لەسەر مێزی نەیارانی بێت و تێکەڵ بێت بە هاوکێشە باڵاکانی زلهێزان، چ وەك کارتی فشار و چ وەك کارتی گۆڕینەوەی بەرژەوەندی ئەوانیتر.

سیاسەتی ناوچەکە و ئەو وڵاتانەی کە سیاسەتی ناوچەکە لە ئاستی باڵادا هەڵدەسوڕێنن و کاریگەریان هەیە، هەندێك جار بە جۆرێك سیاسەتەکانیان دادەڕێژنەوە و گۆڕانکاری تێدا دەکەن کە پێچەوانەی مانەوەی هێزی بەرکاری ئەو دۆخە بێت، بۆیە مەترسی لەسەر پارتی لەمەشدا کەم نیە، بە حوکمی ئەوەی عێراق لە بەردەم بەرژەوەندی چەندین وڵاتی زلهێز و ناوچەییدایە، هەرێمی کوردستانیش وەك بەشێك لە عێراق بەدەر نیە لەو پێکدادانە بەرژەوەندیخوازیانەی لە نێوان ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی و ئێران و تورکیا و ڕووسیا و چیندا هەیە لە ناوچەکەدا، بۆیە هەندێك جار بەرژەوەندیەکان بە جۆرێك بەریەك دەکەون کە هێزە نێوخۆییەکان بێ کاریگەر و دەستەوەستانن، ئەو کات هێزەکان چەند بەهێزیشبن دەبنە بەشێك لە قوربانی هاوکێشەکان، بە پێچەوانەشەوە هەندێك جار لێکەوتەی ململانێکان بە جۆرێکن کە هێزە نێوخۆییەکان بەهێزتر دەکەن یان بە پێچەوانەوە، هەر بۆیە هەمیشە مەترسی ناوچەیی و وڵاتانی بەرژەوەندی خواز لە ناوچەکەدا هەیە، لە هەر حاڵەتێکیشدا هێزە نێوخۆییەکان بەشێك نین لە پلان داڕێژەرەکان بەڵکو یان جێ بەجێکارن یان شوێنکەوتەی جێبەجێکار، ئەمەش وادەکات لێکەوتەی گۆڕانکاریەکان جیاوازبن لەو خەونەی هێزە نێوزخۆییەکان هەیانە

# هاو ئاراستە بوونی فشاری نێوخۆیی و دەرەکی، هەندێك جار هێزی سیاسی بە هۆی نەخوێندنەوەی واقیع و حساب نەکردن بۆ دۆخی نێوخۆیی و ژیان و گوزەرانی خەڵك و بەکەم سەیرکردنی ناڕەزایی هاوڵاتیان و نەزانانە مامەڵەکردن وا دەکات کە ڕۆژ بە ڕۆژ جیاوازی نێوان خەڵک و حکومڕانی فراوان ببێت، ئەم فراوان بوونە دەمێنێتەوە تا ئەوکاتەی فشاری نێوخۆیی و فشاری دەرەکی هاوئاراستە دەبن، کاتێك کە ئەو خواستی گۆڕانکاری نێوخۆیی و خواستی گۆڕانکاری دەرەکی یەك دەگرن ئەوکات لە ماوەیەکی کەمدا گۆڕانکاری دروست دەکات، لە ئێستادا هەرێم بە فراوان بوونی بۆشایی نێوان خەڵك و حکومڕاناندا تێپەڕ دەبێت و ڕۆژ بەڕۆژ بێ هیوایی زیاتر گەشە دەکات، بەتایبەت لەو کاتەوە کە ئۆپۆزسیۆن شکستی خواردوە، بێ هیوای گەشەیەکی خێرا دەکات، ئەمەش ڕەنگە لە قۆناغی سەرەتادا بە قازانجی هەردوو حیزبی دەسەڵاتبێت بەڵام لە مەودایەکی دوورتردا ئەو بێ هیواییە خاڵێك دەدۆزێتەوە بۆ بەریەککەوتنێکی توند، هەر بۆیە ئەوەش مەترسیەکیتری ئامادەیە لەسەر بەهێزەکان.

 

 

 

 

 

 

 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق