درۆنەکانی هەولێر لە حەوشەی ماڵەکەماندا

ليست هناك تعليقات



عوسمان گوڵپی
-
ئەگەرچی ئێمە خاوەنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ نین و گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەتی سەرزەوین، بەڵام بوونی هەرێمێکی دەستوری و پایتەختێکی دانپێدانراو قۆناغێکی گرنگی بەرلە دەوڵەت بوونە، لە ئێستادا هەولێر تەنها یەکێك نیە لە شارەکانی کوردستان وەك هەرشارێکیتر بەڵکو ئەو شارە ئێستا پایتەختی هەرێمی کوردستانە، پایتەختیش بۆ هەر تاکێك گرنگی خۆی هەیە چ لە ڕووی سیاسی و چ لە ڕووی ئابووری و هەر ڕویەکیتر، کاتێك شارێك دەبێتە پایتەخت ئیدی قۆناغی ناوچەیی تێدەپەڕێنێت و دەبێتە ناوچەی هەموو ئەوانەی لەو وڵاتەدا دەژین، ئەمە بۆ تەواوی دەوڵەتان ڕاستە، بۆیە هەر مەترسیەك ڕووبەڕووی پایتەخت ببێتەوە ئەوە مەترسیە بۆ سەر تەواوی وڵاتەکە، هەر بۆیە زۆر جار وڵاتان بەناوی پایتەختەکانیانەوە ناو دەهێنرێن، کاتێك هێرش دەکرێتە سەر پایتەخت بە مانای هێرشە بۆ سەر تەواوی وڵاتەکەدێت، چونکە پایتەخت خاڵی هاوبەشی نێوان سەرجەم هاوڵاتیانی ناوچەکانیتری وڵاتە، وەك چۆن لە خاك و ئاڵاو سەروەرەریەکاندا هاوبەشن.

ئەوەی ئێستا بەشێك لە هاوڵاتیان و سیاسیەکان کاری لەسەر دەکەن، پەرتکردنی شارەکان و کەمکردنەوەی شکۆی پایتەختە لە مانا مەعنەوی و واقعیەکەی خۆی، بەوەی پایتەختیش دەخەنە نێو چوار چێوەی ململانێکانیانەوە، بەمەش هاوڵاتیان دابەش دەبن بەسەر یار و نەیاری پایتەخت کە ئەمە گەورەترین هەڵەیە و خراپترین پەرت بوونە کە کاری لەسەر بکرێ لە پێناو بەرژەوەندی ناوچەیی و پارسەنگی هیزی ناوچەییدا، لە کاتێکدا پایتەختەکان بە پایتەختی دەمێننەوە ئەگەرچی هێزو دەسەڵاتەکانیش بگۆرێن بۆیە پێویستە بە بیرکردنەوەیەکی نیشتمانیانە ئاراستەی بیرکردنەوەی نەوەی ئێستا و داهاتوو بکەین بەرامبەر بە ناوچەکان و پایتەخت، هەر بۆ ئەوەی پەرت بوونی سیاسی نەبێتە پەرتبوونی کۆمەڵایەتی و ناوچەیی بە داخەوە کە بووە.

لە ئێستادا هەولێر وەك شار شارێکی کوردیە و زێدی هەولێریەکانە، لەمەشدا وەك هەر شارێکیتری کوردستان گرنگە، بەڵام وەك پایتەخت وابەستەی ژیانی هەموومانە، شکۆی هەولێر شکۆی تاك بەتاکی کوردە، بەجۆرێك کە هەموان سەرکەوتنەکانی بە سەرکەوتنی خۆمان دەزانین و هێرش و شکستەکانیش هێرشە بۆ سەر ماڵی هەموومان، کە بەداخەوە ئەوە بۆ یەکەم جار نیە هەولێر دەکەوێتە بەر هێرشی نەیارانی هەرێم، لە کاتێکدا ئەوانەی هیرش دەکەنە سەر پایتەخت نەیاری گەندەڵی نین؟ نەیاری ئەوە نین کە ژیانی هاوڵاتیان بارگرانی خراوەتەسەر، بەڵکو نەیاری بوونی هەرێم و گرنگی و بوونی ڕۆڵی هەرێمن، ئەوان دەیانەوێ هەولێر نائارامبێ وەك زۆر شوێنی نائارامی خۆیان، لە بری ئەوەی ئارامی بۆ ناوچەکانی خۆیان بگێڕنەوە، دێن ئارامی ناوچەکانی تریش دەخەنە بەردەم مەترسی، بەتایبەت نائارامی پایتەخت کە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر هەموو کایەکان هەیە، چونکە پایتەخت ڕووگەی سیاسی و ئابووریە، نوێنەرایەتی وڵاتان و ڕێکخراوە جیهانیەکانە، بۆیە نەیارانیش ڕووی مەترسیەکانیان لە پایتەختە

ئەوەی ئەرکی تاك بەتاکی هەرێمە، بیرکردنەوەیەکی دروستە بەرامبەر بەم پرسە و دەبێت لەدەرەوەی ململانێی سیاسی و سەربازی و ناوچەیی مامەڵە لەگەڵ پایتەخت بکرێت، هەرگیز پایتەخت دابەش نەکەن بەسەر ناکۆکیەکانیاندا، تا هەموان خاوەنداری لەو سەرمایە مەعنەویە بکەین، دەبێت هەموان مەترسیەکانی سەر پایتەخت بە مەترسی بۆ سەر ماڵەکانی خۆمان بزانین، کاتێك درۆنێك ڕووبە پایتەخت دەهاوێژرێت دەبێت هەموان بەجۆرێك نیگەرانبین کە پێمانوابێ درۆنەکان لە حەوشەی ماڵەکەماندا کەوتۆتە خوار، ئیدی گرنگ نیە کێ دەسەڵاتداری پایتەختە، چونکە پایتەخت و شارەکان موڵکی هەموومان و دەمێننەوە وەك چۆن دەسەڵاتەکان شایەنی گۆڕانن لە هەموو قۆناغێکدا، بۆیە نابێت نەیار بوونی سیاسی بگوازینەوە بۆ نەیار بوونی ناوچەیی و پایتەخت و ئەوەش بیرکردنەوە دروستە نیشتیمانییانەکەیە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif