کۆمپانیایەکی ئەمریکی لە عێراق جێگرەوەی ئێکسۆن مۆبیل دەبێت

ليست هناك تعليقات


کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیلی ئەمریکی کە خاوەنی 32.7٪ی پشکەکانی کێڵگەی نەوتی "قورنەی رۆژئاوای 1"ـە کە دووەم گەورەترین کێڵگەی نەوتی عێراقە و زیاتر لە 20 ملیار بەرمیل نەوتی سەلمێندراوی تێدایە، بڕیاری داوە عێراق جێبهێڵێت.

هەرچەندە پێشتر ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند کۆمپانیای نەوتی بەسرە پشکەکانی کۆمپانیاکە دەکڕێتەوە و ئێکسۆن مۆبیلیش رایگەیاندبوو خەریکە لەگەڵ کۆمپانیای پێترۆ چاینا کە ئەویش خاوەنی 32.7٪ی پشکەکانی کێڵگەکەیە دەگاتە رێککەوتن بۆ کڕینی پشکەکانی، بەڵام مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کە ئێستا لە واشنتنە رایگەیاند "جێگرەوەی کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیل تەنیا کۆمپانیایەکی ئەمریکییە، جگە لەوە جێگرەوەی دیکە قبووڵناکرێت".

سەرۆکوەزیرانی عێراق لە واشنتن بە چەند رۆژنامەڤانێکی گوتووە، ئێکسۆن مۆبیل پێی گوتوون جێهێشتنیان پەیوەندیی بە بەڕێوەبردنی ناوخۆی کۆمپانیاکەوە هەیە و هیچ پەیوەندییەکی بە بارودۆخێکی تایبەتەوە نییە لە عێراق.

قسەوباسی دیکەش هەیە لەبارەی فرۆشتنی پشکەکانی ئێکسۆن مۆبیل. کۆمپانیای پێرتامینای ئیندۆنۆزی کە ئەویش یەکێکە لەو کۆمپانیایانەی بە هاوبەشی لەگەڵ ئێکسۆن مۆبیل لە کێڵگەی قورنەی رۆژئاوا 1 کار دەکات رایگەیاندووە، جێهێشتنی عێراق لەلایەن ئێسکۆن مۆبیل پەیوەندیی بە ستراتیژیی کارکردنی ئەو کۆمپانیایەوە هەیە کە دەیەوێت روو لە بەرهەمهێنانی وزە بەردەوامەکان بکات، ئەو جۆرە وزەیەی کە کەمترین کاربۆن لە پێکهاتەکانیدا هەیە ئەوەش پەیوەستە بەو گوشارانەی کە رێکخراوە ژینگەییەکان و وڵاتان لەسەر کۆمپانیاکانی نەوت دروستیان کردووە بۆ کەمکردنەوەی فڕێدانی گازی دووانۆکسیدی کاربۆن.

یەکێک لە مژارە سەرەکییەکانی گفتوگۆی ستراتیژیی لەنێوان عێراق و ئەمریکا بواری وزەیە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندووە، لەو مژارانەی کە لەگەڵ عێراق دانوستاندنی لەسەر دەکەن بریتین لە :-

1. بووژانەوەی پرۆژەکانی وزە
2. پێشکێشکردنی هاوکاریی تەکنیکی لە بواری وزە بەردەوامەکان بە عێراق

کۆمپانیاکانی ئەمریکا بە قەبارەیەکی گەورە وەبەرهێنان لە کەرتی وزەی عێراق دەکەن، ساڵی رابردووش کاتێ مستەفا کازمی سەردانی واشنتنی کرد بە بڕی 8 ملیار دۆلار گرێبەست لەنێوان کۆمپانیاکانی ئەمریکا و حکومەتی عێراق واژۆکران.

ئەمریکا لە عێراق دەیان کۆمپانیای گەورەی هەیە کە دیارترینیان لە بواری وزەن. هەر یەک لە کۆمپانیاکانی شێڵ، ئێکسۆن مۆبیل، بەیکەر هیوز، ئۆکیسدێنتاڵ، شڵەمبەرگەر، هالیبەرتن، جەنەڕاڵ مۆتۆرز، شێڵ، جەنەڕاڵ ئەلیکتریک و چەند کۆمپانیایەکی دیکەش لەبواری وزە لە عێراق وەبەرهێنان دەکەن.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق