جێگری سەرۆكی پەرلەمان: بەداخەوە رەنگە تای هەڵبژاردن زووتر گەیشتبێتە هەرێمی کوردستان

ليست هناك تعليقات



جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیێنێت تای هەڵبژاردن کەمێک زووتر گەیشتووەتە هەرێمی کوردستان و دۆخی نێو پەرلەمانیش پەیوەست بە بانگەشەی هەڵبژاردن کراوە.

هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی كوردستان لەبارەی دروستبوونی گرژی لە کۆبوونەوەکانی پەرلەمان و مامەڵەی دەستەی سەرۆکایەتی لەگەڵ ئەندامانی پەرلەمان، رایگەیاند: "ئێمە لە پەرلەمانی کوردستان پەیڕەوێکی ناوخۆمان هەیە، کە چوارچێوەی کاری دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان و ئەندامانی بەڕێزی پەرلەمانی کوردستان دیاریدەکات، بۆیە بەشێک لەوانەی کە پابەند نابن بە خاڵی پەیڕەوی لە دەرەوەی پەیڕەو مامەڵە لەگەڵ پەرلەمان و دەستەی سەرۆکایەتی و کاتی خۆی بکات، ئەوکاتە دەستەی سەرۆکایەتی مافی خۆیەتی بەپێی ماددەکانی ناو پەیڕەوی ناوخۆ مامەڵەی لەگەڵدا بکات".

بە گوتەی هێمن هەورامی ئەوان لە پەرلەمانی کوردستان "بە یەک مەسافە لەگەڵ تەواوی ئەندامانی بەڕێزی پەرلەمان دەوستین، بەڵام بەڕاستی ناکرێت 15-17 ئەندامی پەرلەمان پێیانوابێت ئەوەی ئەوان ویستیان دەبێت لەناو پەرلەمان ئەوە جێبەجێبکرێت، بەڵام ئەوەی کە 85-90 ئەندامی پەرلەمان دەیەوێت پرۆسەی یاسادانان بەردەوامبێت و کاری دامەزراوەیی بکرێت، نابێت دیدو بۆچوونی ئەوان لەبەرچاو بگیرێت".

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ئەو دۆخەی نێو پەرلەمان پەیوەست بە بانگەشەی پێشوەختەی هەڵبژاردنەکان دەکات و دەڵێت: " ئەندامانی بەڕێزی پەرلەمانی کوردستان دابڕاو نین لەو دۆخە سیاسییەی کە لەنێوان حیزبە سیاسییەکاندا هەیە، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق نزیکبووەتەوە، بە داخەوە رەنگە تای هەڵبژاردن زووتر گەیشتبێتە هەرێمی کوردستان، هەندێک لە لایەنەکانیش ئێستا رەنگە فراکسیۆنەکانیان خەڵکیان هەبێت بەشداربێت لە هەڵمەتی هەڵبژاردن، رەنگە هەندێکیان هەبێت خێزانەکانیان بەربژێر بن هاوسەر و خوشک و براکانیان بەربژێر بن کە پێویستیان بەمە هەبێت. رەنگە هەندێکیشیان بیر لە خۆ دووبارە هەڵبژاردنەوە بکەنەوە بۆ هەڵبژاردنەکانی ئاییندە، بۆیە دۆخەکە پەیوەستە بە کۆمەڵێک بانگەشەی پێشوەختی هەڵبژاردنەوە، کە ئەمەش کاریگەری نێگەتیڤی لەسەر دۆخی پەرلەمانی کوردستان داناوە".



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق