بەرهەمی زەوییە کشتوکاڵییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کەمبوونەتەوە

ليست هناك تعليقات


دروێنەی گەنم لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەستیپێکردووە، بەڵام جووتیاران هێندەی ساڵان بە هەڵگرتنەوەی بەرهەمی ماندووبوونیان دڵخۆش نین. ئەمساڵ بەرهەمی زەوییەکان زۆر کەمترە بووە لە ساڵانی رابردوو.

فەتاح تەوحیدی، جووتیارە و دەڵێت، ئەمساڵ بەرهەمیان زۆر کەمیکردووە. ساڵان تاوەکو سێ تۆن بەرهەممان دەبوو، "ئەمساڵ زۆر لەپاشە لەچاو ساڵانی پێشتر."

ئەمساڵ یەک ملیۆن و 769 هەزار هێکتار لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کراوەتە گەنم. نزیکەی یەک ملیۆن و 300 هەزاری لە زەوی دێمە و ئەوی دیکەش بەراو بووە.

بەشێوەی مامناوەندی ساڵانی پێش لە هەر هێکتارێک زەوی دێم لەنێوان سێ بۆ سێ تۆن و نیو و لە زەوی بەراویش چوار تۆن و نیو بۆ شەش تۆن گەنم بەرهەمهاتووە، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی وشکەساڵی بەو شێوەیە نابێت.

حکومەتی ئێران ئەمساڵ هەر کیلۆیەک گەنم بە پێنج هەزار تمەن لە جووتیاران دەکڕێتەوە کە نزیکەی دوو هێندەی نرخی کڕینەوەی گەنمە لە ساڵی رابردوو، بەڵام بۆ جووتیاران داهات نەک زیاد ناکات، کەمیش دەکات. ئەوان بەرهەمیان کەمیکردووە و خەرجییەکانیشیان زۆر زیاتر بووە.

بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی پارێزگای ورمێ رایگەیاندووە، ئەمساڵ بەهۆی وشکەساڵی بەرهەمی زەوییە بەراوەکان 10 بۆ 15% و بەرهەمی زەوییە دێمەکان 50 تاوەکو 65% کەمتر بێتەوە. لەوانەیە تاوەکو کۆتایی ئەم رێژەیە زیاتریش بێت. جووتیاران دەڵێن، جگە لە وشکەساڵی، کێشەی بێ کارەباییش تووشی کێشەی زۆری کردوون و ناتوانن لەکاتی خۆیدا بەرهەمەکانیان ئاو بدەن.

کشتوکاڵ بڕبڕەی پشتی ئابووریی رۆژهەڵاتی کوردستانە. داهاتی زۆربەی خەڵک لەسەر کشتوکاڵە. لاوازبوونی ئەو کەرتە، کاریگەری راستەوخۆی لەسەر ژیانی لانیکەم نیوەی کۆمەڵگە دەبێت.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق