هێزە چەکدارەکان لە سیستەمە تاڵانکارییەکاندا و دەرهاویشتەکانی.

ليست هناك تعليقات


ئەحمد ئەمین

بەپێی زیاتر لە سەرچاوەیەکی زانستیی، ناوخۆیی و نێودەڵەتیی، دەسەڵات لە هەرێمی کوردستاندا دەسەڵاتێکی تاڵانکەرە. ئەوەی تاڵانیش لە دزیی جیادەکاتەوە ئەوەیە کە تاڵاینی بە ئاشکرا و، بە بەکارهێنانی هێزێکی زۆر ئەنجام دەدرێت.

ئەوەی دوێنێ شەو لە سەرچنار روویدا شتێکی نوێ نەبوو، نموونەیەکی تری رەفتاری ئەم جۆرە دەسەڵاتانە بوو. سارا شایز لە کتێبی " دزەکانی دەوڵەت: بۆچی گەندەڵی مەترسییە بۆ سەر ئاسایشی جیهانیی" دا دەنووسێت: دەسەڵاتە تاڵانکارییەکان بۆ پارێزگاریی لە تاڵانکراوەکان گشت هێزە چەکدارە فەرمییەکان تێکەڵ بە بەرژەوەندییەکانیان دەکەن و کۆنتڕۆڵیییان دەکەن. هەربۆیە ئاسایی بوو پاش پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی کچی یەکێک لە سەرکردە باڵاکانی تاڵانکاریی، هێزێکی زۆر جووڵەی پێبکرێت. ئەم جووڵەیە هیچ جیاوازییەکی نەبوو لەگەڵ جووڵەی ئەو هێزەی، میلیشیا ئاسا، رێگریان لە د. باخان کردو هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەی. ئەویش تەنها لەبەر ئەوەی قسەی لەسەر تاڵانییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی هەڵەبجە کردبوو.

پێشتریش هێزێکی هاوشێوە، بە پێی راگەیاندنەکان بە پەیوەندییەکی قوباد تاڵەبانی، هێرشکەرەکەی سەر د. غالب محمد ئازاد دەکەن و بە پارێزراویی دەیگەیەننە هەولێر، پایتەختی تاڵانکاریی. هەروەها هێرشەکەی سەر د. بەختیار ئەمین بە هەمان میکانیزم لەلایەن هێزێکی سەر بە کۆسرەت رەسوڵەوە ئەنجامدرا. چونکە دکتۆری ناوبراو رەخنەی لەسەر دەرمانی خراپ و بەسەرچوو گرتبوو، کە بەشێکی بەرچاوی بازرگانییەکەی لەلایەن کچێکی کۆسرەت رەسوڵەوە کۆنتڕۆڵکراوە.

سارە شایز زیاتر لەسەر ئەم جۆرە دەسەڵاتانە قسەدەکات و دەنووسێت: بۆ دەربازبوون لەهەر لێپێچینەوەیەکی یاسایی، دەسەڵاتە تاڵانکارییەکان، دەستگای دادوەریی ملکەچ بە کارەکانییان دەکەن. باشترین بەڵگەش سزادانی رۆژنامەنووسان و چالاکوانانی بادینانە. لە کاتێکدا دەبوایە سەرکردە باڵاکانی تاڵانکاریی رووبەرووی لێپرسینەوە و سزادان بکەنەوە.

سارا شایز دەڵێت: مەترسیدارترین کاری دەسەڵاتە تاڵانکارییەکان ئەو کاتەیە کە لە ڕێی دەستگای یاسا دانانەوە رەوایەتیی (شەرعییەت) بە کارە گەندەڵییەکانییان دەدەن. لێسەندنەوەی متمانە لە پەرلەمانتار سۆران عومەر، لەجیاتی لێپرسیینەوە لە سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەریمی کورداستان، مەسرور بارزانی، وەک یەکێک لە پایەکانی تاڵانکاریی ئاماژەیەکی روونی ئەم مەترسییەیە.

ئێرینا ، رۆژنامەنووسی بنکۆڵکار، لە کتێبی "خەونەکانی بۆری: تاڵانکردنی سامانی نەوتی عێراق" ئاماژە بە بە تاڵانبردنی بەشێک لە داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان دەدات، لە لایەن هەردوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانییەوە و ئەو تۆرە بەرژەوەندییانەی پێیانەوە گرێدراون. لە دەرئەنجامیش دا ئەو خەونە خۆشانەی لە سەرەتای دروستکردنی بۆرییە نەوتەکانی هەرێمی کوردستانەوە دەبینران، بوون بە مۆتەکە (خەونی ناخۆش)، هەروەک لە ناونیشانی کتێبەکەوە "خەونەکانی بۆری" رووندەبێتەوە.

د. مەریوان وریا قانع لە بابەتی توندوتییژیی دژی ئافرەتان لە هەرێمی کوردستاندا دەنووسێت: ئەو توندوتییژییەی لە هەرێمی کوردستاندا روودەدات بابەتێکی جێندەری نییە، بەڵکو شتێکە پێوەندیی بە شڵەژانی پێوانەیی Normative Disorientation ەوە هەیە. لە گشت کایەکانی کۆمەڵگادا لە هەرێمی کوردستان دا پێوەری کارکردن نەماوە. زۆر بە ئاسانی دادوەرێک بە ناشرینترین تۆمەت کەسێکی بێ تاوان سزا دەدات، بێ ئەوەی ویژدانی بۆ یەک چرکەش ئازاری بدات. لە دەرەنجامیشدا ئاسایی بۆتەوە کە باوکێک، برایەک، مێردێک دەستی بچێتە ئازیزترین و نزیکترین ئافرەت.

چارەسەرکردنی ئەم دەرهاویشتانەش پێویستی بە پڕۆژەیەکی نیشمانیی گشتگییرە، لە دەرەوەی پارتی و پارتییەکانی ناو یەکێتی. چونکە بەپێی سەرچاوە زانستییەکان لە هەر شوێنێکی دنیادا شڵەژانی پێوانەیی هەبوو، ئەوا دەسەڵاتە سیاسییەکە رەوایەتیی (شەرعییەت) لە دەست دەدات. لای گشت لایەکیش ئاشکرایە کە چۆن پارتییەکان وپارتییەکانی ناو یەکێتی، لە دوا هەڵبژاردن دا، چۆن بە ساختەکاریی کۆنتڕۆڵی دەسەلاتییان کردەوە. د. مەریوان وریا قانع لە نووسینێکی تردا دەڵێت: ئەستەمە لە هیچ کایەیەکی هەرێمی کوردستاندا چاکسازیی بکرێت، بێ گۆڕانکاریی لە پەیکەری دەسەڵاتە سیاسییەکەدا.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق