ترودۆ دەڵێت کوشتنی خێزانە موسوڵمانەکە " هێرشێکی تیرۆریستیە "

ليست هناك تعليقات

سەرۆک وەزیری کەنەدا جەستن ترودۆ کوشتنی چوار ئەندامەکەی خێزانە موسوڵمانەکەی بە " هێرشێکی تیرۆریستی " ناودێرکرد، ئەمەش دوای ئەوەی پیاوێک بە بارهەڵگرێک خێزانێکی پێنج کەسی کرد بە ژێرەوە و لەئەنجامدا چوارییان گیانیان لەدەستدا. ترودۆ وتیشی ئەو پیاوە " ڕق و کینەی بەرامبەر ئیسلام " هەبووە ئەو کارەی کردووە.

ترودۆ لەمیانەی وتارێکدا لە پەرلەمانی وڵاتەکە وتی " ئەم کوشتنە ڕووداو نەبووە. ئەمە هێرشێکی تیرۆریستی بووە لە ناو دڵی یەکێک لە کۆمەڵگەکەماندا، پاڵنەرەکەی ڕق و کینە بووە."

خزمانی خێزانەکە لە بەیاننامەیەکدا وتیان ئەوانەی کوژران لەکاتێکدا کە بەسەر شۆستەی شەقامەکەدا پێکەوە دەڕۆیشتن، نوێنەری سێ نەوەی هەمان خێزان بوون.

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە دراوە ژن و پیاوەکە و کچە هەرزەکارەکەیان و دایکی پیاوەکە کوژراون، دواتر شۆفێری بارهەڵگرە ڕەشەکە دەستگیرکراوە. منداڵە نۆ ساڵانەکەشیان دوای هێرشەکە ڕەوانەی نەخۆشخانە کراوە و لە ئێستادا چارەسەر وەردەگرێت.

ترودۆ وتیشی " هەموومان هیوادارین کوڕە بچووکەکە بەخێرایی چاک ببێتەوە ، تەنانەت دەشزانین کە ماوەیەکی درێژ لە غەمباری و ڕق و تێنەگەیشتندا دەژی، بەهۆی ئەم هێرشە ترسنۆکانەیەوە کە لە ڕق و کینەوە بۆ ئیسلام سەرچاوەی گرتووە."


سەرچاوە/ فرانس پرێس

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif