شەكرەی دووگیانی چییە و چۆن كار دەكاتە سەر كۆرپەلە؟

ليست هناك تعليقات

دووگیانی خەم و خەونی خۆش و ناخۆشی هەموو ژنێكە، ئەو قۆناغەی لەش و دەروونی ژن بە حاڵەتێكی نائاساییدا تێپەڕ دەبێت، بەقەدەر مەترسی و ناخۆشییەكانی، هیوا و خەون و خۆشیشی تیادایە، چونكە دەبێتە سەرەتای هاتنەدنیای رۆحێكی تر و گۆڕانكارییەكی گەورە و تەواوكردنی ژیانی خێزانی دوو هاوسەر، بێگومان لەو قۆناغەدا جەستەی ژن بە چەندان حاڵەتدا دەڕوات، یەكێك لەوانە بەرزبوونەوەی رێژەی شەكرەی خوێنە.

زیادبوونی نائاسایی شەكرەی خوێن لەو نەخۆشیانەیە كە ئەگەری هەیە ژنی دووگیان پێش سێ بۆ چوار مانگ پێش لەدایكبوونی كۆرپەلەكەی تووشی ببێت، نەخۆشییەكە ترسناك نییە، بەڵام پشتگوێخستنی و چارەسەرنەكردنی كاریگەریی خراپی بۆ سەر دووگیان و كۆرپەلەكەی دەبێت، كاتێك هەندێك ژن لەكاتی دووگیانیدا شەكرەی خوێنیان زیاد دەكات، ئەو حاڵەتە پێی دەگوترێت "شەكرەی دووگیانی" یان "GDM"، لە نێوان هەفتەكانی 24 و 28مینی دووگیانی روو دەدات، لێرەدا گرنگە بزانرێت كە تووشبوونی دووگیان بەو حاڵەتە مانای ئەوە نییە دوای منداڵبوون تووشی شەكرە دەبێت، بەڵام مەترسیی تووشبوون بە رێژەی 2% زیاد دەكات.

نیشانەكانی بە زەقی دەرناكەون، ئەگەر دەریش كەوت سووك دەبێت، لەوانە ماندووبوون و لێڵبینی و تێنووێتی و میزكردنی زۆر و پرخەپرخ، هۆكاری وردی ئەو حاڵەتە دیار نییە، وەك ماڵپەڕی "هیڵس لاین"، باسی كردووە، بەڵام ئەگەر هەیە هۆڕمۆنەكان رۆڵیان تیایدا هەبێت، چونكە ئەوكاتەی ژن دووگیانە، لەشی بڕێكی زیاتری هەندێك جۆر هۆڕمۆن بەرهەم دێنێت، لەوانە لاكتۆجینی ویڵاش و ئەو هۆڕمۆنانەی بەرگری بۆ ئەنسۆلین زیاد دەكەن، ئەو هۆڕمۆنانە بۆ پارێزگاریكردن لە دووگیانییەكە زۆر گرنگن، بەڵام ئەگەری هەیە بە تێپەڕبوونی كات رێژەكەیان زیاد ببێت، ئەوەیش وا دەكات لەش بەرگری بەرانبەر بە كاریگەریی ئەنسۆلین زیاد ببێت، لە حاڵەتی دووگیانیدا بەهۆی هۆڕمۆنەكانەوە بەرگری بۆ ئەنسۆلین تا ئاستێك زیاد دەكات بۆ زیادبوونی گلوگۆز لە خوێنی دایك و رۆیشتنی بەرەو جەستەی كۆرپەكە، بەڵام ئەگەر ئەو بەرگرییە زیاتر بوو لە ئاسایی، رێژەی گلوگۆز نائاساییانە لە خوێندا بەرز دەبێت و ئەگەر هەیە دووگیان تووشی شەكرە بێت.

ئەو ژنانەی زیاتر مەترسی یان ئەگەری تووشبوونیان بەو حاڵەتە هەیە بریتین لەوانە، ژنانی سەرووی تەمەنی 25 ساڵ، ئەوانەی تۆماری خێزانی نەخۆشی شەكرە یان بەرزی پەستانی خوێنیان هەیە، ئەوانەی بەر لە دووگیانبوون كێشی لەشیان زیادە، ئەوانەی كێشیان لەكاتی دووگیانی زۆر زیادی كردووە، ئەو دووگیانانەی زیاتر لە كۆرپەلەكیان لەسكدایە، ئەوانەی پێشتر منداڵێكیان بووە كێشی زیاتر بووە لە 4.5 كیلۆگرام، ئەوانەی پێشتر تووشی شەكرەی دووگیانی بوونە، ئەوانەی لەبارچوونیان هەبووە یان كۆرپەلەی مردوویان بووە و ئەوانەی نەخۆشی كیسی منداڵدانیان هەیە.

پزیشكان رێنوێنی دووگیان دەكەن بە بەردەوام پشكنین بكات بۆ ئاشكرابوونی نیشانەكانی تووشبوون بە شەكرەی دووگیانی، بەتایبەتی كە نیشانەكانی زۆر دیار نییە، زیاتر ئەو پشكنینانە لە هەفتەی 24 بۆ 28ی دووگیانی ئەنجام دەدرێت، ئەگەر رێژەی شەكرەی دووگیان لە ئاستێكی دیاریكراو زیاتر بوو، دەست بە چارەسەركردنی دەكرێت، شەكرەی دووگیانی دوو جۆرە، (A1) و (A2)، یەكەمیان ئەوەی دەتوانرێت لە رێگای سیستمی خۆراك و راهێنانی وەرزشییەوە كۆنترۆڵ بكرێت، ئەوەی دووەمیشیان پێویستە دووگیان ئەنسۆلین یان دەرمان وەربگرێت.

راپۆرتەكان ئاماژە دەكەن كە 10 بۆ 20%ی ژنانی دووگیان كە تووشی حاڵەتەكە بوونە، پێویستیان بە وەرگرتنی ئەنسۆلین هەیە، بەگشتی خۆراكی گونجاو و تەندروستی كلیلی كۆنترۆڵكردنی دۆخەكەیە، بەڵام مەترسییەكانی شەكرەی دووگیانی چییە؟، ئەگەر حاڵەتەكە فەرامۆش كرا یان كەمتەرخەمی لە جێبەجێكردنی رێنوێنییە پزیشكییەكان كرا، ئاستی شەكرە لە خوێن بەرزتر لە ئاسایی دەمێنێتەوە، رەنگە لەو حاڵەتەدا كار بكاتە سەر تەندروستی منداڵەكە، لەكاتی بووندا كێشی لەشی زۆر دەبێت، زەحمەتی هەناسەدانی و دابەزینی رێژەی شەكرەی و زەحمەتی لەدایكبوونی، هەروەها ئەگەری هەیە ئەو منداڵە لە ژیانیدا تووشی نەخۆشی شەكرە بێت.

دوای لەدایكبوون پێویستە شەكرەی خوێنی دایك بگاتەوە ئاستی سروشتی خۆی، بەڵام دروستبوونی ئەو حاڵەتە مەترسیی تووشبوونی بە جۆری دووەمی نەخۆشی شەكرە لە داهاتوودا زیاتر دەكات، بۆیە پێویستە راوێژ بە پزیشك بكرێت، رەنگە ئەو پرسیارە بكرێت ئاخۆ دەكرێ رێگری لە دروستبوونی حاڵەتەكە لە سەرەتاوە بكرێت؟، وەڵامەكە نەخێر، بەڵام لەگەڵ ئەوەیش دەكرێ هەوڵی كەمكردنەوەی ئەگەری توشوبوونی بدرێ لە رێگای سیستمی خۆراك و ژیانی تەندروستەوە، واتە خۆراك و وەرزشكردن، تەنانەت رۆیشتن سوودی زۆرە یان كەمكردنەوەی كێش بەر لە دووگیانبوون.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif