شەڕی بڕینەوەی داربەڕوو

ليست هناك تعليقات

شەڕی بڕینەوەی داربەڕوو

بەداخەوە، وا دیارە تورکیا سڵ ناکاتەوە لە پیادەکردنی هەر جۆرە شێوازێکی نامرۆڤانەی شەڕ دژ بە کورد، کە دوایین شەڕ؛ شەڕی بڕینەوەی دارەکانی‌ کوردستانە. زۆرینەی‌ ئەو دارانەی کە دەیبڕنەوە، داربەڕوون، کە رۆژانە نزیکەی (500) تەن دار دەبڕنەوە. بە بڕینەوەی داربەڕوو؛ بەیەک تیر چەند نێچیرێک دەکوژێ، چونکە تورکیا بایەخی دابەڕوو لە خۆمان باشتر دەزانێ و گوێش نادات بە هیچ جۆرە بەهایەک و یاسایەکی نێودەوڵەتی و بە بەرچاوی جیهانەوە ئەو جۆرە تاوانانە دژ بە کورد و سروشتی ناوچەکە دەکات.
بڕینەوەی‌ دار، تەنها دژی ژینگە و سروشتی کوردستان نییە، بەڵکوو دژ بە هەموو بەها مرۆڤایەتییەکانە.
کوردستانی‌ گەورە، لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا لە بوونی جۆرەکانی‌ رووەکدا یەکەمە، کە زیاتر لە (15) هەزار جۆر رووەکی هەیە، لە هەمووشیان گرنگتر؛ بەڕووە.
دەتوانین بڵێین بەڕوو باوانی رووەکەکانە و رۆڵی سەرەکی دەبینێ لە دابینکردنی سیستمێکی گونجاوی ژینگەیی، لەبەر ئەم هۆیانەی خوارەوە:
1. رووەکێکی بنچینەیی و سەرەکیی پاراستنی سیستمی ژینگەیە لە شاخی زاگرۆس.
2. زیاتر لە نۆ جۆر بەر دەدات، کە ئەم بەرانە رۆڵی سەرەکییان هەیە لە دابینکردنی خۆراک بۆ زیندەوەری جۆراوجۆر... لە هەمان کاتیشدا ماڵێکی ئارام و هێلانەیەکی گونجاوە بۆ زیندەوەری جۆراوجۆری ناوچەکە.
3. بەکار دەهێنرێت بۆ چەندین جۆر پێداویستیی مرۆیی، لەوانە: دروستکردنی خانوو، دەفر، کەلوپەلی ناوماڵ و پێداویستی رۆژانەی مرۆڤ، خۆراک و گەرمکردنەوە... تاد.
4. لە رووی مێژووییەوە، بەڕوو خۆراکێکی سەرەکیی کورد بووە.
5. رۆڵێکی سەرەکیی دەبینێ لە پاراستنی داڕمان و هەرەسی شاخەکان، چونکە لە هەندێ کاتدا رەگی زیاتر لە 20م رۆدەچێتە ناو زەوییەوە.
6. سیستمێکی داینەمیکیی بەهێزی هەیە، خوێندنەوەی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانکارییە ژینگەییە خێراکان زۆر زیاترە لە هەموو رووەکەکانی‌ تری ناوچەکە.
7. لە سەرجەم شۆڕشە جیاوازەکانی‌ کورددا، بەڕوو پشت و پەنای کورد بووە و هۆکارێک بووە بۆ هێشتنەوەی نەتەوەی کورد و رۆڵی سەرەکیی هەبووە لە پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی، ئاسایشی خۆراک و کۆمەڵایەتیی کورد، چونکە کورد بۆ دابینکردنی سەرجەم پێداویستییەکانی سوودی لە بەڕوو بینیوە.
8. بۆ پێشمەرگە و گەریلا، بەردەوام وەک پەناگە و چەتری سەریان بووە.
9. هۆیەکە بۆ دەستەبەرکردنی نشینگەی ژینگەیی گونجاو بۆ زیندەوەرانی تر.
10. هۆکارێکی سەرەکییە بۆ بوژاندنەوەی کەرتی گەشتوگوزاریی لە ناوچەکەدا.
11. لە قەدپاڵی شاخەکان، دارستانی بەڕوو، خاکی بەردەڵان لەسەر بەردی (لایمستۆن) و گڕکانەکان بە بەرزیی جیاواز کە لەنێوان (600م – 2200م) دەڕوێن.
ئەمانە و دەیان سوودی تر... لە لایەکی تریشەوە، بەڕوو وەک هێمای سروشتی کوردستان وایە و تورکیا بەمەبەست دەیەوێت ئەو هێمایە لەناوببات.
سەرەڕای ئەم هەموو گرنگییە، کەچی کاردانەوە فەرمی و نافەرمی و ناوخۆیی و جیهانییەکان لاوازن و بڕینەوەی دارەکانیش بەردەوامیی هەیە... لێرەدا پرسیارێک دێتە ئاراوە؛ ئایا تورکیا لە وڵاتەکەی خۆیدا دەهێڵێ بەبێ یاسا دار ببڕدرێتەوە؟ ئەی بۆ لە کوردستانی باشوور و رۆژئاوا بە ئارەزووی خۆی دار دەبڕێتەوە و زەوی کشتوکاڵیی وشک دەکات و باخە زیندووەکان دەبڕێتەوە و رێڕەوی ئاو دەگۆڕێ و رێژەی کەم دەکاتەوە... بۆ کەسێک نایەتەگۆ!؟ ئتیر بەس نییە قبوڵکردنی ئەم هەموو پێشێلکارییە!؟

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif