حكومەت بواری پاسەوانیی رێكدەخاتەوە

ليست هناك تعليقات

حكومەت پەیڕەوێكی بۆ رێكخستنەوەی بواری پاسەوانی رەوانەی وەزارەتی ناوخۆ كردووە، بەپێی پەیڕەوەكە بەرپرسانی حكومی‌و پەرلەمانتاران دوای خانەنشینبونیان تەنیا بۆ ماوەی یەك ساڵ پاسەوانیان پێدەدرێت، وەزیر لەكاتی خزمەتدا (10) پاسەوانی دەبێت، پەرلەمانتار (3) پاسەوان، پارێزگار (8) پاسەوان، دادوەر (2) پاسەوان، ئەو كەسانەی پاسەوانی بەرپرسان دەكەن، نابێت چیتر كاری باخداریی‌و ئشوكاری ماڵەوە بۆ بەرپرسەكانیان بكەن، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا بخوێنەرەوە.

چاكسازی لە بواری پاسەوانی
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان پەیڕەوێكی بۆ رێكخستنی بواری "پاسەوانی" ئاڕاستەی وەزارەتی ناوخۆ كردووە، ئەم پەیڕەوە بە پشتبەستن بە یاسای چاكسازی ئامادەكراوە، واتە بۆ رێكخستنەوەی ئەم بوارە، حكومەت دەسەڵاتی لە پەرلەمانەوە وەرگرتووە.
بواری پاسەوانیی، كە پاسەوانی (بەرپرسان، بارەگا فەرمی و حزبییەكان، بارەگای نوێنەرایەتی وڵاتانی دەرەوە) دەگرێتەوە، یەكێكە لەو بوارانەی كە لە هەرێمی كوردستان گومانی گەندەڵی گەورە لەسەرە، بەتایبەتی پاسەوانی بەرپرسان.

پاسەوان لە هەرێمی كوردستان
تائێستا ئاماری فەرمی لەبارەی ژمارەی پاسەوان لە هەرێمی كوردستان لەبەردەستدا نییە، بەڵام ئامارە نافەرمییەكان ئاماژە بەوە دەكەن تاوەكو ساڵی 2012 ژمارەی ژمارەی پاسەوان لە هەرێمی كوردستان نزیكەی (63 هەزار) كەس بووە، بەڵام ئێستا باسلەوە دەكرێت ژمارەكە بۆ نزیكەی (100 هەزار) كەس زیادی كردووە.
ئێستا تێكڕای دانیشتوانی هەرێمی كوردستان نزیكەی (6 ملیۆن) كەسە، ئەگەر (100 هەزار) كەس كاری پاسەوانی بكەن، ئەمە بەواتای ئەوەدێت لەكۆی هەر (100) كەسێك، نزیكەی (2) كەسیان پاسەوانی بەرپرس یاخود بارەگا حزبی‌و حكومییەكانن.
بەشێك لە پاسەوانان لە هەرێمی كوردستان، لەلایەن بەرپرسانەوە بۆ كاری تایبەتی بەكاردەهێنرێن، ئەمە وایكرد رۆژی 13ی تشرینی یەكەمی ساڵی 2019 ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران لە نوسراوێكدا فەرمان بە وەزارەتی ناوخۆ بدات بەدواداچوون بكات بۆ دیاردەی "بەكارهێنانی پاسەوانان بۆ كاری باخداریی‌و خزمەتكردنی ماڵ‌و خێزان‌و منداڵی بەرپرسان".
لە ساڵانی رابردوودا بەهۆی ئەو ناڕەزایەتییە زۆرانەی لەبارەی كاری پاسەوانییەوە هەبووە، چەندینجار هەوڵدراوە ئەم بوارە رێكبخرێتەوە، بەڵام هەموو هەوڵەكان بێئاكام بوون.
ساڵی 2011 كە مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێم بوو، لیژنەیەك بۆ چاكسازی پێكهێنرا، یەكێك لە بڕیارەكانی ئەم لیژنەیە كەمكردنەوەی ژمارەی پاسەوانی بەرپرسان بوو، ئەم هەوڵەش بێئاكام بوو لە رێكخستنەوەی تەواوەتی بواری پاسەوانیی.
لەكابینەی پێشووی حكومەتدا كە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكایەتی دەكرد، بەدیاریكراوی لە ساڵی 2015دا لیژنەیەكی هاوبەش لە فەرماندەیی زێرەڤانی‌و وەزارەتی ناوخۆ پێكهێنرا بۆ رێكخستنەوە‌و كەمكردنەوەی ژمارەی پاسەوانی بەرپرسان، بەڵام ئەم هەوڵە نەیتوانی بەتەواوەتی بواری پاسەوانی رێكبخاتەوە.
لەدوای دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەم بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی، هەوڵێكی تر درا بۆ رێكخستنەوەی بواری پاسەوانی، بەڵام هەوڵەكە تەنیا وەزارەتی پێشمەرگەی گرتەوە‌و شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە بە فەرمانێك ژمارەی پاسەوانی بەرپرسانی سەربازیی بەمشێوەیە رێكخستنەوە:
• فەرماندەی لیوا: (6) پێشمەرگە وەك پاسەوان‌و شۆفێر
• مقدم لیوا: (4) پێشمەرگە وەك پاسەوان‌و شۆفێر
• فەرماندەی فەوج: (4) پێشمەرگە وەك پاسەوان‌و شۆفێر
• جێگری فەرماندەی فەوج: (2) پێشمەرگە وەك پاسەوان‌و شۆفێر
• هەیئەی لیوا: (2) پێشمەرگە وەك پاسەوان‌و شۆفێر
ئەوە پەیڕەوەی ئێستا ئەنجومەنی وەزیران رەوانەی وەزارەتی ناوخۆی كردووە بۆ رێكخستنەوەی بواری پاسەوانیی، دواین هەوڵە‌و لەچوارچێوەی یاسای چاكسازیدایە‌و گشتگیرترە.

پاسەوانیی چۆن رێكدەخرێتەوە ؟
بەگوێرەی ئەو پەیڕەوەی كە حكومەت ئامادەی كردووە‌و كۆپییەكی دەست (درەو) كەوتووە، رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ دوای وەرگرتنی رەزامەندی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت‌و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت پاسەوانی "حزب‌و لایەنە سیاسییەكان‌و بەرپرسان" دادەنێت‌و رێكی دەخاتەوە.
پەیڕەوەكە، بەشێوەیەكی گشتی بەچەند بڕگەیەك كاری پاسەوانی بەمشێوەیە رێكخستوەتەوە:
• ئەو بەرپرسانەی كە بەهۆی پلەی حزبی‌و حكومی، دووجار پاسەوانیان بۆ دابینكراوە، دەبێت تەنها پاسەوانەكانی پۆستی حكومییان لا بمێنێت.
• نابێت بەرپرسی دامودەزگا فەرمی‌و حزبییەكان كە پاسەوانیان بۆ دابین كراوە، نابێت لە دەرەوەی ئەو ئەركەی بە پاسەوان سپێردراوە، كاری دیكە بە پاسەوان بكەن تەنانەت ئەگەر بە رەزامەندی خودی پاسەوانەكەش بێت.
• ئەگەر سەلمێندرا پاسەوان لە دەرەوەی ئەو كارەی بۆ دانراوە، كاری دیكەی پێكراوە، رێكاری یاسایی بەرامبەر سەرۆكی ئەو فەرمانگە یان بارەگایە دەگیرێتەبەر.
• بەبێ رەزامەندی وەزارەتی ناوخۆ، نابێت پاسەوان جگە لەو كارەی كە پێی سپێردراوە هیچ كارێكی تر بكات.
• نابێت پاسەوان لەسەر میلاكی كەرتی گشتی بۆ دامەزراوە‌و پرۆژەكانی كەرتی تایبەت دابنرێت، هەر پاسەوانێك كە بۆ ئەم جۆرە پرۆژانە دانراوە، دەبێت لاببرێت‌و ئەركێكی نوێی پێ بسپێردرێت.

بەڕێوەبەرایەتییەكی نوێ دروست دەكرێت
كرۆكی پەیڕەوەكەی ئەنجومەنی وەزیران بۆ رێكخستنەوەی بواری پاسەوانی، بریتییە لە دروستكردنی بەڕێوەبەرایەتییەك لە وەزارەتی ناوخۆ بەناوی "بەڕێوەبەرایەتی كاروباری پاسەوانی"، ئەم بەڕێوەبەرایەتییە راستەوخۆ پەیوەست دەكرێت بە وەزیری ناوخۆوە، ئەفسەرێك كە پلەكەی لە (عقید) كەمتر نەبێت ئەم بەڕێوەبەرایەتییە بەڕێوەدەبات‌و ئەفسەرێك كە پلەكەی لە (مقدم) كەمتر نەبێت یاریدەدەری دەبێت.
بەگوێرەی پەیڕەوەكە، ئەم بەڕێوەبەرایەتی‌و یەكانە، هەڵدەوەشێنەوە‌و دەخرێنە سەر بەڕێوەبەرایەتییە نوێیەكەی وەزارەتی ناوخۆ:
• سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەكانی پاسەوانی لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس
• یەكەی پاسەوانی كونسوڵگەرییەكان‌و وەزارەتەكان‌و لایەنەكانی نەبەستراو بە وەزارەت لە فەرماندەیی زێرەڤانی
• بەڕێوەبەرایەتی‌و یەكەكانی پاسەوانی لە وەزارەتی پێشمەرگە
• پاسەوانەكانی یەكەكانی (70)‌و (80)ی یەكێتی‌و پارتی
• هەر یەكەیەكی سەربازی سەربە وەزارەتی پێشمەرگە یان ناوخۆ هەڵدەوەشێتەوە‌و گشت پاسەوانەكانی دەگوازرێتەوە بۆسەر بەڕێوەبەرایەتی كاروباری پاسەوانی
• بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پاسەوانییەكان لە فەرماندەیی بەرگریی‌و فریاكەوتن
"بەڕێوەبەرایەتی كاروباری پاسەوانی" دوای دروستكردنی، لەم بەشانە پێكدێت:
• بەشی پاسەوانی بەرپرسان
• بەشی پاسەوانی دامودەزگا فەرمییەكان
• بەشی پاسەوانی كونسوڵگەرییەكان
• بەشی پاسەوانی بارەگا حزبییەكان
• بەشی كاروباری یاسایی
• بەشی هەماهەنگی‌و بەدواداچوون
• بەشی كارگێڕی
• بەشی ژمێریاری
• بەشی میرەو ئالیات
• بەشی وردبینی
• بەشی بەڕێوەبەری جۆری
پێناسەی ئەم بەڕێوەبەرایەتییە نوێیە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی بەڕێوەبردنی جۆری لە وەزارەتی ناوخۆ بەپێی ستاندەری نێودەوڵەتی (ISO 9001:2015) دەستنیشان دەكرێت.

پاسەوانی بەرپرسان بەپێی پەیڕەوەكە
بەگوێرەی ئەو پەیڕەوەی ئەنجومەنی وەزیران بۆ وەزارەتی ناوخۆی ناردووە، ژمارەی پاسەوانی بەرپرسانی حكومی لەوكاتەی كە لە خزمەتدان‌و دوای خانەنشینی بەمشێوەیە دەبێت:


پەیڕەوەكە، ژمارەی پاسەوانی بەرپرسە سەربازییەكانی لەكاتی خزمەت‌و دوای خانەنشینبوون، بەمشێوەیە دیاریكراوە.

پەیڕەوەكە باسی لە ژمارەی پاسەوانی سێ سەرۆكایەتییەكە (سەرۆكی پەرلەمان، سەرۆكی هەرێم، سەرۆكی حكومەت) نەكردووە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif