هەباسە لە هەڵەبجە چ باسە؟!

ليست هناك تعليقات


هادی حەمەڕەشید
-
لە یەك دوو ڕۆژی ڕابردوودا چ بە نامە و چ بە پەیوەندیی تەلەفۆنیی دڵسۆزانێك لێمان ئەپرسن؛ ئەو شڵەژان و ئاڵۆزییەی هەڵەبجە چییە؟ ئێوە بۆچی بێدەنگن؟!

بە کورتیی:

یەك: کێشە و ئاریشەکانی کوردستان یەك پاکێجن و لە هەموو شارێك تا مەڵبەندەکان و لقەکان و مەکۆ و ئۆفیسە حیزبییەکان بەم فۆڕمەی ئێستایانەوە هەبن، نە دادگا و نە پۆلیس و نە زانکۆ و هیچ دامەزراوەیەکی حکومەت بوونێکی ناوەڕۆکدار و ڕاستەقینەیان نابێت!

شتێك لە هەڵەبجە ڕووی نەداوە کە نامۆ بێت بە بارودۆخی کوردستان!

ئێمەیش هەرگیز بێدەنگ نابین، بەڵام بڕوامان بە کاری دووبارە و بێ جەدوا نەماوە، وزە لە هەڵوێست و چالاکییەکدا بە خەرج نادەین کە بێ سوود بێت.

ئەڵێن جارێك مارتن لۆسەر کینگ وتوویەتی:

((خراپترین شوێنی دۆزه‌خ بۆ ئه‌وانه‌ دانراوه،‌ که‌ له‌ کاتی جه‌نگه‌ ئه‌خلاقییە‌ گه‌وره‌کاندا هه‌ر به‌بێلایه‌نیی ئه‌مێننه‌وه‌ .))

دوو: هەموو کەسێك لە ئێستادا جگە لە بوونێکی حەقیقیی و فیزیکیی، لە فەزای مەجازییشدا خاوەنی ئەکاونت و هەژماری خۆیەتیی، پرسیار لە ئێمە مەکەن، پێمان بڵێن« بۆچی هەڵوێستتان نییە کە دادگا سزای رۆژنامەنووسێکی داوە؟!» بچن سەرێك لە ئەکاونت و هەژماری کەسی (قوربانیی) بدەن بزانن دوو ڕۆژ لەوەوبەر بۆ خۆی هەلهەلە ناکێشێت بۆ ئاسایشی سلێمانیی کە هەڵیان کوتاوەتە سەر ماڵی د.باخان؟!

سێ: ئەوەی ڕاگەیاندنی سێبەر و بەرهەتاوی پارتیی و بەشێك لە نووسەرە کاسەلێس و دەربارەکانیان بەم زۆنەی ئەکەن، لە ململانێ و کێشەی قیزەون و نەگریسی دەزگا ئەمنییەکانی هەردوو حیزب دەرچووە و بە ئاشکرا قولەپێی نەزیهی خەڵکی ئازادیخوازی ئەم ناوچەیە ئەگەزێت!

بە هەردوو لایانەوە میدیای دابەستەکراو و ئاراستەکراویان بەرداوەتە گیانی خەڵکی سەرچڵ و یاخی لە سیستمە چەتەییەکەی خۆیان، شەڕە هەواڵگرییەکانی ئێوە خاڵییە لە شەڕی نێوان حەق و ناحەق، بەڵکو شەڕێکی بنەماڵەیی و کەسییە و درێژکراوەی شەڕی یەکترکوژییتانە و ئێمەش لەوە هۆشیارترین ببین بە کەرەستەی وەها شەڕێك!

چوار: عەلی عەونیی ئەندامی سەرکردایەتیی پارتیی لە میانی بەرگرییکردن لە دۆستێکیان کە لە هەڵەبجە سزای یاسایی دراوە، کۆمەڵێك قەپاڵ لە قاچی ئازادییخوازانی ئەم شارە ئەگرێت(ئەوە با بوەستێت لە هەمان ڕاپۆرتی شەرماوەری میدیای زەردی باسنیوزدا قەڵەمفرۆشێکیش ڕستێك شەکری شکاندووە، یەکێك خۆی فرۆشت بێت شیاوی وەڵامدانەوە نییە).

عەونیی ئەڵێ: ئەمە ئەگەر لە سنووری هەولێر و دهۆك ڕووی بدایە، كەمپینباز و چالاكانی بەناو مەدەنی، خۆپیشاندانیان دەكرد و مانگرتنیان لە خواردن رادەگەیاند....

ئەلف: لە سنووری قەڵەمڕەوی هەردوو حیزب کە بۆ ئێمە بووە بە زیندان، زۆر هۆشیارانە ئەزانین دەستگیرکردنی شێروان شێروانیی و هاوڕێکانی بۆ دەمکوتکردنی ئازادییخوازانە، بۆیە دەنگهەڵئەبڕین.

بەڵام ڕاوەدوونانی ڕێباز گەردیی (با دژی پارتیی و دەسەڵاتیش بێت و جیهان پڕکات لە هاوار) ناچێت بە گوێماندا، چونکە کێشەی ئەو کێشەیەکی هەواڵگرییە بە پلەی ئیمتیاز!

ئێمە ئەزانین زەردەشت عوسمان لەسەر نووسینێك سەرۆکەکەی تۆ و کوڕە مودەلەلە کەڵەگاکەی دەمیان پڕکرد لە فیشەك، بۆیە بوو بە هێمای قوربانییدان لە ڕێگای ئازادیی ڕادەربڕییندا، بەڵام کە ئەمری گرتن بۆ گەورە ڕۆژنامەنووسی بن سێبەری خۆتان ڕێبوار کەریم وەلی دەرئەچێت موومان نابزوێت، چونکە ئەوە کێشەی باڵ و خەت و خاڵی ناو پارتیی و بنەماڵەیە!

لەملاش کە کاوە گەرمیانیی شەهید ئەکرێت لەسەر ئازادیی بیروڕا، وێنەکەی لەسەر دڵمان بەند ئەکەین و لە تەنیشت زەردشت و سۆران ئەبنە سیمبۆل، بەڵام هۆشیارین کە هەڵەوەڕێکی ڕیفراندۆمچییش لەسەر بەرگرییکردن لە دەسەڵاتی مافیا و سنووربەزاندن و بێڕێزییکردن بە چەند کارمەندێکی بێ پشت و پەنا سزای یاسایی بدرێت بە بەندووتن و دەهۆڵ لێدانی تۆ و کاسەلێسەکانتان تێنەکەوین و هەڵنەپەڕین!

بێ: فیعلەن ڕێکخراوە پیشەییەکانتان کە قوتی خەڵکیان بۆ ئەدزن و ئەیکەن بە گەروویاندا، خۆ بێ کار و چالاکیین، ئاراستەیان بکەن تا ئەوانیش (کەمپەین بکەن و مان لە خواردن بگرن) و بچنە بەردەم دادگای هەڵەبجە!

عەجیبە هەڤاڵ لەو دیو دێگەڵەوە ئێوە بڕیاری دادگاتان لێکردووین بە ئایەتی قورئان، کەچی خۆتان گووتەنی لە زۆنی ئاڵۆزدا ئەیکەن بە حوکمی قەرەقوش؟!!



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif