هەڕەشەی لەشکری بێکاران لەسەر حکومەت

ليست هناك تعليقات


روەیدا مستەفا

نزیکەی سەدا شەستی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان لە گرووپی چالاکن بۆکار، بەڵام لەو ژمارەیە، رێژەیەکی بەرچاو بێکارن، بەتایبەتتریش بێکاریی لەنێو ژنان و گەنجانی خوار سی ساڵ. واتا کەسێک لە 2002 لەدایکبووبێت، ئەمڕۆ دەخوازێت کارێک ئەنجامبدات. رونتر، گەنجانی 18 ساڵ لە ئەمڕۆدا، کە نەک رژێمی بەعسیان بەبیرنایەت، بەڵکو شەڕی ناوخۆی هەرێمی کوردستانیشیان بیرنایەت، کاریان دەوێت، دەخوازن ببنە خاوەنی ئۆتۆمبێل و خێزان و خانووێک دروستبکەن. هەرێمی کوردستان لەبەردەم گۆڕانێکی گەورەی دیمۆگرافیدایە کە نەوەی نوێ دەیەوێت رابردوو جێبهێڵێت و داهاتوویەکی گەشتر دروستبکات. ئەوان دەشزانن داهاتو بێکار، دروستنابێت.

گەورەترین ئاڵنگاریی بەردەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێستا و لەداهاتوویشدا بێکاریی گەنجانە. ئەگەر تا دوێنێ داهاتی ئاسانی نەیتوانیبێت سیستەمێکی رەیعیی دروستبکات و بەرژەوەندیی بۆ گەنجان دروستبکات تا خۆشەویستییان بۆ هێزە سیاسییە حکومڕانەکان بێت، چیتر تەنانەت گەنجانی خێزانە حیزبییەکانیش بە حیکایەتەکانی رابردوو رازیی نابن. خۆشگوزەرانییان دەوێت، خۆشگوزەرانیش بێ کار مەحاڵە.

نەوەیەک دروستبووە چیرۆکی نوێی سەردەم کاری تێدەکات. بەدوای دەرفەتی یەکسانەوەن. ئەوان دەیانەوێت داهاتوویەکی باشتریان هەبێت. هیچ کاتێک هێندەی ئەمڕۆ باسی یەکسانیی و دەرفەتی یەکسان لەنێو گەنجان جێی گفتوگۆ نییە تا هەمووان بتوانن پێشبڕكێ بکەن لە بەدەستهێنانی کار و ژیانێکی شەرافەتمەندانە.

کێ ئەو گەنجانە دەباتەوە؟ ئەمە پرسیارێکی گەورەیە، دەرفەتیش دەداتەسیاسەتمەدار و حیزبەکان تاوەکو بتوانن لەبری ئەوەی لەسەر چیرۆکی شەڕ و تووندوتیژی گوتاریان بنیاتبنێن، گوتارەکانیان لەسەر بنەمای کارکردن بێت بۆ وەڵامدانەوەی داخوازییەکانی خەڵک و گەنجان و ژنان. هەر سیاسەتمەدار و حیزبێک بتوانێت هاوکاریی گەنجەکان بکات خەونەکانیان بەدەستبێنن، ئەوا دەتوانێت دڵ و مێشک و دەنگەکانیشیان بباتەوە. گەلۆ کاتی ئەوە نییە سیاسەتمەدار و حیزبە سیاسییەکانمان لەبری یەکدی تەخوینکردن بۆبردنەوەی دەنگ، هەوڵبدەن خەونەکانی گەنجەکان بکەنە واقیع تاوەکو هەڵبژاردنەکان ببەنەوە؟

بەدڵنیایی بەڵێ، کاتیەتی جۆرێکی دیکەی ململانێکان سیاسەت رێکبخەن. رۆژگاری هاوسۆزیی و لایەنگریی کوێرانە بۆ سیاسەت و حیزبەکان لەدوای خۆمان بەجێمانهێشتوون. رۆژگاری ئەمڕۆ ململانێی شەریفانە بۆ پێشخستنی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و ئابورییە، نەک بۆ یەکتر ناشیرینکردن. چیتر گەوجاندن ناتوانێت دەنگی گەنجان مسۆگەر بکات، کارکردن دەتوانێت.

کێ دەتوانێت وەڵامدەرەوەی خواست و خەونەکانی گەنجان بێت؟

رۆژگاری دوای ئازادیی عێراق بەسەرچوو کە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق دەیانتوانی زۆربەی هەرە زۆری گەنجانی دەرچووی زانکۆکان بخەنە سەر کار. ئەمڕۆ ساڵانە دەیان هەزار خوێندکار لە زانکۆکان دەردەچن و بڕوانامەی بەکالۆریۆس و دیپلۆم وەردەگرن. ئەوان کاریان دەوێت. چیتر نەوت ناتوانێت ئەو هەمو گەنجانە بخاتە سەر سێکتەری گشتیی. کەرتی تایبەت ناتوانێت کار بەرهەمبهێنێت ئەگەر حکومەتێکی دیموکراتیک و شەفاف، هاوکار نەبێت و حوکمی قانون جێبەجێ نەبێت. وەبەرهێنەرانی بیانیی لە کوردستان وەبەرهێنان ناکەن ئەگەر لە داهاتووی هەرێمەکە دڵنیا نەبن، سەرمایە راستە زۆرجار ریسک دەکات، بەڵام زۆربەی جاریش ترسنۆکە و ناچێتە ناو دۆخێکەوە کە سەقامگیریی نەبێت. هەبوونی دەیان هەزار گەنجی بێکار بۆ خۆی مەترسییەکی گەورەیە لەسەر سەقامگیریی هەر هەرێم و وڵاتێک، جا چ جای بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق.

حکومەت پێویستە هاوکاریی ئەو دەرچووە بێکارانە بکات کە بەهرە و لێهاتویی و لێزانییەکانیان بدۆزنەوە و پێشیبخەن تا بتوانن لە دەرەوەی سێکتەری گشتیی کارێکی تر بدۆزنەوە. بێ دروستکردنی دەرفەتی یەکسان و هاوکارییکردنیان لە بەدەستهێنانی خەونەکانیان، ئەو گەنجانە لە بازاڕێکی وێرانەدا بە سەرلێشێواویی دەخولێنەوە و ناتوانن داهاتوویان بنیاتبنێن.

ئێستا کوردستان هیچ پلانێکی بۆ رووبەڕووبوونەوەی بێکاریی نییە، تەنانەت حکومەتی هەرێمی کوردستان داتای ئەوەشی نییە کە رێژەی بێکاریی چەندە و چۆن ئەو رێژەیە دەستنیشانکراوە. لە کاتێکدا حکومەتی هەریمی کوردستان و بەرپرسانی، زۆر باسی رۆڵی ژنان و بەهێزکردنیان دەکەن، زۆربەی هەرە زۆری بێکاریی لەناو ژنان دایە. بێکاریی لەناو ژناندا ئەگەر سێ هێندەی بێکاریی نەبێت لەنێو پیاواندا، بەدڵنیایی دو قاتە. ئێمە ناتوانین کۆمەڵگەیەکی یەکسان دروستبکەین ئەگەر ژنان لە بازاڕی کار و سیاسەت و ئابوریی و خوێندن و پەروەردە و تەندروستیدا هەمان رۆڵی پیاوان نەبینن. راستە لە رابردوودا پیاوان هەژموونیان هەبوو لە لێهاتویی کاردا بە هۆی ئەوەی دەرفەتەکانی خوێندن و خۆپێشخستن بۆ ئەوان لەپێشتر بوون، بەڵام ئێستا ژنان زۆر لێهاتوون و دەرفەتەکانیان قۆستووەتەوە، هەربۆیە ساڵانە دەبینن باشترینەکانی خوێندنگا و زانکۆکان کچانن. بۆ بەدەستهێنانی یەکسانیی جێندەریی، دەبێت حکومەت بتوانێت کار دروستبکات تا کچان و ژنان بتوانن داهاتوو بۆ خۆیان و منداڵەکانیان دروستبکەن، بتوانن گەشە بە تواناکانیان بدەن و بیسەلمێنن کە داینەمۆی پێشکەوتنن، ئەگەر دەرفەتیان پێبدرێت.

دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان هانی کارسازان بدات تا بتوانن بیرۆکە و پرۆژەکانیان پێشبخەن، بۆ نموونە دەکرێت لە باجدان ببەخشرێن، یان سەبسیدی/سلفەیان بۆ تەرخانبکرێت تا بتوانن کار دروستبکەن و بیرۆکەکانیان بکەنە واقیع. دەبێت دەرفەتەکانیان بۆ بڕەخسێنرێت رەوشی کارکردنیان باشتر بکرێت و یاساکان چاک بکرێن. بۆ نموونە، ناکرێت کرێکاران بەو پارە کەمە کاربکەن و دواتریش هیچ مافێکی خانەنشینکردنیان نەبێت. ئەگەر حکومەت مافەکانی کرێکاران و فەرمانبەرانی کەرتی تایبەت نەپارێزێت، هەمووان چاویان لەسەر کەرتی گشتیی دەبێت.

پەروەردەی نایەکسان

لە ماوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای دونیاگردا زیاتر بۆمان دەرکەوت کە نایەکسانیی لە پەروەردەدا لە چ ئاستێکدایە. کاتێک خوێندنگاکان داخران بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، خوێندنگا گشتییەکان نەیانتوانی پۆلی ئۆنلاین بۆ خوێندکاران فەراهەم بکەن، ئەمە لە کاتێکدا خوێندنگا تایبەتەکان بەردەوام بون لە خوێندن. بۆ هاوکارییکردنی گەنجان بۆ دۆزینەوەی کار، پێویستە رەوشی پەروەردە پێشبخەین لە تەواوی کۆمەڵگەدا. ئەوەش بەوە دەکرێ توانا مرۆیییەکانی پەروەردەکاران پێشبخرێ و نوێبکرێتەوە. بینیمان زۆربەی پەروەردەکاران تەنانەت کێشەیان لەگەل دروستکردنی ئیمەیڵیش هەبو، ئەوە کارەساتێکی پەروەردەیییە. پێویستە پەروەردەکاران رێگاکانی وانەوتنەوەی مۆدێرنیان فێربکرێت و توانا تەکنەلۆژییەکانیان پێشبخرێن، یان دروستبکرێن.

چی روودەدات ئەگەر بێکاریی چارەسەر نەکرێت؟

پێشکەوتن و سەرکەوتنی کوردستان پەیوەستە بە گەنجانەوە. ئەگەر ویستت باشیی حکومەتێک بزانیت، دەبێت بودجەکەی تەماشابکەیت بزانیت چەندی بۆ منداڵان و ژنان تەرخانکردووە، ئەو دوانە لە کوردستان بەخراپیی ئیهمالکراون. گەنجانێک کە بەباشیی پەروەردە و فێرکراون دەبنە داینەمۆی کۆمەڵگەیەکی خۆشگوزەران، دەوڵەمەند و پێشکەوتوخواز. ئەوەی لە کوردستان هەیە جەختکردنەوەیە لەسەر "دەرچوون" و وەرگرتنی پارچە کاغەزێک بە ناوی "بڕوانامە". ئەو عەقڵییەتە نامانگەیێنێتە هیچ شوێنێک. ئێمە پێویستمان بە داڕێژەرانی سیاسەتی گشتییە بۆ ئەوەی بتوانن بازاڕی کار و دەستی کار پێکەوە بڕۆن تا هەردووکیان بکەونە خزمەتی کۆمەڵگە و کۆمەڵگەیەکی یەکسان و خۆشگوزەران دروستببێت. ئەگەر بێکاریی چارەسەر نەکرێت، پێشکەوتنی سیاسیی، کۆمەڵایەتیی، ئابوریی و پەروەردەیی مەحاڵ دەبێت و سەقامگیرییش لەژێر مەترسییدا دەبێت.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق