بەرهەمهێنانی ئۆپێك بەرزدەبێتەوە و عێراقیش پێشێلی پابەندبوونەکەی دەکات

ليست هناك تعليقات

بە گوێرەی رووپێوییەك کە پێگەی "ئێس ئاند پی گلۆبال پلاتس" ئەنجامی داوە، کۆی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو لەلایەن ئۆپێك پڵەس لە مانگی نیساندا بۆ بەرزترین ئاستی (3) مانگی رابردووی بەرزبووەتەوە.

رێکخراوی ئۆپێك لە مانگی رابردوو بڕی (25.28) ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانەی بەرهەمهێناوە، کە بەراورد بە مانگی ئادار (80) هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە زیاتر بووە، هەر یەکە لە رووسیا و هەشت وڵاتە هاوپەیمانەکەی دەرەوەی ئۆپێك رۆژانە (13.21) ملیۆن بەرمیلیان بەرهەمهێناوە و بەراورد بە مانگی پێشتر رۆژانە (130) هەزار بەرمیل زیاتر بووە.

ئەندامانی ئۆپێك لەمانگی نیساندا بە رێژەی (111%) پابەندی رێککەوتن بوون، بەڵام ئەگەر پابەندی سعوودیە بەلاوە بنرێت؛ ئەوا وڵاتەکانی دیکە بە رێژەی (96%) پابەندی رێککەوتن بوون، کە ئەمەش کەمترین ئاستی پابەندبوونە لە دوای مانگی تەمموزی ساڵی رابردووەوە.

لە مانگی نیساندا عێراق رۆژانە (3.97) ملیۆن بەرمیل نەوت، و نێجیریاش رۆژانە (1.6) ملیۆن بەرمیل نەوتیان بەرهەمهێناوە، هەروەها ئاستی هەناردەشیان بەرزکردووەتەوە، بەمەش پابەندییەکانیان پێشێلکردووە و لە دوای ئایاری (2020) ەوە گەیشتوونەتە بەرزترین ئاستی بەرهەمهێنانیان.

لە راپۆرتەکەی (S&P global plats)دا هاتووە، پابەندی عێراق بە رێککەوتنەکەوە لە (86%) بووە، هەروەها رووسیاش کە لە دەرەوەی رێکخراوی ئۆپێكدا هاوپەیمانێکی سەرەکییە، ئاستی بەرهەمهێنانی بە بڕی (160) هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا بەرزکردۆتەوە، کەواتە لە مانگی نیساندا رۆژانە (9.5) ملیۆن بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە.

هەروەها ئێران، کە بەخشراوە لە پابەندییەکان، بە پاڵپشتی چین ئاستی بەرهەمهێنانی بەرزکردووەتەوە، بە گوێرەی سەرچاوەکانی بازاڕ، لە مانگی نیساندا تاران رۆژانە ئاستی بەرهەمهێنانی بۆ (2.43) ملیۆن بەرمیل بەرزکردووەتەوە، ئەوەش بەراورد بە مانگی ئادار (130) هەزار بەرمیلی رۆژانە زیاتر بووە. بەرزترین ئاستیشی لە دوای مانگی ئایاری ساڵی (2019)ەوە بەرهەمهێناوە.

بڕیارە وەزیرانی نەوتی ئۆپێك پڵەس، لە یەکی مانگی حوزەیراندا، لە رێگەی ئۆنڵاینەوە کۆببنەوە و پابەندی و بەرزکردنەوەی بەرهەمهێنان بە شێوەی پلە بە پلە تاوتووێ بکەن.

لە کاتێکدا بڕیاریان دابوو لە هەر سێ مانگی ئایار و حوزەیران و تەمموز بە شێوەیه‌ك ئاسانکاری لە ئاستی بەرهەمهێنان بکەن کە رۆژانە (500) هەزار بەرمیل نەوتی زیادە بخەنە بازاڕەوە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق