عوسمان گوڵپی
دەستوور گرنگترین پرسی هەر وڵاتێکە، هەرێمی کوردستان دەبوو زۆر زووتر لە خەمی دەستوردا بوایە، بەڵام نەبووە!
لە ئێستادا پرسی دەستور بوەتە پرسێکی گەرم و دەکرێت بڵێین گەر تاكە كاری ئەم خولەی پەرلەمانی كوردستان پرسی دەستور بیت و لە سایەیدا هەرێم ببێتە خاوەنی دەستوری تایبەت بەخۆی، ئەوا ئەم خولەی پەرلەمان بە گەورەترین دەستكەوتەوە كۆتاییدێت
لە راستیدا پرسی دەستور پرسێكی ئاسایی نیە تا بەشێوازێكی ئاسایی و سەرپێیانە مامەڵەی لەگەڵ بكرێت، پرسێكە پێویستە زۆرینە و كەمینە تیایدا ببێتەوە بە خاڵی سفر، لە پێناویدا ناكۆكیەكان بخرێنە لاوە و وەك یەك تیم كاری بۆ بكرێت
ئەوەی ئێستا پیویستە هەوڵە بۆ بوونە خاوەنی دەستورێكی مەدەنی، ئەو هەوڵەش پێویستی بە هەماهەنگی و دەستبارگرتن و زۆرترین بەشداری وگفتوگۆ هەیە و ئەركی هەموانە،
ئەگەرچی لە ئێستادا سەرۆكی هەرێم کە بەرزترین دەسەڵاتی جێبەجێکردنە، بوەتە وێستگەی پرسی دەستوور و لە دەرگای لایەنە سیاسیەکانی داوە بە ئامانجی ئەوەی زەمینەیەك سازبكات كە كۆدەنگی و پێكەوەبوون تێیدا گەشە بکات تا ببێتە دەستپێكی نوسینەوە و گفتووگۆ لە بارەی دەستورەوە
ئەم هەنگاوەی نێچیرڤان بارزانی ئیجابیە بۆیە پێویستە وەڵامی ئیجابی بدرێتەوە، هێزە سیاسیەكان دەبێت پرسی دەستور بكەنە ئەولەویەتی كاریان، بە جۆرێک لە خەمی دەستورێکی مەدەنیدابن، دەستورێك کە کاڵابێت بە باڵای هەرێم نەك کاڵا بۆ باڵای حیزب و شەخس.
ئەوەی گرنگە بیرکردنەوەیەکی دروستە لە بارەی دەستورەوە، بیرکردنەوەیەکی جیاواز لە ڕابردوو، بیرکردنەوەیەك رق تێیدا لاواز و ناکۆکی تێیدا پەك کەوتوو بێت، پێویستە لانیکەم ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات تەنها یەك جار و لە یەك پرسدا گەورە بیربکەنەوە، ببنەوە یەك تیم و یەك ئیرادە بۆ تێپەڕاندنی دەستورێك بۆ هەرێم، دەستورێك کە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە تاك بەتاکی نەوەکانی ئێستاو داهاتووشەوە هەیە
ڕەدکردنەوەی کوێرانە و تێکەڵکردنی ڕقی شەخسی و حیزبی و شەڕی ڕاگەیاندن و هەڵبژاردن و کورسی، زیانی گەورە لە هەرێم دەدات و هەرێم بۆ چەندین ساڵیتر بێ دەستور دەهێڵێتەوە، بۆیە فرسەتێکی باشە بۆ کەمکردنەوەی ناکۆکیەکان و کەوتنەوە سەر ڕێچکەی سیاسەت و ململانێی دروست، چیتر دەبێت دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن لەوە تێبگەن کە هەندێك پرس هەیە دابەش نابێت بەسەر هیچ لایەکیاندا، هەندێك پرس هەن موڵکی هەموانن و دەبێت هەموان بە تەنگیەوەبن، نە موڵکی دەسەڵاتە تا ئۆپۆزسیۆن لە سەنگەری بەرامبەریدابێت و نەبە پێچەوانەشەوە، بۆیە ئەرکی هەموانە بە لایەن و کەسایەتی و پەرلەمان و هیز و ڕێکخراوەکانەوە لە هەوڵی کەشێکی لەباردابن بۆ بوونە خاوەنی دەستور، بەو پێیەش نابێت بهێڵن پرسی دەستور بکەوێتە نێوان ململانێ و بچێتە نێو یاری زۆرینە و کەمینە، چونکە خراپترین هەنگاوێك ئەوەیە هێزەکان ببنە تەماشەکەر تا دەستور بچێتە پەرلەمان و پارتی بەزۆرینە تێیپەرێنێ، پێویستە نەهێڵن پارتی بە زۆرینە تێپەڕێنێ، بەڵکو لە بری ئەوە هەموان ببنە خاوەنی پرسی دەستور و پێکەوە تێیپەڕێنن و پێکەوە بینوسنەوە و هەموان دەنگی لەسەر بدەن، بەمەش لانیکەم لە پرسی دەستوردا بەرپرسیارانە مامەڵە دەکرێت و دیوارێك لە ناکۆی دەشکێت کە نەزانەکان دروستی دەکەن و وڵاتی پێ دەچێتە دواوە و هەرێم دەخاتە بەردەم مەترسی.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق