داوا دەكرێت زاڵبوونی ستایلی توركی بە دراما كوردییەكانەوە دیار نەبێت

ليست هناك تعليقات

بۆ مانگی ڕەمەزان بۆ یەكەم جار هەشت درامای كوردی لەسەر كەناڵە كوردییەكان پەخش دەكرێن. دەرهێنەرێك دەڵێ، درامای توركی بەپارەی خەیاڵی كڕاوه ‌كە پێنچ درامای كوردی پێ بەرهەم دەهێنرێت. ئەكتەرێكی درامایش دەڵێ، پێویستە بەردەوامی بدرێت بە بەرهەمهێنانی درامای باش و دوور بكەوینەوە لە ستایلی توركی.

دەرهێنەر ئومێد كەمال ڕایگەیاند، لەپاش ئەو ماوە زۆرەی لە دۆبلاجكردنی دراما و فیلمی بیانی لەلایەن كەناڵە كوردییەكانەوە كە پەخش كران، زۆرینەیان لەگەڵ كولتوور و داونەریتی كوردی نەگونجاون، بەرهەمهێنانی درامای كوردی گرنگی خۆی هەیە، بۆ مانگی ڕەمەزانی پیرۆزی ئەمساڵ كۆمەڵێك دراما بەرهەم هاتوون، كارەكان هەرچەندە كەمێك كاڵوكرچیش بن، باشترە لەوەی بینەری ئێمە لەگەڵ كۆمەڵێك دراما ڕابێن كە لەگەڵ كۆمەڵگەكەمان ناگونجێن.

ئەو دەڵێت "وڵاتی ئێمە پڕە لە چیرۆكی كۆمیدیا و تراجیدیا، دەتوانرێ درامای 80 حەڵقەیی لێ بەرهەم بهێنرێت، تەنیا ئەوەیە نووسەرمان كەمە، ساڵانێكە خۆم لە نووسینیش كار دەكەم، لەگەڵ ئەوەشدا درامای 80 حەڵقەیی پێویستی بەوە هەیە دارایی باشی بۆ دابین بكرێت، ئەویش ئەوەیە ئایا وەزارەت و كەناڵی تەلەڤزیۆنی دەتوانن هاوكار بن".

بەگوتەی ئەو دەرهێنەرە، ئەگەر ئامانج ئەوە بێ دراماكانی ئێرە ببنە جێگرەوەی دراما بیانییەكان و سەرنجی بینەری كورد ڕابكێشن، دەكەوێته ‌سەر پشتیوانی مادی و نووسەران و دەرهێنەران و ئەكتەرانی كورد، پرسیار لەوەدایە ئەوان ئەو توانایەیان هەیە بەرهەمی باشی دراما بەرهەم بهێنن؟ جگە لەمە بینەری كورد له ‌ناچاری و نەبوونی درامای كوردی، بینەری درامای دۆبلاجی بیانین.

ئەگەر حكوومەت بتوانێ لەڕێی كۆمپانیای ناوخۆیی و بیانی، دراما و فیلمی كوردی بەرهەم بهێنێت، پێویستە كەناڵەكانی تایبەت بە پەخشی فیلم و دراما، ناچار بكرێن بەوەی كاتێك لە 24 سەعات پێنچ درامای بیانی پەخش دەكات، دوو درامایان كوردی بێت. وەك ئومێد كەمال خستیەڕوو بۆ مانگی ڕەمەزان هەشت دراما بەرهەم هاتوون، دەتوانرێ بەردەوام فیلم و درامایان هەبێت، درامای بیانی هەیە بەپارەی خیاڵی كڕاوە و به ‌پارەكەی پێنچ درامای كوردی پێ بەرهەم دەهێنرێت.

لە لایەكی ترەوە هونەرمەندی دیاری كورد عەبدولی حەمەجوان، ڕایگەیاند، بۆ مانگی ڕەمەزان بەشداری لە یەكێك لە دراماكاندا كردووە به ‌ناوی "شێروخەت". كۆمەڵێك ئیشی باش كراوە، پێویستە كارە هونەرییەكان ئیش لەسەر كولتووری كوردستان بكەن، بابەتی كۆمەڵایەتی و تراجیدیی كۆمەڵگای كوردستان زۆرە، بەڵام نەیانتوانیوە بەرجەستەیان بكەن.

ئەو ئاماژەی دا كە ستایلی توركی زۆر كاریگەریی كردووەتە سەر كاری هونەری كوردی‌، بۆیە خزمەتی نەتەوە و كولتووری خۆمان بكەین، بەهیوام بتوانین لە مانگی ڕەمەزاندا خزمەت بە بینەری كوردی بكەین.

هەموو ساڵێك لە مانگی ڕەمەزاندا كۆمەڵێك دراما بەرهەم دەهێنرێن، لە تەلەڤزیۆنە عەرەبییەكانیش تەنیا یەك دراما بۆ مانگی ڕەمەزان دەبێت، بۆ مانگەكانی تر بەردەوامی بە بەرهەمهێنانی دراما دەدرێت، عەبدولی حەمەجوان بە پێویستی دەزانێ تەلەڤزیۆنە كوردییەكانیش بەردەوامی بە بەرهەمهێنانی درامای كوردی بدەن، تەنانەت هەموو دراماكان لە سەعات حەوت بۆ هەشتی ئێوارە پەخش دەكرێن و بینەران نازانن سەیری كام دراما بكەن، بۆیە دەبێت هاوئاهەنگی هەبێت لە نێوان تەلەڤزیۆنەكان بۆ كاتی پەخشی دراماكانیان.

ئەو هونەرمەندە بڕوای وایە، بەرهەمە كۆمیدییەكان بۆ خزمەتی كولتوور و بینەری كوردی بێت نەك پێكەنین، چونكە كوردستان پێویستی بە كاری باش هەیە و كۆمەڵگاكە بەرەو ئا‌قارێكی تر دەڕوات.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif