ئیتر پێویست ناکات لە بەرزبوونەوەی دۆلار بترسن

ليست هناك تعليقات


محەمەد حسێن

ئەوەی خەڵک لێی دەترسا رویدا، بەھای یەک دۆلار لە ١١٨٠ دینارەوە بەرزکرایەوە بۆ ١٤٦٠ دینار (بە زمانی بازاڕ، گەڵایان کرد بە ١٤٦ ھەزار دینار لە ١١٨ ھەزارەوە)، ئیتر شتێک نەما لێی بترسن. تەنھا بڕیاربەدەستی سیاسەتی دراوی عێراق، کە بانکی ناوەندییە، ھەر ئەمەی دەویست کە کردی.

نە زیاتر و نە کەمتر، وە نە لەم بەزمەیشی بەردەوام دەبێت. بە ئاشکرا پێداگیریش دەکات لەسەر سەقامگیری ئەم بەھایەی دینار. ئیتر پێویست ناکات کەس لە گرانبوونی زیاتری دۆلار بترسێت.

لەم رۆژانەی دواییدا بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار جارێکی تر ھاتەوە سەردێڕی ھەواڵەکان. لەراستیدا ئەم بەرزبوونەوەیە ھیچ نیگەرانی و ترسێکی ناوێت و ئەوەی دۆلاری ناوێت بۆ کاری رۆژانەی پێویست ناکات دینارەکانی بگۆڕێتەوە.

یەکەم بانکی ناوەندی توانای ھەیە پشتگیری نرخی دینار بکات. دووەم ئیدارەدانی سیاسەتی دراوی و راگرتنی نرخی فەرمی و جێگیری دیناری عێراقی بەدەست ئەم بانکەوەیە و بە ھەموو شێوەیەک پشتگیری نرخی فەرمی دینار دەکات، ئەو جیاوازیە رێژەیی و بچوکەی لەنێوان نرخی فەرمی دینار و نرخی بازاڕدا ھەیە (تا ئێستا کەمتر بووە لە ٤%) ھەروا بە بچوکی دەمێنێتەوە. بە گشتی ئەم جیاوازیەیەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەم ھۆکارانە:
١- بانکە ئەھلیەکان، کە ھی سیاسە دەسەڵاتدارەکانن، بازاڕی گۆڕینەوەی دۆلار بە دیناریان قۆرغکردوو. ھەر خاوەنی ئەم بانکانە خۆیان میدیاو پەرلەمانتارو میلیشیاو ھێزی چەکدارو پارەی کاشی زۆریان ھەیەو کەی بیانەوێت ئەم بەرزی و نزمیەی نرخی دراو دروست دەکەن تا لەم گۆڕانکاریەکەدا قازانج بکەن. بۆ نمونە گەر بیانەوێت دۆلار بکڕن، ھەڵمەتی دابەزینی نرخەکەی دەست پێدەکەن تا دۆلارێکی زۆر دێتە بازاڕەوە و، کەی بیانەوێت بیشیفرۆشنەوەو قازانج بکەن ئینجا ھەڵمەتێکی تری پێچەوانە دەست پێدەکەن بۆ بەرزکردنەوەی بەھاکەی.

ھەمان شت بۆ دیناریش ھەر راستە. چۆن ئەم بانکانە دەتوانن ئاوا یاری بە بەھای دینار بکەن؟ نزیکەی ٩٠% ی پارە لە عێراقدا، بە دینارو دۆلاریشەوە، لەدەرەوەی بانکی ناوەندیە. ئەم پارانە بە دەست خەڵک و بانکە ئەھلیەکانەوەیە. ئەم خەڵکانە زۆر بەئاسانی بە ھەواڵ و چەواشەکاری میدیاکان دەترسێنرێن و بڕیاری گۆڕینەوەو خەرجکردنی پارەکانیان پێ دەدرێت. ژێرخانی دارایی عێراق زۆر کۆن و دواکەوتووەو ھەمیشە دەکرێت ئەم یاریانەی پێ بکرێت. ھەر ئەو کەسەی کە پارەو پەرلەمانتارو میدیاو بەرژەوەندی ھەیە، لە یەک رۆژدا ھەمووی دەخاتە گەڕ بۆ ئەم ئامانجە.


٢- ئەم گەمەیە دەکرێت لە بەرژەوەندی دینارو لە دژی دۆلاریش بکرێت، (رۆژێک دەڵێن دۆلار دابەزی و رۆژێکی تر دەڵێن بەرزبویەوە) گەر بانک و کۆمپانیای سیاسیەکان ئەوە بخوازێت. لەماوەی رابردوودا کە بانکی ناوەندی بەھای دۆلاری بەرزکردبووەوە بۆ ١٤٦٠ دینار بەرامبەر ١ دۆلار، بەھای ئاڵوگۆڕی بازاڕ لە بەرژەوەندی دیناردا بوو، ئەو یەک دۆلارە بە ١٤٣٠ دینار (یەک گەڵا بە ١٤٣٠٠٠ دیانر دینار مامەڵەی پێوە دەکرا)، ئەمەش ھەر بەشێک بوو لەو گەمەی کە لە خاڵی یەکەمدا ئاماژەی پێکرا.

سیاسیەکان پەرلەمانتارەکانیان و میدیاکانیان خستبووە گەڕ و ھەر رۆژەو لێدوانێکیان بڵاو دەکردەوە و ھەڕەشەی گەڕاندنەوەی بەھای ئاڵوگۆڕی دراویان دەکرد بۆ ١٢٠٠ دینار یان ١٣٠٠ دینار بەرامبەر ھەر دۆلارێک، لە کاتێکدا بەپێی دەستوری عێراق ئەمە نە ئیشی ئەوان بوو، نە دەبوایە قسەیشیان لەسەر بکردایە. بەڵام ئامانج لە ھەموو گەمەکە ھەرزانفرۆشکردنی ئەو دۆلارانەبوو کە لە گیرفانی خەڵکی ئاساییدا بوو، نەک سیاسیە خاوەن بانکەکان.


٣- بە گشتی لۆجیک و ھاوکێشەی خواست و خستنەڕوو دەستنیشانی بەھای دۆلار دەکات بەرامبەر دیناری عێراقی، بانکی ناوەندی ئەرکی کۆنترۆڵکردنی بڕی خستنەڕوی دۆلاری ھەیە بە پێی ئەو خواستەی کە لە بازاڕدا ھەیە. ھەروەھا توانای ئەم کۆنترۆڵکردنەشی بە باشی ھەیەو پێویست ناکات ئیتر ھیچ کەسێ نیگەران بێت لەبەرامبەر کەمبوونەوەی یەدەکی دراوە بیانیەکانی، چونکە نرخی نەوتی خاو بەرزبۆتەوە (کە سەرچاوەی بەدەستھێنانی دۆلارە) و داھاتی حکومەت زیادی کردووەو گرانی و ھەژاریش بڕی ھاوردەکردنی بۆ ناو عێراق کەمکردۆتەوە. ئەو جیاوازیە بچوکەی کە لە نێوان نرخی فەرمی ئاڵوگۆڕو نرخی بازاڕدا ھەیە ھەروا دەمێنێتەوە، بەڵام بە بچوکی، ئەمەش دەرھاویشتەی لاوازی و دواکەوتووی سێکتەری بانکی و دارایی عێراقە و ھی ئەوە نیە بەم زووانە چارەسەر بکرێت.


٣- ناسەقامگیری نرخی دراو زیانێکی زۆری ھەیە بۆ بازاڕو سەرچاوەیەکی گەورەی ترس دروستکردنە لای وەبەرھێنەران؛ دەبێتە ھۆی ھەڵاوسان کە ھەمیشە ھەژارەکان و چینی ناوەڕاست باجەکەی دەدەن، موچەخۆران و ئەوانەی کە داھاتێکی سنورداریان ھەیە لێی زیانمەند دەبن. لە بەرامبەردا سیاسیە خاوەن-بانکەکان قازانجی لێدەکەن، ئەم سیاسیانە وەک خاوەنی قومارخانەکان وان؛ ھەمیشە ئەوان براوەن لە ھەموو ئەو یاریانەی بە نرخی دراوەوە دەکرێت چونکە ھەر خۆیان چوارچێوەو رێسای گەمەکەیان داڕشتووە.

لە ئێستادا دۆخی ئابوری و دارایی عێراق وەھایە و پێنوێنیەکان ھیچ شتێکی نیگەرانکەرمان نیشان نادەن لەبارەی دابەزینی بەھای دینارەوە. ئەگەر ماوەیەکی تر گۆڕانکاریەکی تری وەک پەتای کۆرۆنا ھات و دۆخەکەی تێکدا، ئەو کات ھاوکێشە دارایی و ئابوریکانیش لە گەڵ خۆیدا دەگۆڕێت، رەنگە لە دژی یان ، لە بەرژەوەندی بەھای دینار، بەڵام لە ئێستادا ھیچ لە ئارادا نیە. قەیرانە ئابوریەکە بەرەو رەوینەوە دەڕوات، بەڵام بە خاوی، بەدڵنیاییەوە بانکی ناوەندی دەیەوێت و دەشتوانێت بەھای دینار لێرەدا رابگرێت. ئەمەش سیاسەتی فەرمی بانکەکەیە.

 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif