وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، قەدەغەی هاتوچۆ وەکو خۆی نامێنێت بەڵام دەبێت میکانزمێکی بۆ بدۆزرێتەوە هاوکات لەبارەی کردنەوەی دەرگای مزگەوتەکان ئەمڕۆ لە لیژنەی باڵای روبەڕبونەوەی کۆرۆنا بڕیاری پێویست دەدرێت.
رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لەمیانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لیژنەی باڵای روبەڕبونەوەی کۆرۆنا کۆدەبێتەوە بۆ ئەوەی گوێ لە راپۆرتی لیژنەی تەندروستی بگرین لەبارەی دۆخەکە، هەروەها بۆ گونجاندنی رێکارەکان لەگەڵ مانگی پیرۆزی رەمەزان، بەدڵنیایی رێکارەکان گۆڕانکاری بەسەردا دێت چونکە لە رەمەزاندا ژیان دەکەوێتە شەو، دەبێت رێکارەکان بگونجێن لەگەڵ کاتی بانگ و پارشێو، دەمانەوێت کەمترین بەرکەوتن هەبێت بەڵام لە هەمانکاندا هاوڵاتیان عیبادەتی خۆیان بکەن".
ئاماژەی بەوەشکرد، قەدەغەی هاتوچۆ وەکو خۆی نامێنێت، بەڵام دەبێت میکانزمێکی بۆ بدۆزرێتەوە، بەڵام چۆن دەبێت ئەمڕۆ لە لیژنەی باڵای روبەڕبونەوەی کۆرۆنا بڕیاری لەبارەوە دەدرێت، لەبارەی مزگەوتەکانیش لەگەڵ وەزارەتی ئەوقاف و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەمڕۆ ئەو پرسە بڕیاردەدەین، بەڵام بە دڵنیایی شێوازی خوداپەرستی لە مانگی رەمەزان لەبەرچاو دەگیرێت.
وەزیری ناوخۆ لەبارەی جێبەجێ نەکردنی بڕیارەکان لە سلێمانی باسی لەوەکرد، "بەداخەوە رۆژی یەکەم بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ لە سلێمانی جێبەجێ نەکرا، دواتر لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان قسەمان کرد و شەوانی دواتر وەکو هەمو شوێنێکی تر جێبەجێ کرا، خەڵکیش بەتەنگ تەندروستی خۆیەتی بەڵام حەقە ئیدارە زیاتر خەمی ئەو بابەتە بخوات".
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق