ئەمەریكا ئیسرائیل لە وردەكارییەكانی دانوستانی ناوكیی ئاگادار دەکاتەوە
ئەمەریكا هەر لە سەرەتاوە ئیسرائیلی لە وردەكارییەكانی دانوستانی ناوكیی ئاگادار كردووەتەوە. دانوستانەكان بە دووقۆڵی لە نێوان چوار كۆ یەك و ئەمەریكا لە لایەك و چوار كۆیەك و ئێران لە لایەكی تر درێژەیان هەیە.
جێن پیساكی گوتەبێژی كۆشكی سپی ئاشكرای كرد، سەردانی هەفتەی داهاتووی بەرپرسانی ئیسرائیلی بۆ ئەمەریكا، هیچ كاریگەرییەكی لەسەر رەوتی دانوستانەكانی ناوكیی نابێت.
ئەو ئاماژەی داوە كە ئیسرائیل بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ ئاگاداری هەموو وردەكارییەكانی دانوستانە، ئەمەریكا خۆیشی دەیزانی كە ئەو دانوستانانە بە دڵی هەموو كەسێك نابێت، بۆیەش هەموو لایەنەكان هان دەدەن هاوكاری دانوستانەكان بن.
پێویستە بگوترێ ئەمەریكا ئیسرائیلی بە هاوبەشی سەرەكی خۆی هەژمار كردووە، بۆیەش ئەو هاوبەشەی لە رەوتی دانوستانەكان ئاگادار كردووەتەوە و لە داهاتووشدا بەردەوام لە بەرەوپێشچوونەكان ئاگاداری دەكاتەوە.
بڕیارە هەریەك لە سەرۆكی دەزگای هەواڵگری مۆساد و سەرۆكی فەرماندەی گشتی ئەركانی سوپا و راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل، بچنە ئەمەریكا.
دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل لە میانەی ئەو سەردانەیدا بۆ ئەمەریكا، ئەو وڵاتە لە هەندێك زانیاری نوێ ئاگادار دەكاتەوە كە پێشتر ئەمەریكا لێی بێ ئاگا بووە .
هەندێك میدیای ئیسرائیلی گوتوویانە بەڵگەنامەكان هی ئەرشیڤی ناوكیی ئێرانن كە چوار ساڵ لەمەوبەر ئیسرائیل توانیبووی لە نزیك تاران دەستی پێیان بگات.
بەگوێرەی رادیۆ فەردا، ئەو گۆڕانكارییانە لەكاتێكدان كە رۆژی سێشەم قۆناغێكی تری دانوستانەكان كۆتایی پێ دێت، هەفتەی داهاتوو قۆناغی سێیەمی دانوستانەكان دەست پێ دەكات.
بەپێی ئەو زانیارییانەی كە بە دەستی وال ستریت جۆرناڵ گەیشتوون، بایدن ئامادەیی خۆی دەربڕیوە سزاكانی سەر بانكی ناوەندیی ئێران، كۆمپانیای نیشتمانیی نەوت و هێڵی كەشتیوانی و چەند كەرتێكی تری ئابووری، لەوانەش پۆڵا و ئەلەمنیۆم لابەرێت.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق