مەسرور بارزانی: داوای قەرەبوی ماددی و مەعنەوی لە حکومەتی عێراق دەکەین

ليست هناك تعليقات

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یادی (33) ساڵەی ئەنفالدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "لە کاتێکدا داوای قەرەبوی ماددی و مەعنەوی بۆ کەسوکاری قوربانییان و خەڵكی زیانمەندی ئەو شاڵاوە دڕندانەیە لە حكومەتی فیدراڵی عێراق دەکەین، هاوکات کار دەکرێت بۆ ئەوەی خزمەتێکی زیاتری کەسوکاری ئەنفالکراوان بکرێت و ژیانێکی شکۆمەندانەیان بۆ فەراهەم بکرێت".


دەقی پەیامی سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان:..

ئەمڕۆ سی وسێ ساڵ بەسەر شاڵاوەکانی ئەنفال تێدەپەڕێت، کە ڕژێمی لەناوچووی بەعس، بە ئامانجی جینۆسایدكردنی گەلی كوردستان، بە هەشت قۆناغ، هەزاران هاونیشتمانیی بێتاوانی بێسەروشوێن و زیندەبەچاڵ کرد، هەزاران گوند و شارەدێ و هەزاران مزگەوت و قوتابخانە و دەیان كڵێسای کوردستانی خاپووركرد ، ڕەز و باخ و كێڵگەی جووتیارانی سووتاند و كانیاوەكانی تەقاندەوە و بنەماکانی ژیانی لە ناوبرد. لەم یادە پڕ ناسۆرەدا، بە ڕێز و شکۆوە یادی شەهیدان و قوربانییانی ئەو کۆمەڵکوژییە دەکەینەوە.

حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە کاتێکدا داوای قەرەبووی ماددی و مەعنەوی بۆ كەسوكاری قوربانییان و خەڵكی زیانمەندی ئەو شاڵاوە دڕندانەیە لە حكومەتی فیدراڵی عێراق دەکات، هاوکات کار دەکات بۆ ئەوەی خزمەتێکی زیاتری کەسوکاری ئەنفالکراوان بکات و ژیانێکی شکۆمەندانەیان بۆ فەراهەم بکات .

هیوادارم ئەم یادە، بكەینە هاندەری پتەوكردنی یەكڕیزی نیشتمانیی و قووڵكردنەوەی گیانی تەبایی و برایەتی و پێكەوەژیانی ئاشتییانە لە نێوان هەموو گەلانی ناوچەكە.

سڵاو لە گیانی پاكی شەهیدان و قوربانییانی ئەنفال، کە یاد و یادەوەرییان، هەمیشە بە زیندوویی لە دڵ و دەروونمان دەمێنێتەوە.


مەسرور بارزانی

سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستا

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق