ئەمریکا لە نێوان ستراتیژی کۆن و نوێدا

ليست هناك تعليقات

پێویستە دوو ڕاستی گرنگ ھەیە باسی بکەین، تاکوو بتوانین گفتوگۆیەکی جدی لەسەر دۆخی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە سایەی دۆخی سیستەمی کەپیتالیزمی جیھان و ستراتیژییەتی نوێی نێودەوڵەتی بخەینەڕوو، کە ئێستا ئەمریکا سەرکردایەتی دەکات.

١.حەقیقەتی سیستەمی کەپیتالیزمی جیھانی و ستراتیژییەتی ئەمریکی کۆنە، لە نیوەی سەدەی ڕابووردوودا کە چەندین کێشەو بۆشایی گەورەی تێدابوو، بەتایبەتی بەرامبەر ووڵاتانی بلۆکی سۆشیالستی و بەلقان و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست. بۆیە پێویستی بەوە دەکرد جارێکی تر فۆڕمەلەی ئەو میکانیزمانە بکرێت بۆ جێبەجێ کردنی لە سەدەی نوێدا، بەتایبەتی ئەو ململانێیەی کە سیستەمی سەرمایەداری و لەگەڵ بلۆکی سۆشیالستی بەردەوام لە جەنگی ساردا بوون بۆ تێکشاندنی یەکتری.

٢.ڕاگەیاندنی ستراتیژییەتی نوێ ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٢ دا بەناوی بەرەنگاربوونەوەی چەکی کۆکوژی، لەگەڵ ووڵاتە بەھێزەکانی ئابووری وەک (چین، ڕووسیا و بەریتانیا) ھەندێ ووڵاتی تری وەک (ھندستان، پاکستان و کوریای جنوبی)، بەڵام ئەم بەرنامەیەی سەرۆکی ئەمریکا نەیتوانی ببێتە ئەلتەرناتیڤێکی سودبەخش بۆ ئاستەنگ و کێشەکانی سیستەمی کەپیتالیزمی سەرمایەداری کە ڕووبەڕووی بازاڕی ئازادی ئەمریکا ببوەوە، بەتایبەتی لەدوای بەھێزبوونی ژێرخانی ئابووری ێین و توانایی بەرھەمھێنانی چەکی تەکنەلۆژیای نوێ، کە کێبڕکی سیستەمی بەرگری و سەربازی ئەمریکای دەکرد.

٣. سەرۆکی ئەوکاتەی ئەمریکا ستراتیژی نوێی ڕاگەیاند، بەناوی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە جیھاندا. ئەو بەرنامە نوێیەی ئەمریکا چەندین ڕێساو نوڕمی نوێی لەگەڵ خۆیدا ھێنا، کە لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتییەکاندا یەکانگیر نەدەبوونەوە. بەتایبەتی ئەو پلان و نەخشانەی ئەمریکا کە کێشا بووی بۆ سوپەر پاوەری تاک جەمسەری زلھێزی لە دنیادا.

زیاتر پشت بەستن بە ھێزی سەربازی گەورە بۆ پاراستنی ئاشتی جیھانی لە جیاتی بەھێزکردنی یاسا نێو دەوڵەتیەکان، ھەوڵدان بۆ لاوازکردنی ئەو دەوڵەتانەی کە ئەندامی ھەمیشەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکانن.

لە واقیعدا دوای جەنگی ئەمریکا وعێراق لە سەردەمی (جۆرج بۆش)ی کوڕدا، لە تریمی دووھەمی سەرۆکایەتدا، بە ئاشکرا ئەو ستراتیژە نوێیەی باسکرد کە ئیتر ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست پێگەی یەکەمی ئابووری ئەمریکایە. ئەمەش مانای وایە گرنگی پێدانی ئەمریکا گۆڕاوە بەرامبەر ئەوروپا. ئەو ستراتیژەش ھەڵقوڵاوی ئەزموونی ئەمریکا بوو لە سەدەی ڕابردوودا، کە ئەوروپا نەکەوێتە دەست کۆمۆنیستەکان. ئێستا دەیەوێت بە ھەمان سیناریۆی کۆن دووبارەی ھەمان ستراتیژی خۆی بکاتەوە بەرامبەر بە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، لەژێر مەترسی تیرۆر و چەسپاندنی سەقامگیری ئاشتی بۆ جیھان دروستکردنی ھەیمەنەی سیاسەتی ئەمریکا لە ووڵاتانی خاوەن سامانی نەوتی بەتایبەتی کەنداو و بەشێک لە خوارووی ئەفەریقا .

ئایا ووڵاتانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی ووڵاتانی جیھانی ئیسلامی، تا چ ئەندازەیەک توانیویانە خۆیان ئاوێتەی ئەو ستراتیژە نوێیە ئەمریکا بکەن بەتایبەتی لەدوای ڕووداوی ١١ی سێبتێمبەر و شەڕی عێراق؟

ھەر دوو ڕووداوەکە سەرەتایەکی باش بوون بۆ بەرھەمھێنانی ڕەوتێکی نوێ، کە لە پێناو خۆگونجاندنی ئەو تەوژمە نوێیەی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دروست بێت. بەتایبەتی لای بەشێک لە ووڵاتە ئیسلامیەکان ھۆشیارییەکی نوێ پەیدا بوو، ئەو ھۆشیارییە پێی وابوو کە دەبێت ئیسلامیەکان و ووڵاتانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، ستراتیژیی خۆیان لەسەر خوێندنەوەی واقیعی سیاسی و پلان و ستراتیژیی نوێ ئەمریکا بگونجێنن، وە پێداویستیەکانی ئەو واقیعە بونیاد بنێنن، ھەروەھا خاڵە بەھێزو و لاوازەکانی خۆیان بەشێوەیەکی پراگماتی ببین‌و خۆیان لەو مەترسیانە بە دوور بگرن‌و بتوانن دیالۆگی کراوە لەگەڵ بازاری ئازاد و دژایەتی تیرۆر و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکادا لەبەرچاوبگرن‌و بگونجێنن.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif