تەندروستى هەرێم مەرجەکانى بۆ کردنەوەى قوتابخانەکان ئاشکراکرد

ليست هناك تعليقات


وەزارەتى تەندروستى حکومەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، "بەئەگەرێکى زۆرەوە" دەرگاى قوتابخانەکان دەکرێنەوە، بەڵام پێویستە وەزارەتى پەروەردە مەرجەکانى تەندروستى جێبەجێ بکات.

ئاسۆ حەوێزى وتەبێژى وەزارەتى تەندروستى ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند، پێشنیاز هەیە بۆ کردنەوەى دەرگاى قوتابخانەکان، بەشێوەى دوو رۆژ لە هەفتەیەکدا و بەتەناوب، بەڵام لیژنەى باڵاى روبەڕووبونەوەى کۆرۆنا بڕیارى کۆتایی لەسەر دەدات.

وتیشى "پێشنیازەکان رادەستى لیژنەى باڵاى روبەڕووبونەوەى کۆرۆنا دەکرێن کە لەم هەفتەیەدا کۆدەبێتەوە، بەئەگەرێکى زۆرەوە خوێندن دەکرێتەوە، بەڵام ئەوەش پەیوەستە بەوەى پەروەردە مەرجە تەندروستییەکان جێبەجێ بکات".

ئاسۆ حەوێزى رونیکردەوە، مەرجەکانیان ئەوەیە ژمارەى خوێندکاران لەهەر پۆلێکدا بۆ ١٥-٢٠ خوێندکار کەمبکرێتەوە، رێنماییە تەندروستییەکان و خۆپارێزى و بەستنى ماسک جێبەجێبکرێت.

لەکۆتایی شوباتى رابردووەوە و بەهۆى هەڵکشانى ئامارى کۆرۆناوە خوێندنى پۆلە ناکۆتاکان هەڵپەسێردراوە و بەشێوەى ئەلیکترۆنى خوێندن بەردەوامە، بەڵام سیستەمى ئەلیکترۆنى روبەڕووى ناڕەزایی بووەتەوە، ئەوەش پەروەردەى ناچارکردووە پێشنیازى کردنەوەى قوتابخانەکان ئامادە بکات.

بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی ئاشکرایکرد، وەزارەتی پەروەردە پێشنیارێکی نوێی ئاراستەی لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا کردووە بۆ شێوازی خوێندنی ناو پۆل، ڕاشیگەیاند، چاوەڕێ دەکرێت لەم هەفتەیەدا بڕیار لەسەر پێشنیازەکە بدرێت .

دڵشاد عومەر وتیشی "هاوشێوەی وەرزی یەکەم، داوامان لە وەزارەتی پەروەردە کردووە خوێندکارانی قۆناغە ناکۆتاییەکان بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانە دەست بکەنەوە بە خوێندنی ناوپۆل".

وتیشی، "پێشنیازەکە لەڕێگەی وەزیری پەروەردەوە ئاڕاستەی لیژنە باڵای ڕووبەرووبوونەوە کۆرۆنا کراوە کە خۆی دەبینێتەوە لەوەی کە خوێندکار و بەخێوکەرەکەی سەرپشک بن لە نێوان بەردەوامبوون لە خوێندنی ئەلیکترۆنی یان گەڕانەوە بۆ ناوپۆل، هەردوو بژاردەکەش ئارەزوو مەندانەیە زۆرە ملێی نییە".

بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی ئەوەشی وت، "دۆخی کۆرۆنا زۆر مەترسیدارە ئێمە ناتوانێن ریسک بەژیانی قوتابیان ومامۆستایانەوە بکەین، کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان ودەستکردنەوە بە پرۆسەی خوێندنی ناو پۆل ئەوا ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی تەندروستی یەکلایی دەکاتەوە".

دلشاد عومەر وتیشی، "چاوەڕێ دەکەین لەم هەفتەیەدا بڕیاردان لەسەر ئەو پێشنیازە یەکلایی بێتەوە".

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif