لە وادەی هەڵبژاردن و کۆنگرەدا زیاتر وریابن

ليست هناك تعليقات

عوسمان گوڵپی
-
هەموان دەزانین کە دۆخی سیاسەتکردن و حیزبایەتی دۆخێکی زۆر نائاسایی و شڵەژاوی وەرگرتوە، بەتایبەت لە هەرێمی کوردستان، سیاسەت و حیزبایەتی و تەنانەت دەوڵەتداریش ڕێڕەوە ڕاستەقینەکەی بەجۆرێک گۆڕاوە کە ئاستەمە بتوانین جوانیەکان و ناشیرینیەکان جیاکەینەوە گەر ورد نەبین

لێرەدا دەمەوێت ڕوو بکەمە هەموو ئەوانەی چالاکوانی مەدەنین یان مامۆستای ناڕازین و یان هەر ناونیشانێکیان هەیە بەڵام لە پێناو داهاتوویەکی باشتردا لە سەنگەری خەڵکدان و لە میدیا یان لە شەقام ڕۆڵی تاکێکی بەرگریکار دەبینن لە داخوازی خەڵك و خۆیان

بۆ ئەوەی دڵسۆزی و خەمخۆری و هەوڵەکانتان نەکەونە ژێر پرسیار و تواناکانتان نەچنە گیرفانی دەسەڵاتدارێك لە دژی دەسەڵاتدارێکیتر، یان نەچنە گیرفانی حیزبێك لە دژی حیزبێکیتر، پێویستە لە هەر هەڵوێست و کەمپەین و بانگەشەیەکدا زۆر وریایانە مامەڵە بکەن، چ لە خودی پرسەکە و چ لە وادەی پرسەکە، چونکە هەندێك جار تەواوی تواناو دلسۆزیت بەهۆی ورد نەبوونەوە و دیراسەنەکردنەوە دەچنە خزمەت کەسێك کە بۆ خۆی بەشێکە لەو ستەمەی لێت دەکرێت

زۆر گرنگە لە دوو کاتدا زۆر وردتر لە ڕابردوو بیربکەینەوە و بڕیار بدەین، چونکە لەو دوو کاتەدا حیزبەکان زیاتر لە هەرکات دژی یەك و شەخسەکان و باڵەکان جدیتر دەیانەوێ یەك بشکێنن، هەر بۆ ئەوەی تۆی چالاکوان نەبیتە بەشێك لەو ناشیرینیە نێوخۆییانەی حیزبەکان لەم دوو وادەیەدا وردتر لە ڕابردوو بڕیار بدەو با کەمپەین و چالاکیەکانت دیراسەکراوتربن، لانیکەم ئەم دوو وادەیە لەبەرچاو بگرە

یەکەم 
هەڵبژاردن: نزیكبوونەوە لە هەڵبژاردن دۆخی حیزبەکان لە ئاساییەوە بۆ نائاسایی دەگۆڕێت، ئەوان لە پێناو بەدەستهێنانی کورسیەکی زیاتردا تەواوی توانای خۆیان دەخەنە گەڕ بەرامبەر ڕکابەرەکانیان، هەموو کارتەکان بەکار دەهێنن، بۆیە
  باشترە تۆ نەبیتە یەكێک لەو کارتانە و نەبیتە بەشێك لە بانگەشە و کارتەکانیان بەرامبەر یەك، کەمێك خۆت دوور بگرە لە وروژاندنی پرسە هەستیارەکان کە دەچنە چوار چێوەی بانگەشەی یەکێك دژی یەکێکیتر

دووەم
کۆنگرەی حیزبەکان: حیزبەکان لە سەرووبەندی کۆنگرەدا ململانێی نێوخۆییەکانیان دەگەنە لوتکە، ململانێ شەخسی و باڵی و ئاراستەییەکان دەچنە قۆناغێکی توند بۆ ئەوەی هەر لایە و پێگەی خۆی بەهێزتر بکات و داهاتووی خۆی مسۆگەرتر بکات لە نێو حیزبەکەیدا، بۆ ئەمەش بەداخەوە یەکێك لە کارتەکانیان شکاندن و لێدانە لە یەکتر، زۆربەی کاتیش بەهێزەکان دەکەونە بەردەم ئەو هێرش و شکاندنانە، بۆ ئەمەش لە ترسی گەورە نەبوونی زیاتری کێشە نێوخۆییەکانیان و نەتەقینەوەی کێشەکان، پەنا دەبەنە بەر دەرەوەی خۆیان بۆ شکاندن بۆ ئەوەی بۆ خۆیان نەبنە بەشێك لەو هەڵمەتی لاوازکردنە، بۆیە باشترە تۆی چالاکوان وریاتربیت بەوەی کە نەبیتە بەشێك لەو کارتانە بە ناوی دژایەتی دەسەڵاتەوە یان هەر ناوێکیترەوە، نابێت ببیتە کارتێکی ناشیرین بۆ ململانێی ناشیرین

بۆ ئەوەی دڵسۆزی و سەربەخۆیی و ماندووبونت نەکەوێتە ژێر پرسیارەوە، چونکە بوونە کارتی فشاری هەر ئاراستەیەکی دەسەڵات و تێوە گلان لە هەر بانگەشە و کەمپەینێكی گوماناوی، تۆ دەبیتە قوربانی نەك بۆ داهاتوو بەڵکو بۆ ڕابردووشت تەواوی هەڵوێست و خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکانت دەکەونە ژێر پرسیارەوە و ئەمەش خزمەت بە خۆت و خەڵکیش ناکات

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif