لە میسر شارێکی مێژوویی 3000 ساڵە دەدۆزرێتەوە

ليست هناك تعليقات

شوێنەوارناسان بە دۆزینەوەی "گەورەترین" شاری دێرین لە میسر خۆشحاڵن و دەڵێن، دەستکەوتێکی گەورەیە. مێژووی شارەکە بۆ نزیکەی سێ هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە.

تیمێکی شوێنەوارناسانی میسر رایگەیاند، ژمارەیەک لە شوێنەوارناسان کە کارەکانیان لەژێر چاودێریی زاهی حەواس، شوێنەوارناسی بەنێوبانگ راپەڕاندووە، شارێکیان دۆزیوەتەوە کە ئەوان بە "شارە زێڕینە ونبووەکە" ناوی دەبەن.

تیمە شوێنەوارناسییەکە لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت، تەمەنی شارەکە نزیکەی 3 هەزار ساڵ دەبێت و بۆ سەردەمی ئامینهۆتێپی سێیەم دەگەڕێتەوە، بەڵام تاوەکو سەردەمی دەسەڵاتی تووت عانخ ئاموون و ئای ئاوەدان بووە.

ئامینهۆتێپی سێیەم لە ساڵی 1386ی پێش زایین تاوەکو 1349ی پێش زایین دەسەڵاتدار بووە؛ تووت عانخ ئاموون لە ساڵی 1334ی پێش زایین تاوەکو 1325ی پێش زایین و ئای لە ساڵی 1323ی پێش زایین تاوەکو 1319ی پێش زایین دەسەڵاتدار بوون.

تیمە شوێنەوارناسییەکە دەڵێت، ئەوەی دۆزراوەتەوە "دووەمین" شاری دێرینە کە تاوەکو ئێستا لە میسر دۆزرابێتەوە. بێستی براین، پڕۆفیسۆر لە شوێنەواری میسری لە زانکۆی "جۆن هۆپکینز"یش دەڵێت، ئەوەی دۆزراوەتەوە "دووەمین دۆزینەوەی شوێنەواریی گرنگە لە دوای دۆزینەوەی گۆڕی تووت عانخ ئاموون"ەوە.

تیمە شوێنەوارناسییەکە چەندین شتیان لە "شارە"کە دۆزیوەتەوە، لەوانەش هەندێک جۆری خشڵ، گوڵدانی رەنگاوڕەنگ، ژمارەیەک خشت کە چەندین هێمایان لەسەرە و ئاماژە بە سەردەمی تووت عانخ ئاموون دەکەن.

زاهی حەواس گوتی، "چەندین تیمی بیانی بەدوای ئەم شارەدا گەڕان، بەڵام نەیاندۆزیەوە".

تیمە میسرییەکە لە ئەیلوولی 2020دا و لەنێوان پەرستگەکانی رامسیسی سێیەم و ئامینهۆتێپی سێیەم بە دووری 500 کیلۆمەتر لە باشووری قاهیرەی پایتەختەوە دەستیان بە هەڵکۆڵین کرد و دوای چەند هەفتەیەک دۆزینەوەی هەندێک شت لە شارەکە دەستیپێکرد.


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif