-
نەورۆزی ئەمساڵ تەنها جەژنێک نەبوو بۆ ئاهەنگگێڕان، گەشت و ئاگرکردنەوە، بەڵکو بۆنەیەکیش بوو بۆئەوەی سیاسییەکان پەیامەکانی خۆیانی تێدا بڵاوبکەنەوە و هەندێکیشیان لەبارەی کێشەکانەوە بۆ خەڵكی بدوێن.
یەکێک لەو پیرۆزباییانەی كە بە بۆنەی سەری ساڵی كوردیەوە ئاراستەی هاوڵاتیان كرا، پەیامی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو، كە لە پەیامەكەیدا وتی "دوای نەورۆز هەموو لایەنەکان بانگهێشت دەکەم بۆ سەرۆکایەتی هەرێم و لەوێ بەیەکەوە لەبارەی کێشەکان گفتوگۆ دەکەین".
بارزانی لەماوەی رابردوودا و دوای دەستبەکاربوونی وەکو سەرۆکی هەرێم، سێ جار دەستپێشخەری ئەنجامدانی کۆبوونەوەی فراوانی لایەنەکانی کردووە و کۆبوونەوەکانیش لە بارەگای سەرۆکایەتی هەرێم بەڕێوەچوون، هاوکات کۆبوونەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانیی کوردستانیش لە بارەگاکەی ئەو دوای ماوەیەکی زۆر لە ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی ئەو دوو لایەنە ئەنجامدرا.
بانگهێشتی ئەمجارەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ لایەنە سیاسییەکان گرنگییەکی جیاوازی هەیە، دۆخی ئابووری هەرێم، پەیوەندی لایەنە سیاسییەکان، هەندێك ناکۆکی نێوان پارتی و یەکێتی، پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغدا و کێشە ئیقلیمییەکان ئەو پرسە گرنگانەن کە دەکرێت کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان لە سەرۆکایەتی هەرێم تاوتوێیان بکات و قسەی نوێ لەبارەیانەوە لە کۆبوونەوەکەدا بکرێت.
چی لێ سەوز دەبێت؟
چاوەڕوان دەکرێت کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لە دامەزراوەیەکی فەرمیی وەك سەرۆكایەتی هەرێم کە بەرزترین دەسەڵاتی جێبەجێکردنە، ئەنجامی باشی هەبێت، بەتایبەتی لە کاتێکدا کە هەر سیاسییەك دێتەگۆ داوای یەکدەنگی و یەکدەستی حزبەکان دەکات.
کۆبوونەوەکە دەکرێت ببێتە هەنگاوێکی تر بۆ یەکخستنی دەنگی لایەنە سیاسییەکان، بەتایبەتی لەکاتێکدا کە گفتوگۆکانی رێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا هەروا درێژە دەکێشن و لەگەڵیشیدا قەیرانی دارایی بەردەوامیی هەیە و ئەوەش هەندێک لایەنی سیاسیی نیگەران کردووە.
لایەنە سیاسییەکانی بەشدار لە حکومەتیش گلەییان کەم نییە، بەڵام وەکو دەردەکەوێت لەناو کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیراندا و لە کۆبوونەوەکانی پەرلەمانیشدا دەرفەت نەدراوە بەڕوونی گلەییەکان بخرێنەڕوو، بەڵام سەرۆکایەتی هەرێم دەکرێت ببێتە ئەو جێگایەی كە گرێ و گۆڵەكانی تێدا بكرێنەوە.
نێچیرڤان بارزانی بەوە ناسراوە کە؛ سیاسیەكی نەرم و چارەسەرخواز و دڵئاوایە لەگەڵ بەرامبەرەكاندا، ئەم سیفەتانەش وایکردووە نێچیرڤان بارزانی تەنانەت لەلای ئەوانەش پەسەند بێت کە پەیوەندیان لەگەڵ حزبەکەی ئەودا گەیشتووەتە مریشکەڕەشە.
ئەم تایبەتمەندییانەی بنێچیرڤان بارزانی وا دەکەن زوو لایەنەکان بەدەم بانگهێشت و داواکارییەکانییەوە بچن، ئەوەش کارەکە بۆ ئەو ئاسانتر دەکات و ئەو کارەی کە سەرکردەکانی تر بە دەیان رۆژ هەوڵی بۆ دەدەن و ناتوانن پێی بگەن، ئەو دەتوانێت بە پەیام، سەردان، کۆبوونەوە و هەندێک جار تەلەفۆنێک پێی بگات.
كێ بانگهێشت دەكرێت؟
زیاتر لە پێنج رۆژ بەسەر پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمدا تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا کات و شوێنی کۆبوونەوەکە دەستنیشان نەکراوە و هیچ سەرکردە و لایەنێکیش لەبارەی پەیامەکەوە هەڵوێستی نەبووە.
بەپێی ئەزموونی کۆبوونەوەکانی پێشوو بێت، زیاتر لە سێ رۆژ پێش کۆبوونەوەکە بانگهێشتنامەی فەرمیی دەگات بە لایەنە سیاسییەکان، لایەنە سیاسییەکانیش لەسەر ئاستی کەسی یەکەم یان دووەم، بەدەم بانگهێشتەکەوە دەچن.
زۆربەی كاتیش بۆ کۆبوونەوەکان تەنها ئەو لایەنانە بانگهێشت دەکرێن کە لە پەرلەماندا کورسییان هەیە، لەکاتێکدا کە زیاتر لە نیوەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان نەیانتوانیوە کورسی بەدەستبهێنن، ئەو پێوەرە تاڕادەیەك توانیویەتی بازنەی گلەی بچوك بكاتەوە و قورساییەك بداتە كۆبوونەوەكان، ئەگەرچی هێزە بچوكەكان گلەیی لە بەشدار نەبوونیان لەو كۆبوونەوانە دەكەن، بەڵام بانگهێشت كردنی هەموو ئەو هێزانەی كە مۆڵەتیان هەیە وا دەكات ئەو هێزانەی كاریگەریان هەیە ئامادە نەبن لەگەڵ ئەو هێزانەدا دابنیشن كە هیچ كاریگەریەكیان نیە و بوونەتە دووكانی سیاسی، ئەمەش كۆبوونەوەكان لە ئامانجەكان دوور دەخەنەوە
چاوەڕوانی کرانەوە یان کوێربوونەوەی گرێکانە
رێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا، گەورەترین گرێی سیاسییە کە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا نە بە دەست نە بە دان نەکراوەتەوە.
بڕیاڕ وایە یەکشەممەی داهاتوو، کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢١ی عێراق کۆببێتەوە، بە پەسەندکردنی یاساکە دەردەکەوێت کە پشکی هەرێم لە بودجەدا دڵخوازی لایەنە کوردییەکانە یان نا.
ئەگەر ئەوەبوو کە لایەنە کوردییەکان دەیانەوێت، ئەوا دەکرێت کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان لە سەرۆکایەتی هەرێم بۆ خواردنی شیرینی رێککەوتنەکە بێت، واتە دەبێتە ئاهەنگی کرانەوەی گرێکە، بەڵام ئەگەر بەپێچەوانەوە بێت و لە یاساکەدا گوێ بە داخوازییەکانی کورد نەدرێت، ئەوا کۆبوونەوەکە دەبێتە کۆبوونەوەیەکی سەخت و دەبێت تێیدا مشوورێک لە داهاتووی ئابووری هەرێمی کوردستان بخورێت
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق