بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی رایدەگەیەنێت، "یاداشتو ناڕەزایی خوێندكارانمان گەیاندە وەزیری پەروەردەو سێ لەداواكاریەكانیان جێبەجێكراوە".
دڵشاد عومەر بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا، رایگەیاند، "یاداشتو ناڕەزایی خوێندكارانمان گەیاندە وەزیری پەروەردەو سێ لەداواكاریەكانیان جێبەجێكراوە".
وتیشی:"یەكەمیان ئەوەبوو، پێشتر تاقیكردنەوەكان ڕۆژ نا ڕۆژێك بون ئێستا كەممان كردۆتەوە بۆ هەفتەی دوو تاقیكردنەوە، واتە لە25ی مانگ كە خولی یەكەم دەستپێدەكات لە 22ی 8 تەواو دەبێت، دیارە بەگوێرەی خشتەی پێشتر كە دانرابوو 12ی 8 تەواو دەبوو".
بەوتەی بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانییش، تاقیكردنەوەی كۆتایی وەرزی یەكەم كە 29ی 3یە كەمێك دوای بخەین بۆ ئەوەی مەنهەج باشتر بخوێندرێت و دەچینە مانگی ڕەمەزانیشەوە ئەویشمان دواخست بۆ 10ی 4ی 2021.
سێیەم داواكاریشیان كەمكردنەوەی پرۆگرامەكانی خوێندن بوو، بۆ ئەمەش "بڕیارماندا دوای كۆتاییهاتنی تاقیكردنەوەی وەرزی یەكەم لیژنەیەكی پسپۆڕ لەئێمە وەكو بەڕێوەبەرە گشتیەكانو بەوەرگرتنی بۆچونی سەرپەرشتیارانو مامۆستایانی پسپۆڕی وانەكان، لەسەرەتای وەرزی دوەمدا بڕیاردەدەین لەبارەی ئەو بابەتانەی بۆ تاقیكردنەوەكان داخڵدەبن".
سەبارەت بەداواكاری چوارەمی خوێندكارانیش مامۆستا دڵشاد عومەر وتی:"بەداخەوە ئەوەی كە ناتوانین ئەوەیە كە خوێندكارو قوتابی ماوەی 40 ڕۆژ لەماڵەوە بێت، چونكە خوێندنیان زۆر دوادەكەوێت".
پەیامێكیشی ئاراستەی مامۆستایان كرد، كە پەلە لەمەنهەجو خوێندكاران نەكەنو گوێیان لێبگرن، "لەهەموو ناڕەزاییەكانو داواكاریەكانی مامۆستایان تێدەگەینو لەخەمی مامۆستایانیش بۆ پرۆسەكە تێدەگەین، بەڵام هەماهەنگی زیاتر لەگەڵ خوێندكاران بكەن".
سەبارەت بەشاردنەوەی حاڵەتەكانی كۆرۆناش لەلایەن مامۆستایانەوە هۆشداریداو وتی:"نابێت هیچ مامۆستایەك كە توشی كۆرۆنا بوو بیشارێتەوەو بچێتە هۆڵەكانی خوێندن، چونكە بەڕاستی ئەمە وڵات وێران دەكاتو ژیانی خەڵكانی دیكەش دەخاتە مەترسیەوە".
لەبارەی كۆنی كتێبو هەڵەكانی پرۆگرامی ئەمساڵیشەوە، مامۆستا دڵشاد ئاشكرایكرد، "ساڵی داهاتوو گۆڕانكاری لەپڕۆگرامەكاندا دەكرێتو كتێبی تازە بەسەر خوێندكاراندا دابەشدەكرێت، چونكە هەڵەی زەق لەپڕۆگرامەكانی خوێندن هەبوو نەماندەتوانی چاكیان بكەینەوەو ڕاستیان بكەینەوە، بۆیە گۆڕانكاریی دەكرێت ساڵی داهاتوو".
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق