شەش ژن حاکمی نیویۆرک بە گێچەڵی سێکسی تۆمەتبار دەکەن

ليست هناك تعليقات




تاوەکو دێت کێشەی دەستدرێژی و گێچەڵی سێکسی ئاندرۆ کۆمۆ، حاکمی نیویۆرک گەورەتر دەبێت و بەرپرس و ئەندامانی دیکەی زیاتری کۆنگرێس داوا دەکەن کۆمۆ دەست لەکاربکێشێتەوە، لە نێو خەڵک و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ناڕەزایەتیی تووند بەرامبەر کۆمۆ هەیە.

کێڵی جەین تۆڕانس، سەرنووسەری رۆژنامەی نیویۆرک پۆست کە بۆ یەکەم جار ئاشکرای کرد کۆمۆ تۆمەتبارە دەڵێت، "ژمارەی ئەو ژنانەی حاکمی نیویۆرک تۆمەتبار دەکەن بە گێچەڵی سێکسی گەیشتووەتە شەش کەس، ئەوەش دەری دەخات تۆمەتەکان راستن". هەروەها دەشڵێت: کۆمۆ خۆیشی داوایی لێبوردنی کرد لەسەر ئەو پرسە، بەڵام ئەوە بەس نییە، لە نێوخۆی ئەمریکا بزووتنەوەیەک هەیە بە هاشتاگێک هەیە کە دژی ئەو کەسانە دەوەستێتەوە پۆست و پلەکانیان بۆ کاری خراپ دەقۆزنەوە.

کۆمۆ بەرپرسە و دەسەڵاتی بەسەر ویلایەتێک هەیە کە ئابوورییەکەی لە رووسیا و کەنەداش گەورەترە. بەوە تۆمەتباردەکرێت کە بە شێوەیەکی نەشیاو باوەشی داوە و دەستی داوە لە ژمارەیەک لەو فەرمانبەرە ئافرەتانەی کە لە ئۆفیسەکەی کاردەکەن.

لەبەر ئەوە بە دەسەڵاترین حاکمی ویلایەتێکی ئەمریکا ناچارە داوای لێبووردن بکات و بڵێت: "ئێستا تێدەگەم کە من بەشێوەیەک رەفتارم کردووە کە خەڵکم نارەحەت کردووە. مەبەستم ئەوە نەبووە و بە راستی و لە دڵەوە داوای لێبووردن دەکەم... هەستێکی زۆر ناخۆشم هەیە لەو بارەیەوە، بەڕاستی هەست بە شەرمەزاری دەکەم، ئەوە ئاسان نییە بۆم بیڵێم".

لە ئەمریکا بەرامبەر رەفتارێکی لەو جۆرە داوای لێبووردن کردن و قسە بەس نییە. بەتایبەتی لە سێ ساڵی رابردوو بزووتنەوەیەک دروستبووە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەناوی "می توو" واتا "منیش". کاتێک کەسێکی دەسەڵاتدار وەکو حاکمی ویلایەتی نیویۆرک بە دەستدرێژیی سێکسی تۆمەتباردەکرێت، ملیۆنەها کەس لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەو هاشتاگە بەردەوام دەبن لە پۆست کردن و گەرمکردنی رای گشتی دژی ئەو کەسایەتییە، تاوەکو ناچاری دەکەن کە لە دەسەڵات دووربخرێتەوە.

لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا سەدان کەسایەتیی بەدەسەڵات و بەنێوبانگ لە ئەمریکا ئاوا لە کارەکانیان ناچارکراون لاببرێن دوای ئەوەی بە پێشێلکاری دژی ئافرەتان تۆمەتبارکراون.

بزووتنەوەی "می توو" لە ئەمریکا تەنها دژایەتیی ئەو پیاوانە ناکات کە تاوانی سێکسی و دەستدرێژییان کردووە. بەڵکو چالاکڤانانی دیاریی ئەم بزووتنەوەیە دەڵێن: "ئێمە دژایەتیی هەر تاک و نەریتێک دەکەین کە ئافرەت تەنها وەکو ئامرازێکی سێکسکردن ببینێت".

ئەو بزووتنەوەیە دژایەتیی ئەو تاک و کۆمەڵگەیانەش دەکات کە کۆنسێرڤەتیڤن و دەڵێن: "پێویستە رووخساری ئافرەت بشارێتەوە بۆ ئەوەی هەستی سێکسی لای پیاوان نەجوڵێنێت". پەیامی بزووتنەوەکە ئەوەیە کە "ئافرەت تەنها ئامراز نییە بۆ سێکس و وەکو چۆن رووخساری پیاوان نابینرێت وەکو بزوێنەری هەستی سێکسییە پێویستە بەهەمان شێوەش تەماشای ئافرەت بکرێت". لە کۆتاییدا ئەوان دەڵێن "ئافرەت مرۆڤە و پێویستە بەو چاوە لە هەموو کۆمەڵگەکانی جیهان تەماشا بکرێن".

بەشێکی زۆری دانیشتووانی نیویۆرک باوەڕیان بە تۆمەتەکان هەیە و تەنانەت ئەندامانی پارتەکەی حاکمی ویلایەتی نیویۆرک داوای لێدەکەن کە دەست لەکار بکێشێتەوە.

سەرنووسەری رۆژنامەی نیویۆرک پۆست دەڵێت: "من باوەڕم بە تۆمەتاکان هەیە، چونکە ژمارەی ئەو کەسانەی کە حاکمی ویلایەت تۆمەتبار دەکەن گەشتووەتە شەش ئافرەت کە پێنجیان کاریان بۆ کردووە. وتەیەکی بەناوبانگ هەیە کە دەڵێت کاتێک دووکەڵ هەبوو، ئاگر هەیە"، هەروەها دەشڵێت: "کاتێک ئەو ژمارە زۆرەی خەڵکە باسی هەمان تۆمەت دەکەن، من لەو باوەڕەم شتێک لە پشتییەوە هەیە. و هەروەها حاکمی ویلایەت کۆمۆ ناوبانگی ئەوەی هەیە کە شەڕانییە و هەموو شتێک دەکات بۆ گەشتن بەوەی کە دەیەوێت".

داواکاری گشتی نیویۆرک و پۆلیس دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە لەبارەی ئەو تۆمەتانە، بەڵام زۆربەی سەرکردەکانی ئەنجوومەنی پیران و نوێنەرانی نیویۆرک دەڵێن "باوەڕ بە قسەی ئەو ئافرەتانە دەکەین و چاوەڕێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان ناکەین و پێویستە ئاندرۆ کۆمۆ دەست لەکار بکێشێتەوە".

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif