ئەندامێكی لیژنەى دارایى‌ پەرلەمان: داهاتی كوردستان لە دابینکردنی‌ مووچە تێپەڕی کردووە

ليست هناك تعليقات



 عومەر گوڵپی‌، ئەندامی‌ لیژنەی‌ دارایی‌ لە پەرلەمانی‌ کوردستان ڕایگەیاند:" بەهۆی‌ زیادبوونی‌ داهات لە نەوت‌و باج‌و گومرگەوە، داهاتی‌ کوردستان بە ڕێژەیەک زیادبووە کە دەبوو حکومەت مووچە بەبێ لێبڕین دابەش بکات".

لەبارەی‌ داهات‌و خەرجییەکانی‌ هەرێمی‌ کوردستانەوە، ئەو پەرلەمانتارە ڕوونیکردەوە کە:" بۆ مووچەو خەرجی‌‌و خزمەتگوزاری‌، هەرێمی‌ کوردستان پێویستی‌ بە نزیکەی یەک ترلیۆن دینارە بۆ مانگێک کە بۆ ساڵەکە دەکاتە دوانزە ترلیۆن دینار، بەهۆی‌ بەرزبوونەوەی‌ نرخی‌ نەوت‌و زیادبوونی‌ داهات لە باج‌و ڕسوماتیشەوە لە سێ مانگی‌ سەرەتای‌ ئەمساڵەوە، داهاتی‌ کوردستان ئەو بڕەیەی‌ تێپەڕاندووە، بەم پێیە دەبوو حکومەت مووچەی‌ بەبێ لیبڕین دابەش بکردایە".

سەبارەت بە هەدەردانیش وتی‌:" هەرێمی‌ کوردستان هەرێمێکی‌ دەوڵەمەندە، بەڵام کێشەی‌ کوردستان ئەوەیە کە سیاسیە دەسەڵاتدارەکان لە هەمان کاتدا بازرگانن یان شەریکی‌ بازرگانەکانن، ئەمەش بووەتە هۆی‌ ئەوەی‌ هەردوو هێزی‌ دەسەڵات بەردەوام دەستیان لە داهاتی‌ کوردستاندا بێت‌و هەمووی‌ نەگەڕێتەوە خەزێنەی‌ گشتی‌، دواجا هاووڵاتی‌ باجی‌ ئەم قاچاخچێتی‌‌و کۆمپانیاکاری‌‌و بازرگانییەی‌ سیاسیەکان دەدات".

لەبارەی‌ نەبوونی‌ یاسای‌ بودجەوە، عومەر گوڵپی‌ وتی‌ :" نەناردنی‌ یاسای‌ بودجەو نەبوونی‌ یاسای‌ بودجە لەماوەی‌ حەوت ساڵی‌ ڕابردوودا بۆ شاردنەوەی‌ داهاتی‌ ڕاستەقینەی‌ کوردستان‌و بەردەمیدان بووە بەو ناشەفافییەتەی‌ کە بووەتە هۆی‌ بڕینی‌ مووچەی‌ مووچەخۆران‌و خراپکردنی‌ دۆخی‌ ئابوری‌‌و وەستانی‌ پڕۆژەکان".

سەبارەت بە فشارو ڕۆڵی‌ پەرلەمانتارانیش وتی‌:" ئێمەی‌ پەرلەمانتارانی‌ ئۆپۆزسیۆن‌و ناڕازی‌ لە پەرلەمانی‌ کوردستان هەموو هەوڵێکی‌ خۆمان دەدەین بۆ فشارکردن لە حکومەت‌و ناچارکردنی‌ بە پابەندی‌ یاساو ئاشکراکردنی‌ داهاتی‌ ڕاستەقینەی‌ وڵات، بەڵام فشارەکانمان تا ئێستا نەیانتوانیوە حکومەت ڕاگرێت لە بەردەوانی‌ ئەم دۆخە، چونکە زۆرینەی‌ پەرلەمانی‌ بووەتە بەرگریکار لەم کابینەیە".

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق