بۆ لە ئێستادا پاپاى ڤاتیکان سەردانى عێراقى کرد؟

ليست هناك تعليقات


لوقمان حاجى قادر
-
پاپاى ڤاتیکان پێگەیەکى سیاسى و ئایینى گرنگى هەیە لە جیهاندا، بۆیە میدیاکان و چاودێران بە گرنگییەوە چاودێرى جوڵەکانى دەکەن، میدیاکانى ئیتاڵیا هەڵبژاردنى پاپایان بە شۆرشێکى مێژووى کڵێسا لە قەڵەمداوە، سەردانیکردنى عێراقیش بۆ دەبێتە شۆڕشێکى دیكە، سەردانەكە لەم کاتەدا کۆمەڵێک پەیام و هۆکارى گرنگی لە پشتن، چونکە عێراق وەک هەموومان دەزانین لەسەر لێوارى داڕمانى گەورەدایە و ئەگەرى مەترسیدارى لە بەردەمە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا هەلی گەورەى بۆ هاتۆتە پێش تا خۆى لەو ئەگەرە مەترسیدارانە بپارێزێت.

لە ڕۆژى دەستبەکاربوونى دکتۆر بەرهەم ساڵح وەک سەرۆک کۆمار گوتەیەکى دیار و گرنگى هەیە کە لە زۆربەى بۆنە دیارەکاندا دەیڵێتەوە؛ ئەویش ئەوەیە کە عێراق لەباتى ئەوەى بكرێتە جێگاى ململانێى هەرێمایەتى و جیهانى دەتوانرێ بکرێتە ناوەندێک بۆ دیالۆگى ئاشتى و تەبایی، دەستپێكی هەنگاوەكانیشی بەو ئاراستەیە بوو، لەسەردانەکانى سەرەتاى دەستبەکاربوونیدا ئەم نیەت و نیازەی بە روون و ئاشكرایی دەرکەوت کە لە ماوەیەکى کورتدا سەردانى سعودیە و ئێران و ڤاتیکان و تورکیاى کرد، ئەوەش وەک نیشاندانى نیازپاکى عێراق بوو لە بەرامبەر ئەم جەمسەربەندییە ناکۆکانەدا. 

سەرۆک کۆمار بۆ پاڵپشتى تێزى دوورخستنەوەى عێراق لەوەی بكرێتە گۆڕەپانى چەنگ و ململانێكان، پێویستى بە پشتیوانى و هاوکارى هەمەلایەنەى عێراقییەکان و هێزە دەرەکییەکان هەبوو، لەسەردانى بۆ ڤاتیکان هەروەك "جیسۆن هۆرویتز" ی بەرپرسی ڕۆژنامەی نیویۆڕك تایمز لە ڕۆما لە وتارێكیدا لە 5 ی ماڕسی 2021 باسی لێ دەكات، بانگهێشتی پایای كردبوو بۆ سەردانی عێراق، هەروەها داواى پاڵپشتى ڤاتیکان و پاپاى کردبوو بۆ عێراق، پاپا بەڵێنى پێدابوو کە هاوکار دەبێت و پشتگیرى دەکات، واتە سەردانەکەى پاپا بەشێک لەو بەڵێنە بوو کە پێشتر بە سەرۆک کۆمارى عێراقى دابوو. 

دواى خۆپیشاندانەکانى پار ساڵى بەغدا و شارەکانى دیكەی خوارووى ئەو وڵاتە کە زیاتر ناڕەزاییەتى جەماوەرى شیعە بوو لە خراپ بەڕێوەبردن و نەبوونى خزمەتگوزارى، بەشێك لە داواكارییەكانیان هاتنەدی و توانیان سەرۆک وەزیران و چەند بەرپرسێکى دیکە بگۆڕن، بەڵام لەمپەرەكانی بەردەم گۆڕانکارى و چاکسازى ڕیشەیی لەوە بەهێزتر بوون بە گۆڕینى سەرۆک وەزیران عێراق پێ بنێتە قۆناغێکى نوێوە و دووریش بێت لە ململانێی هەرێمایەتییەكان. 

هاتنى پاپا وەک دوایین هەلی بەر لە وادەى هەڵبژاردنەکان، پەیامێکە وەک دوایین دەرفەت کە ئاراستەى نێودەوڵەتى پشتیوانى عێراقە بۆ ئەوەى ئەم وڵاتە بە پێگە و سەنگى خۆیەوە بگەڕێتەوە نێو بازنەى نێو دەوڵەتى، ئەمەش وەک پشتیوانییەک بۆ تێزەکەى سەرۆک کۆمار کە عێراق لەباتى ئەوەى ناوەندى ململانێى یەکلاکردنەوەى کێشە هەرێمایەتییەکان بێت، بە پێچەوانەوە ببێـتە پردێک بۆ بەیەکگەیشتن و تێگەیشتنى لایەنە ناکۆکەکان، بەدیوێکى دیكەدا دەتوانێن بڵێین سەردانەکەى پاپا هاندە رو پاڵنەرێکى بەهێزە بۆ خاوکردنەوەى بارگرژییەکان و لێکنزیک بونەوەى لایەنە ناکۆکەکان و دوورخستنەوەى تارمایى شەڕى تایفى و ئایینە لە عێراقدا، وە سەردانیکردنى بۆ هەرێمى کوردستان مانا و دەلالەتى سیاسى گرنگى خۆیى هەیە، لەوەی هەرێم لەو پڕۆسەیە بەشدار بێت و ڕۆڵى هەبێت لەو تێڕوانینەى پێشترى سەرۆک کۆمارگەڵاڵەی كردووە. 

دیارە لە سەردانەکەى پاپادا، جگە لە پیاوانى ئایینى مەسیحى و خەڵکى ئاوارەى مەسیحى و شوێنە پیرۆزەکانیان، سەردانى مەرجەعى باڵاى شیعەشى کرد، ئەوەش پەیامێک بوو بۆ مەرجەعیەتی شێعەكان كە رۆڵى دیار و گەورەى خۆى ببینێت لە دروست کردنى ئاشتى کۆمەڵایەتى و گوشار خستنە سەر ئەو هێزانەى بەناوى شیعەوە بونەتە بەشێک لە لەمپەر لەبەردەم چاکسازى و گەڕانەوەى عێراق بۆ نێو ناوەندى نێودەوڵەتى.


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق