10 ڕۆژ مانەوە لە هەڵەبجە

ليست هناك تعليقات


نزیکەی ساڵێک پێش ئێستا بوو، بەیانییەکی سارد، بەڵام دڵگیر، لە سلێمانییەوە بەرەو هەڵەبجە بەڕێکەوتم، زۆر جاری تر چوومەتە هەڵەبجە، چوونکە بەشێک لە کەسوکارم لەو شارەیە، بەڵام سەردانی ئەم جارە جیاواز بوو.

دەبوو ١٠ رۆژ لەوێ بمێنمەوە و توێژینەوەیەکی ورد ئەنجام بدەم لەبارەی بازاڕ، هەلی کارەکان، دەرفەتەکانی بازرگانیی ، پیشەسازی و ئەو پرۆژانەی کە لەو پارێزگایە شیاوە کاریان لەسەر بکرێت، بەڵام ئەوەی من بینیم تووشی شۆکی کردم، شارێک بەو هەموو قوربانی و بەو مێژووە قوڵەوە چۆن ئاوا برینە گەورەکانی بەبێ تیمارکردن ماونەتەوە و چۆن خەم، بێکاری، هەژاری و نائومێدی دەستیان ناوەتە قورگی ژیان.

بەگشتی پێدەچوو شۆکی دوای جینۆسایدەکە، بەرۆکی هەڵەبجەییەکانی بەرنەدابێت، پێدەچوو هێشتا بۆنی ساختەی سێو، لە سییەکانی خەڵکی ئەو شارەدا مابێت و هیچ بۆنێکی تر بە تەواوەتی نەکەن.

کاتم دانابوو لەگەڵ سەرمایەدارێکی شارەکەدا دیدارمان هەبێت، من گەیشتمە شوێنەکەی، بەڵام ئەو هێشتا نەهاتبوو، دوای چەند خولەکێک کە گەیشت وتی “ببورە لە رێگە درەنگ کەوتم هەموو رۆژێک دەبێت لە سلێمانییەوە بێمە هەڵەبجە” ئاخر هەڵەبجە وایە، نە سەرمایەدارەکانی، نە بەرپرسەکانی، نە هونەرمەندەکانی شەوان لەوێ ناژین، بەپێچەوانەی ئەوانیشەوە هەندێک لە “بەخشراوەکان”ی هەڵەبجە لەگەڵ هەڵهاتنی خۆر خۆیان دەگەیەننە سلێمانی لەگەڵ ئاوابووندا دەگەڕێنەوە شارەکەی عادیلە خان.

لەو بەدواداچوونەی کە بۆ توێژینەوەکە کردم، بە چەند کەسێک ئاشنا بوو، گەنجێک کە پەیمانگەی تەواوکردبوو، لە فرۆشگایەک کاری دەکرد، رۆژی هەشت کاتژمێر و هەفتەی شەش رۆژ، کرێی مانگانەی کارەکەشی تەنها ١٣٠ هەزار دینار بوو، یەکێکی تر لەو گەنجانەی کە ناسیم، هاوپیشەم بوو، لە دەزگایەکی راگەیاندن وەکو کامێرامان کاری دەکرد، ماوەیەک بوو هەڵەبجەی بەجێهیشتبوو، وتی “لە هەڵەبجە کارم دەکرد مانگی ٢٠٠ هەزارم وەردەگرت، زۆر هەوڵیشم دابوو تا ئەو کارەم دەستکەوتبوو” بەڵام دوایی کە زانیم ئەو پارەیە بەشم ناکات چوومە سلێمانی ئێستا مانگی ٧٠٠ هەزار وەردەگرم”.

بەگشتی دۆخی شارەکە بۆ هیچ یەک لە توێژەکانی لەبار نییە، بەڵام قورسترە بۆ ئەو گەنجانەی لە سەرەتای ژیاندان و دەیانەوێت داهاتوویان بنیاد بنێن، لەوێ تەنانەت هۆتێل، کافتریا، رێستۆرانت و هۆڵێکی گونجاویش نییە کە میوانێک رووی تێبکات، شەقامی سەرەکی شارەکە کە پێیدا دەچیتە ناو بازاڕەکەی تەنها یەک ئۆتۆمبێل دەتوانێت پێیدا بڕوات و ئەگەر ببن بە دوان دەبێت یەکێکیان بوەستێت تا ئەوی دی دەردەچێت.

چەند کارگەیەکی بچووک لە دەوروبەری شارەکە هەن، قسەم لەگەڵ سەرجەمیاندا کرد، ئەوان رێگرییەکانی حکومەت و نەبوونی بازاڕ بۆ کاڵاکانیان بێزاری کردبوون، بەو هۆیەوە بەشێکیان داخرابوون، بەڵام چەند دانەیەک لەوانە، وەکو ئاڵەنگارییەک بۆ دۆخی شارەکە بەپێوە مابوون و تاک و تەرا کاریان دەکرد.

ئەو توێژینەوەیەی من ئەنجاممدا دەریخست کە ئاستی بەرزی کرێی مانگانە لە کەرتی تایبەت لە شارەکەدا “کە بە ئەستەم دەستدەکەوێت” ٤٠٠ هەزارە و ئاستە نزمەکەشی ١٠٠ هەزار، کە ئەمە لە هیچ شوێنێکی ئەم هەرێمەشدا وا نییە.

لەگەڵ یەکێک لە “موختار”ی گەڕەکێکی هەڵەبجەش قسەم کرد، دەیوت رۆژ نییە لە گەرەکەکەیدا ماڵێک یان دوان و سیان، بارگەیان بەرەو سلێمانی نەپێچنەوە، بەڵام بە ئەستەم دەبینیت لە سلێمانییەوە ماڵێک بگەڕێتەوە هەڵەبجە، ئەوانەشی دەگەڕێنەوە ئەوانەن کە پێشتر هەڵەبجەیان جێهێشتووە و لە سلێمانیش بە ئاواتی خۆیان نەگەیشتوون.

دوای چەند رۆژێک مانەوەم لە هەڵەبجە، حەزم دەکرد زوو کارەکەم تەواو بکەم، ئەوەندە نارەحەتی، خەم، ئازار، نەبوونی و هەژاریم بینی کە چیدی نەمدەتوانی بینەری ئەو هەموو ستەمە ببم، لە خۆمم دەپرسی باشە ئاوا قەرەبووی ئازاری شارێکی خنکاو دەکرێتەوە؟

لە هەڵەبجە زۆر شتی ترم بینی، ١٠ رۆژ مانەوە لە هەڵەبجە ئەو پرسیارەت لەلا دەوروژێنێت کە مرۆڤ چۆن دەتوانێت لە شارێکدا بژی بەبێ ئەوەی هیچ هیوایەکی هەبێت بۆ بەدیهاتنی بچوکترین ئاواتەکانی؟ کام ئاوات؟ دەستکەوتنی کارێکی ٢٠٠ هەزاری؟ دامەزراندنی بازرگانییەکی بچووک بەبێ بازاڕ؟ یان خەونی بەجێهێشتنی شارەکە بەرەو سلێمانی؟

نووسین: بەڵێن عێزەت میکە

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif