ئەردۆغان کارنامەی تایبەت بە مافی مرۆڤ لە تورکیا رادەگەیێنێت

ليست هناك تعليقات


سەرۆککۆماری تورکیا لە رێوڕەسمێکدا، کە بە ئامادەبوونی سەرۆکی گشتیی پارتە سیاسییەکان بەڕێوەدەچێت, کارنامەی تایبەت بە مافی مرۆڤ لە تورکیا رادەگەیێنێت.

ئەو کارنامەیە لەلایەن وەزارتی دادی تورکیا بە دروشمی "تاکی ئازاد، کۆمەڵگای بەهێز و تورکیایەکی دیموکراتتر" ئامادەکراوە و ئەمڕۆ سێشەممە 2ی ئاداری 2021 لە رێوڕەسمێکدا لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان, سەرۆککۆماری تورکیا بە فەرمی رادەگەیێنرێت.

رێوڕەسمەکە کاژێر 13:30 خولەک لە ناوەندی کولتوور و کۆنگرەی گەل لە کۆشکی کۆماری بێشتەپە لە ئەنقەرە بەڕێوەدەچێت. سەرۆکی گشتیی پارتە سیاسییەکانی تورکیا بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمەکە بانگهێشتکراون.

بێجگە لە سەرۆکی پارتە سیاسییەکان، مستەفا شەنتۆپ، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، نوێنەرانی گرووپە ئاینییە ناموسوڵمانەکان، باڵیۆزی وڵاتان، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتیی ئەوروپا، کۆنسەی ئەوروپا، دادگای مافی مرۆڤی ئەور‌وپا، هەروەها سەرۆکی رێکخراوە مەدەنییەکان، سەرۆکی زانکۆ و راگری کۆلێژەکان، ئەکادیمیست، یاساناس و رۆژنامەڤانان بەشداری لە رێوڕەسمەکەدا دەکەن.

بەگوێرەی ئاژانسی فەرمی تورکیا ئەو کارنامەیە کە لەچوارچێوەی ئامادەکارییەکانی 100 ساڵەی دامەزراندنی کۆماری تورکیا دارێژراوە، دەبێتە بەڵگەنامەی سیاسەتی سەرەکی تورکیا، ئامانجی سەرەکی ئەو کارنامەیە ئامادەکردنی دەستوورێکی نوێ و سڤیلە بۆ تورکیا. لەو چوارچێوەیەدا رۆژی 2ی ئادار بە سەرەتای کارکردن بۆ دەستووری نوێی تورکیا خوێندنەوەی بۆ دەکرێ.

کارنامەی تایبەت بە مافی مرۆڤ، بە پشتبەستن بە ستراتیژی ریفۆرمی داد کە لە ساڵی 2019 لەلایەن سەرۆککۆماری تورکیا راگەیێنرا، هەروەها بە بنەماگرتنی 11یەمین پلانی گەشەپێدان، ئامادەکراوە.

کارنامەکە بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ستاندارتەکانی مافی مرۆڤ 9 ئامانج و 11 پەرەنسیپی سەرەکی لەخۆ گرتووە.

11 پەرەنسیپە سەرەکییەکانی کارنامەکە بریتین لە:

یەکەم: مرۆڤ لە رۆژی لەدایکبوونییەوە بەو مافانەوە دەژی کە دەستلێبەرنەدراون. ئامانج و ئەرکی سەرەکیی دەوڵەت پاراستن و پێشخستنی ئەو مافانەیە.

دووەم: شەرەفی مرۆڤ وەک گەوهەری سەرجەم مافەکانی لەلایەن یاساوە پارێزراوە.

سێیەم: مرۆڤەکان بەبێ جیاوازیی زمان، نەژاد، رەنگ، بۆچوونی سیاسی، ئایین و مەزهەب لە بەردەم یاسا یەکسانن.

چوارەم: پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری کەرتی گشتی بۆ هەموو کەسێک بەیەکسانی، بێلایەن و راستگۆیانە، تایبەتمەندی سەرەکی سەرجەم چالاکییەکانی بەڕێوەبردنن.

پێنجەم: یاساکان بە جۆرێک روونن کە رێگە بە دوو دڵی نادەن، ئاشکران و کراوەن بۆ تێگەیشتن، دەسەڵاتەکانی کەرتی گشتیی بەبێ سازشکردن لەسەر پرەنسیپەکانی ئاسایشی یاسا ئەم بنەمایانە جێبەجێ دەکەن.

شەشەم: بەهیچ شێوەیەک دەستکاری ئازادیی پەیماننامە، بنەماکانی ئاسایشی یاسا و پاراستنی مافە دەستکەوتووەکان ناکرێت.

حەوتەم: دەوڵەت، لە چوارچێوەی بنەماکانی دەوڵەتی کۆمەڵایەتی و بە پشتبەستن بە یاساکانی رکابەریی بازاڕی ئازاد ، دەستپێشخەری و ئازادی کارکردن دەپارێزێ و پێشیان دەخات.

هەشتەم: ئەدای کارگێڕی و دادوەری، پێشبینەکانی بێ تاوانی، پاراستنی پرەنسیپ و مافی لەکەدارنەکردن و بەرپرسیارێتی سزادانی کەسی رەچاو دەکەن و وەک بنەمایەکی سەرەکی کارکردنیان بەهێزی دەکەن.

نۆیەم: هیچ کەسێک بەهۆی رەخنەگرتن و رادەربڕینەوە، لە ئازادی بێبەش ناکرێت.

دەیەم: دەوڵەتی یاسا کە بە دەسەڵاتی سەربەخۆ و بێلایەنی داد پارێزراوە، لە سەرجەم بوارەکاندا وەک گارانتیکەری دادپەروەری، ماف و ئازادییەکان سەروەر دەبێت.

یانزەیەم: هەر کەسێک بانگەشەی پێشێلکردنی مافەکانی بکات، دەبێت بەبێ هیچ زۆر و زەحمەتییەک دەستی بگاتە رێگا کاریگەرەکانی یاسا. گەیشتن بە دادپەروەری، ماف و ئازادییەکان چەقی رێزگرتنە.


9 ئامانجە سەرەکییەکانی کارنامەکەش بەریتین لە:

یەکەم: سیستەمێکی بەهێزتری پاراستنی مافی مرۆڤ

دووەم: بەهێزکردنی مافی دادگاییکردنی یەکسان و سەربەخۆیی و داد

سێیەم: توانای پێشبینیکردن و شەفافییەتی یاسایی

چوارەم: پاراستن و پێشخستنی ئازادی ئاینی، رێکخستن و دەربڕین

پێنجەم: بەهێزکردنی ئاسایش و ئازادی تاکەکەسی

شەشەم: پاراستنی ژیانی تایبەت و بەها ماددی و مەعنەوییەکانی تاک

حەوتەم: پاراستنی مافی موڵکدارێتی بەشێوەیەکی کاریگەرتر

هەشتەم: پاراستنی توێژە لاوازەکان و بەهێزکردنی خۆشگوزەرانیی کۆمەڵایەتی

نۆیەم: هۆشمەندی کارگێڕی و کۆمەڵایەتی لە ئاستێکدا باڵا لە بابەتی مافی مرۆڤدا.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif