دڵشاد شهاب: پێویستە هەرێمی کوردستان هەست بە دڵنیایی بکات لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی

ليست هناك تعليقات



راوێژکارێکی سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، لەدوای 2014وە هەرێمی کوردستان سەختترین قۆناخی تێپەڕاندووە و "تازە بە تازە ئێمە بۆ ماددەی یاسایەکی دیکە ناچینە ژێرباری هیچ گوشارێکەوە".

سێ ماددەی پرۆژەیاسای دادگەی فیدراڵی کێشەیان لەسەرە کە تایبەتن بە میکانیزمی دیاریکردنی ئەندامانی دادگەی باڵای فیدراڵی، میکانیزمی کۆبوونەوەی دادگە، رێژەی یاسایی و چۆنێتیی بڕیاردانی دادگەکە، بڕیارە رۆژی دووشەممە ئەم بابەتە لە پەرلەمان یەکلایی بکرێتەوە، رەنگە بەبێ رێککەوتنی لایەنەکانی عێراقی ئەو پرۆژەیاسایە تێپەڕێندرێت، چونکە پێشتریش ئەزموونی وا هەبووە کە تاوەکو ئێستا دوو یاسا و بڕیارێک بەبێ کورد تێپەڕێندراون. ئەندامێكی کوردی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراقیش پێیوایە هەندێک لایەنی شیعە و سوننە بابەتی بودجەیان بە پەسندکردنی پرۆژەیاسای دادگەی فیدراڵییەوە بەستووەتەوە و کردوویانە بە کارتی گوشار.

دڵشاد شەهاب، راوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دیمانەیەکی میدیاییدا، لەبارەی پێشوازیکردنی هەرێمی کورستان لە دەستپێشخەرییەکەی مستەفا کازمی و پرسی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەسەر بابەتی بودجە و پرسی دادگای فیدراڵی رایگەیاند "هەموو هەنگاوەکانی هەرێمی کوردستان لەدوای رووخانی رژێمی لەناوچووی بەعسەوە تاوەکو ئەمڕۆشی لەگەڵدابێت، هەمیشە یان دەستپێشخەریمان کردووە بۆئەوەی گفتوگۆیەکی نیشتمانیی کراوە بە بڕوایەکی دروستەوە بکرێت، یان هەر کەسێک دەستپێشخەرییەکی کردبێت ئێمە پێشوازیمان لێکردووە. ئەمجارەش لەلایەن جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەت پێشوازی لەو دەستپێشخەرییە کراوە".

بە گوتەی دڵشاد شەهاب، مادام لە دەستووری عێراقدا سیستەمی حوکم لە عێراق سیستەمێکی فیدراڵییە، "واتە هاوبەشیکردنێکی راستەقینە، حیکمەت لە هەبوونی دادگەی فیدراڵیش مانای ئەوەیە مافی هەرێمەکان پارێزراوبێت، بۆیە دەبێت هەرێمی کوردستان هەست بە دڵنیایی بکات لە بڕیارەکانی ئەو دادگەیە. هەرکاتێک پێکهاتەیەکی دیاریکراو ویستی شتێک بەسەر پێکهاتەیەکی دیکەدا بسەپێنێت و دادگەش بگاتە بڕیاری کۆتایی، ترسی ئێمە لە مامەڵەکردنی ئەمدواییەی بەشێک لە لایەنەکان لەگەڵ پشک و شایستەکانی هەرێم لە بودجە و تێپەڕکردنی چەند یاسایەک بووە لە پەرلەمان بە زۆرینە و کەمینە".

بە بڕوای راوێژکارەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کورد هەرچەند کورسیی هەبێت "لە پەرلەمان لەکاتی دەرچوواندنی یاسایەکان بە زۆرینە و کەمینە ناتوانێت پارێزگاری لە خۆی بکات، بەڵام کاتێک لەسەر ئەوە رێککەوتین کە سیستەمی حوکم لە عێراق فیدراڵییە، ئەو بنەمایەمان بە گەرەنتی بۆ مافەکانی هەرێمی کوردستان زانیوە".

لەبارەی ئەوەی کە دەگوترێت هەندێک لایەنی شیعە و سوننە بابەتی بودجەیان بە پەسندکردنی پرۆژەیاسای دادگەی فیدراڵییەوە بەستووەتەوە و کردوویانەتە کارتی گوشار بۆسەر هەرێمی کوردستان، دڵشاد شەهاب ئاماژە بەوە دەکات "هێشتا ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە لە بەغدا هەیە بۆئەوەی بابەتێک بکرێتە گوشار".

لە بابەتی بودجەدا ئەو راوێژکارەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێیوایە "هەرێمی کوردستان بە دوو قۆناخی زۆر سەختدا تێپەڕی، کاتی خۆی لە ساڵی 2014وە کە هەموو شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بڕا، کە هیچ یەکێک لە بیانووەکانی ئێستا دەهێندرێنەوە ئەوکات لە ئارادا نەبوون، ئەوە روون بوو کە ئەمە بیرکردنەوەیەکی نادروستە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەو قۆناخە بە خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان و بە هەندێک لەو هەنگاوانەی کەوا حکومەت و حوکمڕانی بە تەبایی لایەنەکان بە تێکڕا ملیان دایەبەر، ئەو قۆناخە تێپەڕێندرا".

هەروەها باسی لەوەش کرد "ئێستاش دوای ئەوەی ئێمە سەختترین قۆناخمان تێپەڕاند کە هەموو خەڵکی کوردستان لە هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دڵنیایە لەوەی هەرچی لە ئەستۆی بووە کردوویەتی بۆئەوەی چارەسەری ئەو کێشانە بکات، تازە بە تازە ئێمە بۆ ماددەی یاسایەکی دیکە ناچینە ژێرباری هیچ گوشارێکەوە، بە دڵنیاییەوە ئەمە ناکەین".


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif