سەردانەکەی پاپا، سیاسەت و ئاین

ليست هناك تعليقات



فارس نەورۆڵی 
-
سەردانی پاپای ڤاتیکان لەم هەلومەرجە ناجێگیرەی عێراقدا، ئاماژەی زۆر لەخۆ دەگرێ بۆ ناوچەیەک پڕیەتی لە خوێنڕشتن و پێکدادان و نادادپەروەری، ئەو ناوچەیەش عێراقە. هەرچەندە سەردانەکەی لە بەرگێکی ئاینیدایە، لەبەر ئەوەی بۆ خاکی ئیبراهیم دێت، کە قبوڵکراوی هەرسێ ئایینەکەیە. پاپا کە مەرجەعی مەسیحی جیهانە، بووەتە هێمای ئاشتی بۆ جیهان ، بۆیە کاریگەری خۆی هەیە لەسەر سیاسەت و پێکەوە ژیانی ئایینەکان و دەیەوێ تێگەیشتنی هاوبەش لە نێوان ئاینەکاندا هەبێت.

بۆ ئەم مەبەستە لە مانگی ٢ دووی ساڵی ٢٠١٩ لە ئەبوزەبی ئیمارات، لەتەک ئیمامی ئەزهەر ئەحمەد ئەلتەیب وەک نوێنەری سوننە بەڵگەنامایەکی لێکتێگەشتنیان واژۆ کرد بۆ ئاشتی و برایەتی ئایینەکان، لەم سەردانەیدا بۆ عێراق لەتەک ئەوەی سەردانێکی مێژووییە بۆ پاپاو بۆ عێراق، لە ناوەڕۆکیدا چەند پەیام و ئامانجی سیاسی لەخۆ گرتووە. یەکێک لەو ئامانجانە سەردانی نەجەف بۆ واژۆ کردنی لێکگەشتنی مەسیحی و شیعەکان. ئەمەش لەلایەک سوننەی عێراق نیگەران دەکات،
چونکە گرنگیان پێنەدراوە لەم سەردانەدا. لەلایەکی دیکەوە قوتابخانەی قوم نیگەران دەکات، کە ئەم هەنگاوە پێگەی نەجەف لەبەرامبەر قوم بەهێز دەکات. ئەم سەردانەی پاپا هەر لایەک هەوڵدەدا بۆ بەرژەوەندی خۆی وەبەرهێنانی تێدابکات. لەنێوان هەرسێ پێکهاتە سەرەکییەکەی عێراق ( کورد ، شیعە ، سوننە) خاڵی بەهێز لای هەرێمی کوردستانە.
چونکە پاپا دێتە عێراق و سەردانی مەسیحییەکان دەکات و دەبینێ ژمارەی مەسیحییەکان لە عێراقدا لە مەترسییەکی ترسناکدایە. ژمارەی مەسیحییەکان، کە ژمارەیان لە ملیۆن و نیوەوە تا ساڵی ٢٠٠٣ گەشتووەتە نیو ملیۆن کەمتر بەتایبەتی دوای داگیرکردنی موسڵ لەلایەن داعش، زۆربەی شوێنە پیرۆزەکانیان تێکدراو دەربەدەرکران.

سەرەنجام هەموو ئەو مەسیحیانە لە هەرێمی کوردستان گیرسانەوەو کۆکرانەوە و بەحورمەتەوە داڵدە دران. لەهەمان کاتدا لەهەرێمی کوردستان مەسیحییەکان وئایینەکانی دیکە ئازادی تەواوی سیاسی وئاینی وکەلتورییان هەیە ، بۆیە دەکرێ هەرێمی کوردستان ئەو وێنەی پێکەوە ژیانی ئایینەکان لە کوردستان و پاراستنی مەسیحییەکان لە وێنای پاپادا جێگیر بکات. دڵنیام بەڕێز نێچیرەڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەو زمانە بەرزەی خۆی لە پرۆسەی دواندندا دەتوانێ پەیامی مەزڵومییەتی کورد بگەیەنێتە پاپا و واقیعی پێکەوە ژیانی ئایینەکان بە ئامادەبوونی نوێنەری هەموو ئایینەکان نیشانی پاپا بدات. هەرچەندە ئامانجی سەردانەکەی زۆر ڕوون نییە، دەرەنجامەکەی چییە، گرنگ ئەوەیە وەک هەرێمی کوردستان وەک هەرێم قسە بکەین، نەک هەریەک لەلایەک بۆ خۆی بڵێ، چونکە هەلومەرجی دوای سایکس بیکۆ وەک تۆفانەکەی نوح وابوو، ئەوەی نەچووە کەشتییەکەی سایکس بیکۆ وە خنکا، بەڵام کورد لەئەنجامی پەلەقاژەی خۆی وتەسلیم نەبون بەشەپۆلەکانی سایکس بیکۆ هەرچۆن بوو ،ڕاستە نەچووە کەشتیەکەی سایکس بیکۆ، بەڵام وە ک (عوجی کوڕی حەنەق)، کە تەنها مەخلوق بووە لە کەشتییەکەی نوحدا نەبێت و نەخنکێت و ڕزگار ی ببێت. کوردیش هەرچەندە دەوڵەتی بۆ دروست نەکرا ، بەڵام نەشخنکا و درێژەی بەمانەوەی خۆی دا.

ئێستاش لەم تۆفانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لەهاتنی پاپادا گرنگە پەیامی خۆی جێگیربکات لەزهنی پاپادا، هیوادارم ئەم دۆخە ترازاوەی ماڵی کورد، کاریگەری نەرێنی لەسەر پەیامی هەرێمی کوردستان نەبێت بۆ هاتنی پاپا. کەواتە بۆبەرژەوەندی باڵای کوردستان وئایندەی کوردستان تەنها پەیامی ئازاری کوردبوون بگەیەنینە پاپا وهیچی دیکە بۆئەوەی لەکەشتی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەجێنەمێنێین .


 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif