سەردانەکەی پاپا فرانسیس بۆ هەولێرو کێشەی کورد

ليست هناك تعليقات

سەلام عەبدولقادر
-
یەکەم جارە لە مێژوودا سەردانی پاپاڵ بۆ عێراق و کورستان دەکرێت. پاپا فرانسیسیش یەکەم جارە دوای 15 مانگ سەردانی دەرەوە دەکات. سەردانەکەشی بۆ وڵاتی عێراقە کە هەم مەترسی ئەمنی و هەمیش مەترسی کۆرۆنا هەڕەشەی گەورەن لەبەردەمیدا، بەڵام پاپا سوورە لەسەر سەردانەکەی. ئەمە هۆکارانەش وایکردووە سەرنجێکی زیاتری میدیای جیهانی بۆ سەردانەکە دروست ببێت.

سەردانەکە مێژووی دەبێت. لەوانەیە بۆ ساڵانێکی زۆر سەردانی لەم شێوەیە لەداهاتوودا دووبارە نەبێتەوە. پاپاش کەسایەتیەکی نێودەوڵەتی هەیەو سەردانەکانیشی بە تەنها کورت نابێتەوە لە پشتگیری و بینینی کریستیانەکانی وڵاتی سەردانکراو، بەڵکو دەکرێت دەستکەوتی سیاسیشی لێوەربهێنرێت.

پاپا خۆی بە تەنها نایەت. تیمێکی گەورەی دیبلۆماتکاری لەگەڵ دەبێت کە کاروبارەکانی بۆ رێکدەخەن و پەیوەندیەکانی بۆ سازدەکەن. سەردانەکەی پاپا بۆ هەولێر مانای جیاوازتری هەیە لە سەردانەکانی بۆ بەغدادو نەجەف و موسڵ. هەولێر شوێنی ژیانی زۆرێک لە کریستیانەکانی عێراقە، چ وەکو نیشتەجێی هەولێر یان ئەوانەی کە لەناوچەکانی تری عێراقەوە هەڵهاتوون و پەناگەیەکیان لە کوردستان دۆزیوەتەوە. ئەم راستیەش لای پاپا زانراوە، هەر بۆیە کۆبوونەوەی جەماوەریان بۆ سازدەکات.

بێ گومان حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەرکی گەورەی پاراستنی ئاسایش و میوانداری و رێکخستنی سەردانەکەی لەسەرە، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا پێشوازی لە پاپا فرانسیس نابێت بە تەنها کورت ببێتەوە لە چوارچێوەی دابین کردنی ئاسایش و رێوڕەسمی سیمبۆلی، یان لابەلاو بەدەمی باسی کێشەی هەرێمی کوردستان یان کێشەی کوردی لەگەڵ بکەن. حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت کێشەی نەتەوەی کورد چ لە چوارچێوەی عێراقداو چ لە چوارچێوەیەکی فراوانتردا بە دۆکیومێنت بکات و بەشێوەی نوسراو پێشکەش بە تیمە دیبلۆماتکارەکەی ڤاتیکان بکات کە لەگەڵ پاپادا سەردانی هەولێر دەکەن. بێگومان ئەوان کاری جدی لەسەر تەواوی وردەکاریەکانی سەردانەکەی پاپا دەکەن.

دامەزراوەی پاپاڵ لە ڤاتیکان دامەزراوەیەکی ئاینیە. بەڵام لەهەمانکاتدا بەدوور نیە لە سیاسەت. پەیوەندیەکان لەگەڵ ڤاتیکان و سەردانەکانی پاپا دەکرێت سوودو دەستکەوتی سیاسیشی لێ وەبەربهێنریت بەتایبەت کاتێک بابەتەکە پەیوەندی بە چەوساندنەوەو زەوتکردنی مافەکانی گەلانی ستەملێکراو دەبێت وەکو گەلی کورد. هەرێمی کوردستانیش پێویستە سوودێکی تەواو لەم هەلە مێژوویە وەربگرێت بۆ دروستکردنی پاڵپشتی زیاتر بۆدۆزە رەواکەی.




مامۆستای پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان
زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif